ماستەرپلانی كەركوك لە نێوان جێبەجێكردن و پشتگوێخستندا

08:56 - 2022-05-25
ڕاپۆرت
653 جار خوێندراوەتەوە
ماستەر پلان بۆ فراوانکردن و ئاوەدانکردنەوەی شاری کەرکوک ئامادەدەکرێت

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

ماوەیەكە لە كەركوك لیژنەیەكی ئەندازیاری پێكهێنراوە بۆ داڕشتنی ماستەرپلانی شارەكە، ماوەی شەست رۆژ بۆ جێبەجێكردنی پلانەکە دیاریكراوە بۆ ئەوەی شوێنەكانی سەوزایی و نیشتەجێ بوون و بازاڕو شەقام و مۆڵ و شوێنە گشتییەكانی تێدا دیاری بكرێت. 
لەماوەی حكومڕانی عیراقدا چەند جارێك كار بۆ ماستەرپلانی كەركوك كراوە، بەڵام شكستی هێناوە، لەکاتێکدا نەخشەرێگە یان ماستەرپلان  پێویستیە سەرەتاییەکانی پێش دروست بوونی شارێک و قۆناغەکانی ئاوەدانكردنەوەیەتی. 
 
فراوانکردنی شارەکە
عەبدولستار بەرزنجی سەرۆكی دەستەری وەبەرهێنانی كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لەساڵی 2007دا، لەلایەن دوو كۆمپانیای ئەمریكی ‌و بەریتانی پڕۆژەی ماستەرپلانی كەركوك دانرا، بەڵام بەداخەوە بە ئامانج نەگەیشت، ئەمجارەیان كۆمپانیایەكی ئەمریكی ‌و ئوردنی كار بۆ جێبەجێكردنی ماستەرپلانێكی تری كەركوك دەكات.
وتیشی: ماستەرپلانەكە بۆ فراوانكردنی شاری كەركوكە و دەوروبەرێتی لە چوارچێوەی رێگەی بەغدا، هەولێر، سلێمانی، لەیلان پڕۆژەكەش بۆ دیاریكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی نوێیە لەگەڵ دیاریكردنی كارگە و پانتایی سەوزایی و نەخۆشخانە و زانكۆ ئەهلییەكان كە زۆربەیان دەکەونە  دەرەوەی شاری كەركوك.
باسی لەوەشكرد، بەشێكی زۆر لە دەزگاكانی ناو پارێزگا و هەندێک لە كەسایەتییەكان بەشداریان لەجێبەجێكردنی ئەم ماستەرپلانە كردووە، بەڵام دەوەستێتە سەر ئەوەی تا چەند ئامانجی جێبەجێكردنی هەیە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئەو كەسانەشی  زیادەڕۆیان كردۆتە سەر موڵكی گشتی بەهیچ جۆرێك قەرەبوو نایانگرێتەوە، چونكە پێشووتر ئاگاداركراونەتەوە كە دەبنە شێواندنی ماستەرپلانەكە، بۆیە ماستەرپلانەكە لەو چوارچێوەیە كار دەكات تا هەڵەكانی رابردوو چاك بكاتەوە.

بەرەی توركمانی ناڕەزایی دەربڕیوە
عەدنان گەڵاڵی بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لیژنەیەك بە سەرپەرشتی د. مازن عەبدولوەهاب، مامۆستای زانكۆی كەركوك بۆ پڕۆژەی ماستەرپلانی كەركوك دیاریكراوە و پڕۆژەكە تا ساڵی 2035 بەردەوام دەبێت و رێژەی سەوزایی 1 % تا 14 %، بەرز دەكاتەوە و ماوەی شەست رۆژ دیایكراوە بۆ هەڵسەنگاندن ‌و تانەدان لە چكە، لەدوایدا لەلایەن دەستەی راوێژكارییەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەو كاتەش پڕۆژەكە بۆ بەغدا رەوانە دەكرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت بۆ جێبەجێكردنی.
وتیشی: ئێستا بەرەی توركمانی عیراقی ناڕەزاییان لەسەر ماستەرپلانی كەركوك دەربڕیوە و بەهەڵە لە ماستەرپلانەكە تێگەیشتوون.
باسی لەوەشكرد، ئەو ناوچانەی  ماستەرپلانەكە دەیانگرێتەوە پێكهاتوون لە كەنارەكانی چەمی خاسە، ناوچەی نیشتەجێبوونی باشووری كەركوك، ناوچەی عەلووە كۆنەكە، ناوچەی پیشەسازی و كشتوكاڵی نوێ، ناوچەی سەربازگەی خالید و دەروازەی كەركوك ـ سلێمانی، ناوچەی گەشتوگوزار و لە ناوچەكانی شۆراو و 
سەیادە و جەماسە.

ماستەر پلان لە چوارچێوەی بە عەرەبكردندا 
ئەندازیارێكی پڕۆژەی جێبەجێكاری ماستەرپلانی كەركوك نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە كوردستانی نوێی راگەیاند: كەركوك لە رابردوو و ئێستادا نەخشەڕێگەی تەلارسازی بۆ دانەڕێژراوە و بایەخی پێنەدراوە، رۆژ لەدوای رۆژ شارەكە كەوتووەتە بەر ئاستەنگی ئاوەدانكردنەوە و رەوتی پێشكەوتنەكان، كە ئەمیش خۆی دەبینێتەوە لە: پێگەی سیاسی و ئابووری، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانەوە نەتوانراوە بەرنامەی بۆ دابڕێژێت تا بچێتە راستەڕێگەی خۆیەوە، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكان بەتایبەتی حكومەتی بەعس كاری لەسەر بەعەرەب كردن کردووە كە ئەویش خۆی لە ماستەرپلانی راگواستنی لادێكان‌ و درووستبوونی گەڕەك و شارۆچكەی فرەچەشنی نەتەوەیی دەبینێتەوە، تا مەرامە سیاسی و سەربازییەكەی جێبەجێبكات ‌و لەبەرئەوە راستكردنەوەی نەخشەڕێگەی بەعس  كاری لەسەر كردووە زۆر بە ئەستەم راستدەكرێتەوە.
وتیشی: لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە هەوڵدرا ماستەرپلان بۆ نەخشەڕێگەی كەركوك دابنرێت، بەڵام بەداخەوە پڕۆژە و ئاوەدانكردەنەوەی نەخشەسازی چووە چوارچێوەیەكی ترسناكەوە ئەویش بە عەرەبكردنە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەرپرسانی شارەکە بە بێ نەخشەی تەلاسازی گەڕەکی نوێیان دروستکردووە ئەوەش کاریگەریی هەیە لەسەر تێکچوونی ماستەرپلانی شارەکە.

 بنەماکانی زەویناسی لەدەستداوە
رەوەند وەهاب ئەندازیار بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە ساڵی 1977 دا حكومەتی عیراق لەگەڵ كۆمپانیای دۆكساسی یۆنانی بۆ نەخشەسازی شارەكە ماستەرپلانێكیان ئامادەكرد، بەڵام لە چوارچێوەی سیاسیەتی بە عەرەب كردندا بەشێك لەو ماستەرپلانەی جێبەجێكرا و بەشی سەرەكی تاوەكو ئێستا بەجێبەجێ نەكراوی ماوەتەوە یان نەتوانراوە بە فەلسەفەی شوێن لەسەر گەڕەك و شوێنە گشتییەكان دابڕێژرێتەوە.

داڕشتنی جیۆپۆلۆتیكیی ناڕێك
وتیشی: ئەو «پارێزگارانەی» لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست نەیانتوانیوە بە ماستەرپلان كار بكەن، بۆ نموونە ئایا كەركوك ئەو هەموو پردەی پێویست بوو؟ پێویست بوو سەرجەم فەرمانگەكانی كەركوك لە كۆمەڵگەیەكی دیاریكراو لەیەك شوێن بوونایە نەوەك بەو پەرش و بڵاویەی ئێستا هەیە، یان شوێنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك پێویستی بەوە نەدەكرد لە شوێنێكی دەرەوەی شار بوایە، چونكە لەڕووی ئەمنیەوە سوودی بە دانیشتوانەكەی ناگەیەنێت، یان دروستبوونی ئەو هەموو گەڕەكانەی بەبێ بەرنامە بەبێ خزمەتگوزاری ‌و ئاو و كارەبا بۆتە ئاستەنگێكی گەورە، یان بێ بەرنامەیی لەوەدایە  شارێكی پیشەسازی گەورەیان لەسەر رێگەی لەیلان دروستكردووە، بەڵام هیچ بەرنامەیەكیان نییە بۆ راگواستنی فیتەر و پیشەوەران تا ئەو پاڵەپەستۆیەی لەناو شار هەیە كەمبكرێتەوە.
پێویستە لایەنی بەرپرس لە شارەکە كاربكات لەپێناو هونەری بیناكاری لە چوارچێوەیەکی ستراتیجی ئەمنی و نەتەوەیی و رەچاوی بنەما جیۆپۆلۆتیكەكانیان بكەن لە داڕشتنی زەوی لەسەر بنەمای  ئاو و خاك و خۆڵ و كەرەستەكانی ژێر زەوی، چونکە پێشكەوتنەكانیان لەچوارچێوەیەكی ئاسۆی و ستوونی ناڕێكدا گەشەیكردووە و گەلێك بنەمای زەویناسی لەدەستداوە كە لە دواڕۆژدا بەزیان بەسەر شارەكەدا دەشكێتەوە.

#كەركوك

بابەتە پەیوەندیدارەکان