پەیامی ئەمڕۆ: دەنگی کورد بە هەدەر نەدەین

11:41 - 2023-11-29
کوردستان
328 جار خوێندراوەتەوە

دەنگدەران بە دەنگەکانیان دەتوانن هێز و ئیرادەی خۆیان بەرجەستە بکەن و شێوەی حکومڕانی لە کەرکوک دیاری بکەن. ئیدارەی ئێستای کەرکوک ئیدارەیەکی ناکارا، گەندەڵ و خۆسەپێن، جیاکار و شۆڤێنی و شپرزەیە لە هەموو رووییەکەوە. 
ئیدارەیەکە تێیدا  کورد، کە زۆرینەی دانیشتوانە، بێ رۆڵ و بێ بەشدارییە، تورکمان و مەسیحی و تەنانەت عەرەبی رەسەنیش لەقاودراون لە چاو عەرەبی تەعریب بە کۆن و نێویانەوە. هیچ سەنگیان نەماوە. بە کورتی ئیدارەیەکە گوزارشت لە ئیرادەی خەڵکەکەی ناکات. ئیتر ئەم ئیدارەیە بۆچی باشە؟ بۆ ئەوە نەبێت. کە بە دەنگ و دیموکراسی رایماڵین و ئیدارەیەکی هەمەڕەنگ و ئیئتلافی بە سەرۆکایەتی پارێزگارێکی کوردپەروەر و کەرکوکیپەروەر بخەینە جێگەی؟
ئەم ئەرکە دیموکراتییە ، نەتەوەییە، نیشتمانییە، کەرکوکییە هەر بەخۆمان دەکرێت. هەر بە دەنگدان و دەنگ دابینکردن و دەنگ کۆکردنەوە دەکرێت.
جا هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی ژیرانەیە، هۆنینەوەی ورد و لەسەر خۆی دەنک دەنک مرواری دەنگەکانمان، دانە دانە و قلە قلەی هەناری دیموکراتییە تا نەرژێت و نەکەوێت و نەفلیقێتەوە لە ژێر پێی قەرەباڵەغی لیستەکاندا. ئەرکی واش هەر چوونە سەر سندوقی دەنگدان نییە، بەڵکو ژیری و زیرەکی بە هەدەرنەدانی دەنگەکانی کورد و دەنگەکانی دیموکراسییە.
ئەمەش هەر بە (هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) دەکرێت.
تەنها ئەم هاوپەیمانییە دەنگەکانمان نافەوتێنێت و خەساری ناکات. 
حەیفە بەناوی جیاجیاوە دەنگی زێرینی دەنگدەری کورد بە هەدەر بدرێت و بکەوێتە ژێرپێی قاسمی جەمع و تەرحەوە و بەس نەیاران کەڵکی لێوەر بگرن.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان #کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان