لاپەڕەی ئابووری
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، لە رێگەی سایلۆكانی كەرتی تایبەتەوە ئامادەكاریی دەكات بەمەبەستی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران، وەزیری كشتوكاڵیش ئاشكرایدەكات: «بۆ هەر تۆنێك گەنم بڕی 850 هەزار دینار دەدرێت، هەروەها بۆ گەنمی بنەتۆو 30 هەزار دیناری زیادە بە جووتیاران دەدرێت كە بۆ هەر تۆنێك دەكاتە 880 هەزار دینار».
500 هەزار تۆن گەنم لە ساڵێكدا
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی (سەعات 12)ی دەنگی گەلی كوردستان رایگەیاند: لە رابردوودا ئاستی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێم زۆر بوو، حكومەتی عیراقیش تەنیا بەشێكی كەمی ئەو گەنمەی لە جووتیارن وەردەگرت، سەرئەنجام كێشە و گرفتێكی زۆر بۆ پڕۆسەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران هەبوو، بۆیە بیرمان لەوەكردەوە لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە پڕۆژەیەكی نیشتمانی بۆ بە بازاڕكردنی گەنم لە (13) كارگەی جۆراوجۆر دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی هەموو ئەو بەرهەمانەی دەخرێنە ناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە، لە رووی كوالێتی و تەندروستییەوە، لەژێر چاودێری حكومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەكاندا بێت.
وتیشی: «لەو سۆنگەیەوە، بڕیاردرا بە دامەزراندنی سێ كارگەی گەورە لە پارێزگاكانی (سلێمانی، هەولێر و دهۆك) بەمەبەستی وەرگرتنی بڕی 500 هەزار تۆن گەنم لە ساڵێكدا، بە خۆشحاڵیشەوە ئێستا سایلۆكان ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران».
وەك هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق بە یەكەوە بەرنامەیەكی ستراتیژیمان هەیە و هەردوولا گفتوگۆمان كردووە، بۆ ئەوەی روبەڕووی كەمی گەنم نەبینەوە
وادەی كردنەوەی سایلۆكان ئاشكرادەكرێت
بەوتەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، هەرچەندە سایلۆكان لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام بەپێی ئەو گرێبەستەی كە خاوەنی سایلۆكان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵدا ئیمزایان كردووە، دەبێت ئەو سایلۆیانە گەنمی جووتیاران بە هەمان ئەو نرخەی كە وەزارەتی بازرگانیی عیراق دیاریكردووە وەربگرن، بەشێوەیەك بۆ ئەمساڵ بۆ هەر تۆنێك گەنم بڕی 850 هەزار دینارە، هەروەها بۆ گەنمی بنەتۆو بڕی 30 هەزار دیناری زیادەیان پێدەدرێت كە بۆ هەر تۆنێك دەكاتە 880 هەزار دینار.
لە درێژەی قسەكانیدا، بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاندووە: لەگەڵ رادەستكردنی گەنمەكەی، پێویستە لە كەمترین ماوەدا جووتیاران پارە و شایستە داراییەكانیان وەربگرن، ئەمە جگە لەوەی بڕیارمانداوە دەرگای سایلۆكانی كەرتی تایبەت لە رۆژی 1ی حوزەیرانەوە بكرێنەوە، هاوكات ئەو سایلۆیانەی عیراقیش كە لە رێگەی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمەوە گەنم وەردەگرن، لە رۆژی 25ی ئەم مانگەوە دەكرێتەوە، بۆیە جووتیاران دەتوانن لەو رێكەوتەوە گەنمەكانیان رادەست بكەن، سیڤی و پێداویستی و ناوی جووتیارەكانیش ئامادەكراوە و نێردراوە بۆ هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق و بازرگانیی هەرێم.
كۆمپانیاكان پابەندكراون
ئاماژەی بەوەشكرد: لە دوو ساڵی رابردوودا و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئێستاش بەهۆی جەنگی روسیا و ئۆكرانیاوە، بەرهەمی گەنم و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی كەمبۆتەوە، ئەمەش وایكردووە نرخی گەنم لەسەر ئاستی جیهان بەرزبێتەوە، بەجۆرێك زۆربەی وڵاتانی جیهان دەستیانكردووە بە هەڵگرتن و عەمباركردنی گەنم، بۆ ئەوەی روبەڕووی گرانیی بازاڕی دانەوێڵە نەبنەوە.
وتیشی: «وەك هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق بە یەكەوە بەرنامەیەكی ستراتیژیمان هەیە و هەردوولا گفتوگۆمان كردووە، بۆ ئەوەی روبەڕووی كەمی گەنم نەبینەوە، هەروەها لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بڕیاردراوە كە هاوكاری جووتیارەكانمان بكەین بە وەرگرتنەوەی گەنم بەهەمان ئەو نرخەی كە سایلۆكانی عیراق وەریدەگرن».
ئەوەشی روونكردۆتەوە: داوامان كردووە لە چوارچێوەی رێكەوتنەكەمان لەگەڵ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت (سایلۆ تایبەتەكان)، ئەو كۆمپانیانە پابەند بن بە پێدانی شایستە داراییەكانی جووتیاران لەكاتی خۆیدا، واتە كاتێك كە گەنمەكە رادەست دەكات، دواتر دەبێت جووتیارەكە پارەكەی وەربگرێت.