دوێنێ، بە سەرپەرشتی رەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی، ئاسۆ مامەند سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی و كاندیدانی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، لە مەڵبەندی 18ی رۆژهەڵات لە قەزای داقوق، لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتیی سنوورەكە كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بۆ پاڵپشتیكردن لە كاندیدانی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا، رەفعەت عەبدوڵڵا، باسی لە دڵسۆزی و خۆڕاگریی كوردانی داقوق و دەوروبەری كرد و جەختیكردەوە كە «یەكێتی داكۆكی لە كوردستانیبوونی داقوق و كەركوك و سەرجەم ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە دەكات و لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆری بەخشیوە، دڵنیاشی كردنەوە كە بەهیچ شێوەیەك یەكێتی؛ سازش لەسەر خواست و مافەكانی كوردانی داقوق و دەوروبەری ناكات و بەرگرییان لێدەكات».
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، ئاسۆ مامەند، رایگەیاند: «بۆ ئەوەی پارێزگاری لە كوردستانیبوونی داقوق و دەوروبەری بكەین، دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا رۆڵی كارامان هەبێت و دەنگ بە كاندیدانی لیستی ١٤٢ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، بدەین و لەڕێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە دەسەڵات وەربگرینەوە و كۆتایی بەو ستەمە بهێنین، كە چەندین ساڵە رووبەڕووی داقوق و دانیشتوانە رەسەنەكەی دەبێتەوە».
لای خۆیانەوە كاندیدانی ١٤٢ی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، تەئكیدیانكردەوە كە دەبنە پارێزەر و بەرگریكارێكی سەرسەختی خواست و مافەكانی دانیشتوانی داقوق و دەوروبەری و ئەو ستەم و نادادییەی كە بەرامبەریان دەكرێت كۆتایی پێدەهێنن، بەتایبەتیش چارەسەركردنی كێشەی زەویوزاری جووتیارانی ناوچەكە.
PUKMEDIA