راوچی و تۆپی پێ و ئەدەبیات

09:35 - 2023-11-28
وەرزش
228 جار خوێندراوەتەوە

ئاكۆ كەریم مەعروف




ئەم ناونیشانە بۆ سەرنج راكێشە؟، لەبەرئەوەی ئەم وەرزشە گوتارێكی قوڵی هەیە لەبارەی شتێكەوە كە چاوەڕوان ناكرێت، پانۆرامایەكە، یان هەروەك ئاماژەی بۆ دەكرێت درامایەكەو پاشان، تەنها وەرزشێكە كە هەست و هۆشی مرۆڤ دەجووڵێنێت بۆ ئارەزووە سەرەتاییەكانی. 
ئایا تۆپی پێ‌ لە كۆتاییدا سروتێك نییە بۆ راوكردن، وەك هەر راوچییەك تۆڕێك دەنێتەوە بۆ ئەو نێچیرەی راوی دەكات، یاخود گوتارێكە بۆ ناو قوڵایی هەستە شاراوەكانی مرۆڤ، ئایا تۆپەكە نێچیر نییە؟ ئایا تۆڕەكەی گۆڵپارێز راوەكە نییە كاتیێك نێچیرەكە كە تۆپە دەكەوێتە داوی؟، بەڵام ئەم راوە وەك تێبینی كراوە تەنها بە هەردوو پێ دەكرێت و لە راستیشدا راوێكی ئەستەمە.
بۆ نموونە تۆپەكە بابەتی راوە، هەموو یاریزانەكان راوچین، ئەمە كێشەكەیە كە ململانێیەکە لە چوار گۆشەیەكی سەوزدا روودەدات، ئەو كات دەبینین شوانی یاریگاكە ناوبژیوانە و پاسەوانەكانی تر كە یارمەتی ناوبژیوان دەدەن لەوەی غەدر لە نێچیرەكە نەكرێت كە تۆپەكەیە. سیحری تۆپ و یاریگا پەیوەندییەكی قوڵی بە رۆحی ئینسان و هەست و هەڵچەنەكانیییەوە هەیە،  لە یارییە گەورەكاندا هاندەران هەموو بیرۆكەیەك بەكاردەهێنن تا تیپەكەیان شكست نەهێنێت، ئەمە ژیانی هەموو كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە بە هەموو ئاستەكانەوە، تا دەگاتە ئەوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بەم سیحرەوە سەرقاڵبن. 
ژیانی یاریگای ئێمەش بێبەش نییە لە چیرۆكی خەمناك، بەڵام، پرسییارەكە ئەوەیە....  بۆچی لەناو ئەدیبانی كوردا راوچی یاریگاكانمان نییە، هەمیشە ئەو پرسیارە لەلام دروست دەبێت كە بوونی یاریگا بوونی كێشە و كۆمەڵگەیە، ململانێی نێوان دوو تیپە، ململانێی نێوان دوو جوگرافیایە، بە ماندووبوون و ئازارەكانەوە، بە كارتی زەردو سوورەوە، بە ڤارەكانەوە كە چاودێری دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڤارێكی ئەدەبیمان نییە پرسیارێكی لەسەر ئەو چوار گۆشە سەوزە هەبێت كە یاریگایە. 
ئەدیبان لەبارەی ئەم وەرزشەوە چی دەڵێن؟
*شاعیری ناودار، مەحمود درویش دەڵێت( نزیكترین كەس بۆ ئەدەب، یاری تۆپی پێیە).
*رۆماننوس ئەلبێر كامۆ دەڵێت(ئەوەی فێری بووم لە ئاكار و هەڵوێستەكانمدا، هەتا ماوم قەرزارباری یاری تۆپی پێم).
*واڵتە سكۆت دەڵێت ( ژیان بۆ خۆی بریتییە لە گەمەی تۆپی پێ).
*رۆماننوس نابۆكۆڤ دەڵێت (گۆڵپارێز تەنها نهێنییەكە، بەڵام كەسە تەم ومژاوییەكە بەرگریكارەكەیە).
*بەختەوەری ،چێژ ،دڵەڕاوكێ‌ پاشان هیوا و بێئومێد نەبوون، لە یاریگادا كۆدەبێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە هەروەك مەحمود درویش دەڵێت (جەنگێكی شەرافەتمەندانیە).
*ئیمبرتۆ ئیكۆ پێیوایە تۆپی پێ‌ ( ئەفیونی گەلانە). ئەو رۆماننووسەی چەندین توێژینەوەی هەیە لەسەر سیمائیاتی تۆپی پێ‌ كە لە زنجیرە وتارێكدا ساڵی 1990 چاپی كردووە.
*رۆماننوس ئۆرهان پاموك هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ لە كتێبی (بیرەوەرییەكانی شارێك) دا دەگێڕێتەوە كە چۆن چۆنی لەگەڵ باوكیدا رۆیشتوون بۆ سەیركردنی یاری تۆپی پێ، بە تایبەتی بۆ بینینی یارییەكانی یانەی فەنار باخچە.
*نووسەرێکی نەمساوی كتێبێكی تایبەتی هەیە لەسەر (ترسی گۆڵپارێز لە لێدانی پەنالتی).
*گابریل گارسیا ماركیز، گۆڵچی بووە لە یانەی ئاراكاتاكا.
*نەجیب مەحفوز یاریزان بووە.
نموونەی رۆماننووس و ئەدیبەكانی دونیا زۆرن، چێژیان لەم یارییە وەرگرتووە و تێبینی خۆشیان هەبووە، دووبارە ئەو پرسیارە دەكەمەوە بۆ ئەم ژیانە كۆمەڵایەتییە بە هەموو چیرۆكەكانییەوە لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا و بەتاییبەت ئەدەبیاتی گێڕانەوەدا نادیارە..؟.
  لەناو ژیانی ئەدەبی و سیاسی ئێمەدا زۆرن ئەو ناوانەی كە بوونەتە سومبلی بەرگریی و فێربوون و پەروەردەكردن، زۆربەیان مامۆستا و رۆشنبیر بوون، هەستێكی تێكەڵبوون لەنێوان هاندەران و بەرگریدا هەبووە، بەرگری لە تۆڕێك  كە نیشتیمان بوو، هێرش كردن بە هاواری هاندەرانەوە كە دوژمن بوو، ئەوەی لەیادم مابێت نەوەی ئێمە هەرگیز یاری نێوان یانەی سلێمانی- یانەی تەیەران لەبیرناكات كە چ هەرایەك لە سەرەتای یارییەكەداو كۆتاییەكەشیدا روویدا. 
بە كورتی لەناو چوارچێوەی سەوزایدا دوژمنكاری نییە، یارییەكە بۆ چێژو جوانی، بۆ كاتێك كە وێنەیەكی جوان ببینم و سەرسامبم، وێنەی هاندەران كە دڵخۆشن و ئەوانیتر كە غەمبارو دڵتەنگ، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا سیحری ئەم یارییە لەوەدایە، هەموو یاریزانێك هەست بەوە دەكات تۆ لەبەردەم تۆپی بازنەیی گەردوونیدایت، ئایا دەتوانیت راو بكەیت.
تێبینی ئەوە بكە بەردەوام بەرگریكارەكان غەمبارن، گۆڵكاران دڵخۆشن، گۆڵپارێزەكان نیگەران، گرنگ ئەوەیە لە یاریگادا راوی خۆت بكەیت، كە تۆڕەكەیە، ئیتر دۆست بێت یان دوژمن، لە هەمووشی گرنگتر ئامانجە، بردنەوە و سەركەوتن كە هەموو یاریزانێك بەو ئامانجەوە یاری دەكات و بەرپرسیارە لە هەموو هەڵەیەك كە راهێنەر پێیدەدات.
بە كۆڵی باوكمەوە بووم چووم بۆ سەیری پاڵەوانی زۆرانباز عەدنان قەیسی، لە یاریگای سلێمانی، كە چیتر ئەو كارەكتەرە ئەكتەرێكی سەیر بۆ دۆخێك كە هەموو بڕوایان بەوە دەكرد هاوتای نییە، چوار دەوری یاریگا پڕ بوو لە تەماشاكار، ئەوكاتیش هەر وێنەیەكت هەڵدەدایەوە عەدنان قەیسیت دەبینی، كە چۆن بە لێدانی ئەنیشك ركاربەرەكەی تەخت دەكرد، ئەم یارییە بابەتێك بوو بۆ دۆخێكی سیاسی، بۆ هەموو گەل، درووشمەكە بەو جۆرە بوو گەر وریای خۆت نەبیت بەمشێوەیە تەختی تۆڕەكە دەكرێیت.

 


#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان