له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
(9)
(Creating Short Fiction) كتێبێكی نووسه‌ری ئه‌مریكایی ده‌یمۆن نایته (Damon knight))، (1922-2002). كه مامۆستای كڵاسی چیرۆكنووسین بووه و وه‌رگێڕی ئێرانی (مهدی فاتحی) به (داستان نویسی نوین) ته‌رجه‌مه‌ی كردووه، ماناكه‌شی (خوڵقاندنی كورته‌چیرۆك)ه. ئه‌م كتێبه زۆر وانه‌ی گرنگی تێدایه بۆ چیرۆكنووسان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن چیرۆكی نوێ بنووسن.
عه‌یب دۆزینه‌وه:
چیرۆكه‌كه‌ت هه‌میشه له ده‌ستی خۆتدایه، چۆن فیلت هێناوه‌ته ژووری میوان؟ (قه‌ت بیرت نایه‌ته‌وه له كوێوه هاتووه و چۆن له ده‌رگاكه‌وه هاتۆته ژووره‌وه) ئه‌م مناڵه ته‌مه‌نی چه‌ند ساڵه؟ بۆچی له لاپه‌ڕه دوو وه‌كو مناڵێكی پێنج ساڵ قسه ده‌كات و له لاپه‌ڕه سێ وه‌كو مێردمناڵێك قسه ده‌كات؟ پاڵه‌وانه‌كه‌ت كه كارمه‌ندێكی شه‌رمنی بانكه له‌ناكاو بۆ راوی شێر ده‌چێت بۆ دارستان؟ به پرسینی ئه‌م پرسیارانه له خۆت، له شه‌رمه‌زار بوون له به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تردا دوورده‌كه‌ویته‌وه.
تاقیكردنه‌وه:
زۆرجار ئه‌م رسته‌یه به نووسه‌رانی گه‌نج ده‌گوترێت "ئه‌وه‌ی ده‌یزانیت بینووسه". لێره‌دا خاڵێكی بچووك هه‌یه، پێم وایه ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌زموونی سێكسی و پێویستیان سنوورداره ده‌بێت له نووسین ده‌رباره‌ی عه‌شق و ژن هێنان دوور بكه‌ونه‌وه. یان ئه‌گه‌ر تۆ هه‌رگیز ئیشێكت نه‌بووه یان له‌وانه‌یه نه‌توانیت ده‌رباره‌ی كه‌سێك كه له كۆمپانیایه‌ك ئیش ده‌كات چه‌ند شتێك بنووسیت كه قه‌ناعه‌ت پێكه‌ر بن.
بۆ نووسه‌ر، زانینی ورده‌كاریی ده‌رباره‌ی شێوازی جل له‌به‌ركردن، قسه‌كردن و ره‌فتاری كه‌سه‌كان له‌شوێن و دۆخه جیاوازه‌كاندا، پێویسته. هه‌ر بۆیه به‌ڕای من ده‌ستپێكردنی نووسین له كاتی قوتابخانه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جیهانی واقیعی ده‌ره‌وه‌دا له په‌یوه‌ندیدا بین هه‌ڵه‌یه. هه‌ڵبه‌ته پێت وانه‌بێت كه ده‌بێت خۆت بۆ ئیشكردن له‌سه‌ر به‌له‌م، یان له كارگه‌ی ته‌خته‌بڕین، یان ده‌ڵاڵی له لاس ڤیگاس و ئه‌و ئیشانه‌ی له‌باره‌یانه‌وه كتێبت خوێندۆته‌وه، ئاماده بكه‌یت چونكه له هه‌ندێ كاتدا ئه‌م جۆره تاقیكردنه‌وانه، له‌ده‌ستدانی ته‌مه‌ن و سه‌رمایه‌یه.
مارك توه‌ین چیرۆكێكی كورتی ده‌رباره‌ی سوكانگری كه‌شتی هه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی شه‌ڕی ناوخۆ چیرۆكی هه‌یه و چیرۆكێكی تری هه‌یه ده‌رباره‌ی كرێكارێكی چاپخانه. مارك توه‌ین چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای به‌باشی ده‌ناسی و ئه‌و ناسینه ئامرازێك بوو بۆ نووسینی. به‌م پێیه پێش ئه‌وه‌ی ئه‌ركێكی وه‌كو نووسین بخه‌یته ئه‌ستۆی خۆت، ده‌بێت له‌ناو خه‌ڵكی ئاسایی‌دا بژیت و ئه‌زموونی باش وه‌رگریت. هه‌ڵبه‌ته له هه‌ر حاڵه‌تێكدا بێت ژیان خۆی ئه‌م ئه‌زموونانه‌ت پێده‌به‌خشێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بژارده‌یه‌كت هه‌یه، پێش ئه‌وه‌ی له‌باره‌یه‌وه شاره‌زایی په‌یدا بكه‌یت، بێگومان ده‌بێت به‌وردی بیری لێبكه‌یته‌وه. من ناڵێم ئه‌زموونی ده‌ستی یه‌كه‌م به‌س نییه، ژیان زۆر كورته و تۆ نا‌توانیت له یه‌ككاتدا، پارێزه‌ر، دكتۆر، بۆكسێنه‌ر، جووتیار و ماڵدار بیت. به‌ڵام ده‌توانیت فێر بیت چۆن ئه‌زموونی خۆت بۆ ره‌سمكردنی ژیانی كه‌سانی دی به‌كاربهێنیت. "ئه‌وه‌ی ده‌یزانیت بینووسه" به‌هه‌موو ماناكانییه‌وه به‌كاری بێنه و جێگا به‌تاڵه‌كانیش به زانیارییه‌كانی خۆت پڕ بكه‌ره‌وه.
لێكۆڵینه‌وه:
ئه‌گه‌ر بته‌وێت چیرۆك له‌باره‌ی شتێكه‌وه بنووسیت كه زانیاریت له‌باره‌یه‌وه نییه، پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به نووسین بكه‌یت ده‌بێت له خۆت بپرسیت له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه چه‌ند ده‌زانیت، له‌وانه‌یه چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكه‌یت بڵێم هه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌توانیت زانیاری به‌ده‌ست بێنه، به‌ڵام نه‌خێر، تۆ ده‌بێت ئه‌وه‌نده بزانیت كه چیرۆكه‌كه‌ت پێویستی پێیه‌تی نه‌ك زیاتر. ئه‌گه‌ر سنوور بۆ زانیارییه‌كان دانه‌نێت وه‌كو توێژه‌رێكت لێ دێت و كاتێ چیرۆكه‌كه‌ت نووسی، خوێنه‌ر هه‌ست ده‌كات پیره‌مێردێكی زۆربڵێ ده‌یه‌وێت به سووربوونی ته‌واوه‌وه هه‌موو زانیارییه‌كان به سرنج بكاته مێشكییه‌وه، له كۆتاییشدا چیرۆكێكی ساده و بێتام و درێژدادڕی لێ ده‌رده‌چێت.
نموونه‌یه‌ك: كاتێك من خه‌ریكی نووسینی چیرۆكی "پیاوێك له سه‌ره‌مه‌رگدا" بووم، پێویستم به شێوازێكی ماقوڵ و باوه‌ڕپێكراو بوو بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی كاره‌كته‌ره‌كه و نیشاندانی ژیانی، بۆیه فه‌رهه‌نگم كرده‌وه و به‌دوای وشه‌ی "گه‌شه‌كردن"دا گه‌ڕام، به‌ڵام زانیارییه‌كی كه‌مم، ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی بایولۆجیا و هۆرمۆن به‌ده‌ست هێنا هه‌ڵبه‌ته ئه‌و شتانه نه‌بوو كه ده‌مه‌ویست. هه‌تا ئه‌و كاته‌ی وتارێكم خوێنده‌وه كه هێڵكارییه‌ك تیایدا سه‌رنجی راكێشام كه له رێگه‌ی ئه‌وه‌وه وه‌ڵامه‌كه‌م ده‌سكه‌وت. ئه‌و هێڵكارییه نیشانی ده‌دا وزه یان هێزی ژیان له قۆناغی گه‌نجیدا زۆر زیاتره له قۆناغه‌كانی دیكه‌ی ژیان. له‌و قۆناغه‌دا كاتێك خانه‌یه‌ك ده‌ست به گه‌شه‌كردن ده‌كات وه‌كو چه‌ماوه‌یه‌كی نزیك ده‌چێت به‌ناو خۆیدا له‌و ماوه‌یه‌دا بچووك و بچووكتر ده‌بێته‌وه هه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی كه ئیتر گه‌شه ناكات. به‌م پێیه گه‌شه‌كردن له كاتی هه‌وكردندا، به‌ڵایه و نه‌خۆشییه‌كه چاك نابێت و مرۆڤه‌كه ده‌مرێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌و وتاره‌م نه‌خوێندایه‌ته‌وه و بمویستایه وه‌ڵامێكی ته‌كنیكی مه‌سه‌له‌كه بده‌مه‌وه، ده‌بوو سه‌د كتێب ده‌رباره‌ی گه‌شه‌كردن و جینه‌تیكی مرۆڤ و بیوكیمیا یان هه‌ر زانستێك كه وه‌ڵامی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌داته‌وه بخوێنمه‌وه، ئه‌وسا چیرۆكه‌كه ده‌بووه بابه‌تێكی ته‌واو زانستی و پسپۆڕیی و خوێنه‌ر تووڕی ده‌دا به‌بێ ئه‌وه‌ی تێیبگات، چونكه نه زانیاری ده‌رباره‌ی بیوكیمیا هه‌یه و نه‌پێویستیشی به‌وه‌یه بیزانێت، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌و باره‌یه‌وه لێكۆڵینه‌وه بكات كتێبخانه و شوێنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه له‌به‌رده‌ستیدان، به‌ڵام چیرۆك شوێنی ئه‌وه نییه. بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆك بنووسیت بڕی ئه‌و زانیارییه‌ی كه پێویستت پێیه‌تی زۆر نییه، به‌ڵام ده‌بێت له خستنه‌ڕوویدا شاره‌زا بیت. له لێكۆڵینه‌وه‌كانتدا سه‌ره‌تا ده‌بێت پرسیاری راست و دروست بكه‌یت. كاتێك (كه‌یت ویلهیلم) رۆماننووسی ئه‌مریكی ده‌یه‌ویست بزانێت به‌چكه‌ی نه‌هه‌نگ به ماوه‌ی چه‌ند له دایك ده‌بێت، كتێبی زۆری له‌باره‌ی نه‌هه‌نگه‌وه خوێنده‌وه و زۆر شت فێربوو، به‌ڵام هیچیان سوودی نه‌بوو وه‌ڵامی ده‌ستنه‌كه‌وت. پاشان چوو بۆ جێگایه‌كی به‌خێوكردنی نه‌هه‌نگ و به‌رپرسه‌كه‌ی سێ سه‌عاتی ته‌واو به‌بێ وه‌ستان قسه‌ی بۆ كرد، هه‌ڵبه‌ته كه‌یت له بیست ده‌قه‌ی یه‌كه‌می قسه‌كانی به‌رپرسه‌كه‌دا وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتبوو.
به‌كارهێنانی بنه‌ماكان:
هه‌ندێك جار بنه‌ما ده‌بێته هۆی سنوورداركردنی ئیشه‌كه‌ت. بۆ نموونه: ریتم و كێش و فۆرم له بنه‌ماكانی شیعرن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بته‌وێت دوو به‌یت بنووسیت، نابێت زیاتر یان كه‌متر بێت له چوار نیوه‌دێڕ. كاره‌كته‌ر و شوێن و بارودۆخ ره‌گه‌زه سنوورداره‌كانی چیرۆكن. ئه‌گه‌ر كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌ت كاره‌كته‌رێكی به ئاكار و ملكه‌چی قانوون بێت ناتوانێت زۆر شت بكات، بۆ نموونه ناتوانێت مافی كارمه‌نده‌كانی پێشێل بكات. یان ئه‌گه‌ر باكگراوندی تۆ له شارێكی بچووكی وه‌كو ئه‌ریزۆنایه كه‌واته كاره‌كته‌ره‌كه‌ت ناتوانێت وه‌كو خه‌ڵكی ملیۆنێر قسه بكات، ئه‌گه‌ر سه‌ده‌ی نۆزده بێت و كاره‌كته‌ره‌كه‌ت له‌ناو به‌له‌مێكدا له‌ناو سه‌هۆڵه‌كانی ته‌وه‌ری باكووردا گیری خواردبێت، ناتوانێت به ته‌له‌فۆن داوای یارمه‌تی بكات. هه‌رچه‌نده سه‌باره‌ت به كاره‌كته‌ر و شوێن و بارودۆخ زیاتر بزانیت زیاتر له قاڵب ده‌درێیت و سنووری زیاترت بۆ دروست ده‌بێت و بڕیاردان سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌شێت رووبدات قورس‌تر ده‌بێت. بۆ تاقیكردنه‌وه ته‌سه‌ور بكه ده‌ته‌وێت سه‌باره‌ت به بابه‌تێك كه حه‌زت لێیه چیرۆكێك بنووسیت و كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌ت له ساتێك‌دا پیاو بێت له ساتی دوای ئه‌وه‌دا ژن بێت، ده‌توانێت له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌مدا شاد بێت و له لاپه‌ڕه‌ی دووه‌م به‌شێوه‌یه‌كی دیكه ره‌فتار بكات. له‌وانه‌یه له سه‌ره‌تادا به‌و ئازادییه‌ی هه‌ته خۆشحاڵ بیت، به‌ڵام دڵنیابه دوای ماوه‌یه‌ك له‌و وه‌زعه ماندوو و بێزار ده‌بیت.
ئه‌وه‌ی كه‌متر بایه‌خمان پێدا ئه‌وه‌یه له راستیدا سنووردارییه‌كان تواناكان و هاوڕێكانتن، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بته‌وێت چیرۆكێك سه‌باره‌ت به كاره‌كته‌رێك بنووسیت كه زانیارییه‌كی كه‌مت له‌باره‌یه‌وه هه‌یه، نا‌توانیت ته‌سه‌وری ئه‌وه بكه‌یت ئه‌و كه‌سه ده‌توانێت چ كارێك بكات-بنه‌ماكان به كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان له‌وانه‌یه یارمه‌تییه‌كی باشت بده‌ن. بۆ روونكردنه‌وه‌ی بابه‌تەکە سه‌رنجی ئه‌م نموونانه‌ی خواره‌وه بده:
نموونه‌ی یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر كاره‌كته‌رێك له فه‌زایه‌كی ته‌خت و بێ كۆسپ و پێچ و په‌نادا بێت، ده‌توانێت بچێت بۆ باكوور، باشوور، خۆرهه‌ڵات، خۆرئاوا، بۆ ئه‌و رێگایه‌ی هه‌ڵیبژاردووه هیچ سنووردارییه‌كی نییه، به‌م پێیه له‌م حاڵه‌ته‌دا چیرۆكێك دروست نابێت چونكه کەرەسەی پێویستی نییه.
نموونه‌ی دووه‌م: كاره‌كته‌رێكی دیكه له‌به‌رچاو بگره كه كه‌وتۆته بیرێكه‌وه كه هه‌موو رێگاكانی لێگیراوه و سه‌ری بیره‌كه‌ش به به‌رد گیراوه، لێره‌شدا چیرۆكێك دروست نابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كه له‌قاڵب دراوه و ناتوانێت به‌ره‌و هیچ لایه‌ك بجووڵێت.
نموونه‌ی سێهه‌م: كاره‌كته‌ره‌كه كه‌وتۆته سه‌ر رێگایه‌كی پڕ پێچ و په‌نا. یه‌كێك له‌و رێگایانه‌ی ده‌توانێت هه‌ڵیبژێرێت به ئامانج ده‌گات و رێگاكه‌ی تریان ده‌گاته بن به‌ست، لێره‌دا سنووردارییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ن كه به‌سن، نه كه‌من نه زیاد و چیرۆكه‌كه ده‌توانرێت بنووسرێت.
سه‌رچاوه:
داستان نویسی نوین ص56-60