قایمقامی نوگرە سەلمان باس لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان و زوڵمی رژێم لە ئەنفالکراوان دەکات

10:22 - 2023-11-29
دیدار
439 جار خوێندراوەتەوە

عەلی موخلف-ی قایمقامی نوگرە سەلمان لەم دیدارەیدا  لەگەڵ کوردستانی نوێ، لەبارەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سنووری سەماوە و زیندانی نوگرە سەلمانەوە دەدوێت  کە شوێنی سەرەکیی کۆکردنەوەی ئەنفالکراوان بوو لە ساڵی ١٩٨٨دا، باسیش لە چەند بەسەرهاتێکی تری ئەوکاتە و بە تایبەتی دۆخی ئەنفالکراوان دەکات. 

دیداری: فوئاد عوسمان

لە 16/5/2023 کە رۆژی گۆڕی بەکۆمەڵ بوو، بە بەرنامەیەکی گونجاو لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوان و خەمخۆری کەیسی جینۆسایددا هاوڕێیەتی نزیکەی 300 کەسوکاری شەهیدانی ئەنفالکراودا چووینە سەر گۆڕەکانی (تل شیخیة) لە بیابانی نوگرە سەلمان، ئەو سەردانەم بە دەرفەت زانی تا بتوانم دیدارێک لەگەڵ قایمقامی نوگرە سەلماندا ساز بدەم و چەند پرسیارێکی گرنگی تایبەت بە ئەنفالکراوانی لەو سنوورە لێ بکەم، ئەویش جوامێرانە بەدەم داواکەمەوە هات و چەند روونکردنەوە و زانیارییەکی لەسەر گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ئەو خەڵکە روونکردەوە بەگوێرەی ئەوەی خۆی دەیزانێت.
قایمقامی نوگرە سەلمان، کەسێکی دیاری کۆمەڵایەتی ناوچەکەیە و هاوکارێکی باشی ئەو کەس و تیمانەیە، کە بۆ پرسی ئەنفال دەچنە ئەو سنوورە بۆ سۆراغکردن،، تەنانەت تا درەنگانێکی شەو لەگەڵ کەسوکاری ئەنفالکراواندا، لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان مایەوە و پێداویستی بۆ دابینکردن و لەسەردانیاندا بۆ زیندانی نوگرەسەلمان هاوڕێیەتی کردن.
گۆڕی بە کۆمەڵ لە (تل شیخیة)
*ئاخۆ ئەم شوێنەی کە ناوی تەل شێخییەیە گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانی لێییە؟
-بەڵێ پێموایە جگە لەو سێ گۆڕەی کە دۆزراونەتەوە و یەکێکان هەڵدراوەتەوە، زیاتر لە 10 گۆڕی تریش لەو شوێنە هەیە، ترسی ئەوەشمان هەیە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەکارهێنانی خاکەکەوە بە مەبەستی کشتوکاڵی، شوێنەواری ئەو گۆڕانە بزر ببن، بۆیە دواکارم لە لایەنە پەیوەندیدارەکان پەلە بکەن لە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە و زیاتر بگەڕێن بۆ دۆزینەوەی گۆڕەکانی تر، ئێمەش هەردەم هاوکاری هەموو ئەو تیم و لایەنانەین کە کار بۆ ئەم پرسە مرۆییە دەکەن. ئێمەش هەرچەند پێمان بکرێت، ئەو شوێنە دەپارێزین، بەڵام پاراستنی بەردوامی لە توانای ئێمەدا نییە و ئێمەش تواناکانمان دیاریکراوە،  چونکە ژمارەی گۆڕەکان لەو سنوورەدا زۆرن، ئاماژەی بەوەشکرد، کە جگە لەو گۆڕە بە کۆمەڵانە، گۆڕی تاک تاکیش هەن لە ناوچەکەماندا. 
زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ هەن هێشتا هەڵنەدراونەتەوە
*لە سنووری نوگرە سەلمان گۆڕی بەکۆمەڵی تریش هەیە، ئایا کەسانێک هەن شوێنی ئەو گۆڕانە بزانن؟
-هەرچەندە پڕۆسەی ئەنفال پڕۆسەیەکی گەورەی رژێم بوو، بەڵام لای ئێمە بە شێوەیەکی زۆر نهێنی ئەنفالکراوان دەهێنران و کۆدەکرانەوە و زیندەبەچاڵ دەکران، تەنانەت ئەوانەی لە پڕۆسەکەشدا بەشداربوون  زۆربەیان کوژراون، زۆر خەڵکیش هەیە، تائێستا دەترسن زانیاری لەسەر ئەو بابەتە ئاشکرا بکەن، هەندێکیشان بە نهێنی زانیاری دەدەن، بۆ نموونە من کەسێک دەناسم شوێنی گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەنفال دەزانێت و ئامادەیە رێنوینیمان بکات بۆ دیاریکردنی شوێنەکە.

لەو کاتەدا لەسەر داوای من قایمقام تەلەفۆنی بۆ ئەو کەسە کرد، بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵدا بکەین، کابرا ناوی موحسین شەلال بوو، پیشەی پاسەوانی سنوور بوو لە نوگرە سەلمان پێی وتین:
 ئامادەم شوێنی ئەو گۆڕەتان نیشان بدەم، منیش لە ڕێگای قایمقامەوە پێمگوت وەسفێکی ئەو گۆڕەم بۆ بکە، لەوەڵامدا وتی: گۆڕەکە لە شێوەی حەوزی ماسی دەچێت (ئەوەش هەمان وەسفی ئەو گۆڕانەیە کە دۆزراونەتەوە واتا بە پانی پێنج مەتر و درێژی هەشت  بۆ 10 مەتر و قووڵیی نزیکەی مەترێک)، گۆڕەکە 80 کیلۆمەتر لە سەماوەوە  دوورە لەسەر رێگەی نوگرە سەلمانە، لای راستی رێگە سەرەکیەکە بە دووریی هەشت کیلۆمەتر لە (گۆڕە بەکۆمەلەکانی تەل شێخییە دەکەونە لای چەپی رێگە سەرەکییەکە).
نیشانەی ستەم و زۆرداری 
*قەڵای نوگرە سەلمان بە نیشانەی ستەم و زۆرداری رژێمی بەعس دادەندرێت، وەکو سەرۆکی یەکەی ئیداریی لەو سنوورە چیتان کردووە بۆ پاراستنی ئەو شوێن و قەڵایە؟
-پێموایە، قەڵای نوگرە سەلمان، دەبێت بکرێت بە مۆزەخانەیەک تا هاوشێوەی باستیل-ی فەرەنسا جیهان  لێی بڕوانێت، ئێستا خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن، هەندێکیان یادەوەریی تاڵیان لەگەڵ ئەو ژوورانەدا هەیە کە رۆژانە تێیدا زیندانی بوون، هەندێکیش ئازیزترین کەسیان لێرە لەدەستداوە، قەڵاکەش بەهۆی بۆردومانی هاوپەیمانانەوە، بەشێکی رووخاوە و هەندێک شوێنی ناوەوەشی لەلایەن ئەو کەسانەوە کە سەردانی دەکەن، دەستکاری کراوە، بەڵام شوێنەوارەکانی رژێم لەسەر دیوارەکان هەر ماون، ئەو یادگارییانەی کە زیندانیانی ئەو باستیلەش نووسیویانە هەندێکی ماوە.
هەروەها وتی: ئێمە ناتوانین رێگری لە کەس بکەین بۆ سەردانی ئەو قەڵایە، هەوڵێکیش هەبوو بکرێتە بارەگای سەربازی، بەڵام رەتمان کردەوە، هەوڵدرا بدرێتە موجاهدینی خەڵک تا بیکەنە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، پەیوەندیمان بە نووسینگەی سەرۆک کۆمار (مام جەلال)ەوە کرد بۆ راگرتنی ئەوەش.
هەوڵەکان بۆ کردنی بە مۆزەخانە
*هیچ هەوڵێک هەبووە، یان هەیە تا ئەو قەڵایە بکرێتە مۆزەخانە؟
-بەڵێ ئێمە لە هەوڵەکانمان نەوەستاوین، ئەوکاتەی مام جەلال سەرۆک کۆمار بوو، نووسراومان کرد و رەزامەندیی لەسەر نۆژەنکردنەوەی دەربڕی، ئێمە وامان پێ باش بوو، ئەو شوێنانەی بەر بۆردومان کەوتوون وەکو خۆی چاک بکرێنەوە و ژوورەوەشی بێ ئەوەی شوێنەواری بگۆڕدرێت، چاکبکرێتەوە، کارمەندی بۆ دابمەزرێت تا چاودێری بکەن و بە شێوازێکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و ئێدارەیەکی باشی بۆ دیاریبکرێت، بەڵام بەداخەوە ئەو بابەتە نەکرا و دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال و کۆچی دوایی ئەو بابەتە پشتگوێ خرا.
خەڵکی زوڵم لێکراوبوون
*بەحوکمی ئەوەی لەم سنوورەدا ژیاون، هیچ یادەوەرییەکی سەردەمی ئەنفالتان لەبیرماوە؟
-بەڵێ بەتایبەتی خانەوادەکەی ئێمە، لەبیرمە خەڵک زۆر هاوخەمی ئەنفالکراوان بوون، بەڵام لەبەر زەبر و زۆرداریی رژێم، نەیان دەوێرا نزیکی ئەم پرسە ببنەوە، من برایەکم هەبوو ئەوکاتە تەمەنی 12 ساڵ دەبوو، لە پۆڵی شەشەمی سەرەتایی بوو، بۆی گێڕامەوە و وتی: هەندێک منداڵی ئەنفالکراوانیان هێنا، زۆر نەداربوون، جلی شڕیان لەبەردابوو، یەک لەوانەم لەگەڵ خۆمدا هێنایەوە ماڵەوە، کاتێ مەنجەڵی جێشتلینانی ئێمەی بینی، دەستیکرد بەگریان و وتی: ئێمەش هەمان مەنجەڵمان هەبوو، بەجێمانهێشت.
قایمقامی نوگرە سەلمان وتیشی: باوکم ئەوکاتە داوای لە سجنەکە کرد، هەندێک منداڵ بێنێـتەوە ماڵەوە و دەعوەتیان بکات، هەندێک جاریش باوکم خواردنی بۆ سجنەکە دەکرد و بۆی دەبردن،  بەڕاستی ژیانی ئەنفالکراوەکان خراپ بوو، زوڵملێکراویش بوون، ئێمە باشمان دەزانی ئەوانە خەڵکی بێدەرەتان و بێ چەکن و رەشبگیر کراون، بۆیە هەردەم خەم و سۆزمان بۆیان هەبوو.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان