رۆژنامەی (العرب) راپۆرتێک سەبارەت بە سەردانەکانی سەرۆک بافڵ بۆ لای لایەنەکان بڵاودەکاتەوە

12:03 - 2023-11-29
کوردستان
405 جار خوێندراوەتەوە

״یەکێتی، بزاوتێکی سەرکەوتووی بۆ بارودۆخی کوردستان دەستپێکردووە״

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، بزاوتێکی هەمەلایەنەی دەستپێکردووە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی کاری حزبیی هاوبەش بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخەی ئێستا هەرێمی کوردستانی عیراقی تێدایە.
لەوبارەیەوە رۆژنامەی (العرب)ی چاپی لەندەن لە راپۆرتێکی هەمەلایەندا ئاماژەی بە جووڵە سیاسییەکانی سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە سەبارەت بە سەردانەکانی وەفدی یەکێتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئەمەش پوختەی راپۆرتەکەیە کە لە بڵاوکراوەی (المرصد)دا بڵاوکراوەتەوە:
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی جووڵەیەکی سیاسیی گرنگی دەستپێکردووە کە بریتییە لە پڕۆسەی پێکهێنانی بەرەیەکی حزبی بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو دۆخە ئیستیسنائییەی کە هەرێمی کوردستانی عیراقی پێدا تێدەپەڕێت، لە ئەنجامی تەنگژە سیاسییەکان و ئاستەنگە دارایی و ئابوورییەکان.
دروستکردنی جەمسەربەندی
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە کە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی هاوکاربووە لە یەکخستنی ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا و ئەوەش هێزێکی زیاتری پێ بەخشیوە تا بتوانێت جەمسەربەندییەک لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە تا سنوورێک بۆ هەژموونی تاکلایەنی بەسەر جومگە گرنگەکانی دەسەڵات لە هەرێمدا دابنێت.
هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە: «پێدەچێت ی.ن.ک سوودی لە تۆڕی پەیوەندییەکانی خۆی وەرگرتبێت لەگەڵ لایەنە سەرەکی و کاراکانی بەغدادا بە جیاوازیی ئاراستە و بیروبۆچوونیانەوە تا ئەوە ببێتە هەوڵێک بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی لە هەرێم و کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر هەرێمەکە».
وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن
ئەم هەوڵانەی یەکێتی لەدوای ئەو زنجیرە کۆبوونەوانەوە زیاتر چڕبوونەتەوە کە لەگەڵ (بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان) دا کردوونی، کە ئامانج لێیان دەربازکردنی هەرێمی کوردستانە لەو بۆشاییە دەستووری و یاساییەی تێیکەوتووە بەمەبەستی دیاریکردن و چەسپاندنی وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە وابڕیارە لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، لە کاتێکدا بڕیاربوو لە مانگی 10ی 2022دا ئەو هەڵبژاردنە بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی قووڵەوە لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکە دواخراوە.
هەڵبژاردنێکی جیاواز
بەگوێرەی راپۆرتەکەی (العرب)، بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە دەبێتە رووداوێکی جیاواز، بەهۆی جیاوازیی قانوونەکەیەوە کە بۆ یەکەمجارە لە ژێر چاودێریی حکومەتی فیدراڵیدا بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵی عیراقیش، وابڕیاربوو لەم مانگەدا دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەسەر ئەو کەیسە بدات، بەڵام بەهۆی بڕیاردان لەسەر لادانی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و پێدانی دەرفەتێکی زیاتر بە لایەنەکان بۆ رێکەوتن و لێکتێگەیشتن، بڕیاردانی لەو دۆسێیە دواخست بۆ سەرەتای مانگی 12ی ئەمساڵ.
لەبارەی ئەو جووڵە و سەردان و کۆبوونەوانەی یەکێتیشەوە، رۆژنامەکە لە زاری سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتییەوە رایگەیاندووە: کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکاندا راسپاردەی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتییە.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان