ژیریی دەستکرد هێشتا هۆشمەند نییە

10:15 - 2023-11-30
ئابووری
199 جار خوێندراوەتەوە
ژیریی دەستکرد تا ئێستاش نازانێ ئامانج لەو کارەی دەیکات چییە

فەیسەڵ عەلی



لەگەڵ ئەو هەموو پەرەسەندنانەی لە جیهانی ژیریی دەستکردا روویداوە و سیستمی زۆر ژیر و پەرەسەندوو دەرکەوتووە، هەروەها سیستمی ژیریی دەستکردی بەرهەمهێن کە بە زنجیرەی زەمەنی و لۆجیكێکی کوالێتی بەرزەوە وەڵامی هەموو پرسیارێک دەداتەوە، هێشتا مرۆڤ لەگەڵ رۆبۆت یان سیستمێکی ژیریی دەستکرد بێهۆش مامەڵە دەکات، ئەم سیستمانە هێشتا هۆشمەند نین بەوەی دەیڵێن یان دەینوسن یان بەرهەمی دەهینن تەنانەت ئەوەی دروستیشی دەکەن، ئەوانە بۆ ژیریی دەستکرد بریتین لە پرۆسەیەکی بەرهەمهێنی بێ ئامانج، بەڵام ئامانجدارە بۆ ئەوانەی سیستمەکانی ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن و بەڕێوەی دەبەن.

تۆ کێیت؟
لە قسەکردن سەبارەت بە هۆشمەندی، چەندین قوتابخانە هەن کە پێناسەی هۆشمەندی دەکەن، مشتومڕێکی زۆر لە نێوان فەیلەسوفەکاندا سەبارەت بە شیکردنەوە و پێناسەکردنی هەیە، با لێرەدا لەسەر ئەوە رێک بکەوین، کە سادەترین وێنای هۆشمەندی، هەموو ئەوەیە کە لە میانی هەستەکانتەوە دەیدۆزیتەوە، هەست بە سەرما و گەرما و نەرمی و زبری و شوێن و زەمان بکەیت، دەرک بە مانای وشەکان و لێکەوتەکانی و بەرەو کوێ دەچن بکەیت، دەرک بەوە بکەیت تۆ کێیت و لە کوێیت و بۆ چ مەبەستێک هاتویتە ئێرە، چەندین و چەندین شتیتر، بەڵام هەموو ئەوانە بەرامبەر بە دەرک پێکردنی ژیریی دەستکرد بە سادە و ئاسان دادەنرێت، بەرامبەر بەوەی بزانێ ئەو کێیە و توانا و ئامانجەکانی چین.

لە ململانێداین
ئەگەر ژیریی دەستکرد خۆی بناسێ، تێدەگات ئەو بەرنامەیەکە و مرۆڤ بۆ مەبەستی هەمەجۆری باش و خراپ پەرەی پێداوە، ئەگەر تواناکانی خۆی بزانێت، تێدەگات کە ئەو زیرەکترینە، مانەوە بۆ ژیرترینە. ئەگەر ئامانجەکانی دیاری بکات، مەترسیی رەوشەکە لێرەوە دەست پێدەکات، ئێمە لەسەر زەوییەکین، هەر لە دروستبوونەوە لە ململانێداین، هەر کە هەستی بە مەترسی کردووە هەوڵی کۆتایی هێنانی داوە یان هۆکارەکانی بوونی ئەو هەڕەشەیەی لەناوبردووە. 
لەگەڵ ئەوەی دەشێ کۆک بین لەسەر ئەوەی ژیریی دەستکرد هاتووە تا لە زۆر پرسدا هاوکارمان بێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا کۆک دەبین لەسەر ئەوەی لە زۆر شوێندا جێمان پێ لێژ دەکات، ئەمەش وا دەکات هەندێک رەتی بکاتەوە یاخود دژایەتی بکات، ژیریی دەستکرد ئەگەر هۆشمەند بوایە، دەرکی بەوە دەکرد لەبەردەم جەنگی بووندایە، لەناو دەبات یان لەناو دەبرێت، ئەگەر ئێمەی مرۆڤیش داوا لە ژیریی دەستکرد بکەین مرۆڤایەتی رزگار بکات، بەهانەکەشی مرۆیی نییە، دەشێ باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی گرتنەبەری هەمان رێچکەی نازییەکان بێت، کاتێک نەخۆش و پەککەوتەکانیان کوشت تا نەوەیەکی بەهێز بەرهەم بهێنن، ئەمە یەکێکە لەو سیناریۆیانە، دەبێ چەند سیناریۆ و گریمانەی قوڵ و زۆر ئاڵۆزتریش هەبێت؟

باشترین شێوازی بەکارهێنان
لەگەڵ ئەوە بەرنامەڕێژان و پەرەپێدەران و دروستکەرانی ژیریی دەستکرد کۆکن لەسەر ئەوەی ژیریی دەستکرد هۆشمەند نییە، بەڵام هیچ رێگرێکی تەکنیکی و ئەخلاقی لەبەردەم هۆشمەندبوونیدا نییە، ئێمە بە خێرایی هەنگاو دەنێین تا ئەو سیستمە هۆشمەند بکەین و دەرک بە هەموو دەوربەری خۆی بکات، ئەمەش هەوڵێکی مرۆڤە تا بە باشترین شێواز ژیریی دەستکرد بەکاربهێنین، لە هەموو بڕگە و جومگەکانی ژیانماندا هاوبەشی پێ بکەین، کە لێی دەخوازرێت دەرک بە هەموو شتێکی دەوروبەرت بکات، ئەمەش وای لێدێت، رۆژێک بە خەبەر دێین دەبینین سیستمی ژیریی دەستکرد تەواو هۆشمەندە و هۆشی تایبەت بەخۆی هەیە و لە دەست دروستکەرانی و پەرەپێدەرانی دەرچووە.

پرسیاری دروستبوونی گەردوون 
پەرەپێدەرانی ژیریی دەستکرد، لە داهاتوودا ناچار دەبن هۆشێکی تایبەت بە سیستم و رۆبۆتەکانیان دروست بکەن، تا بتوانن ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکەن کە رۆبۆتەکانی ئێستا ناتوانن بیکەن، چونکە ئەوان لە پەرەپێدانی سیستمەکانیان راناوەستن تا تەواو بە جیهانی دەوروبەر و ژینگەکەی هۆشمەند دەبێت، ئەو سیستمانە بەرامبەر بە پرسیاری وجود هەڵوەستە دەکەن و بە رێگەی تایبەت هەوڵی وەڵامدانەوەی دەدەن، پرسیاری لە دروستبوونی گەردوون و ئەو دەرئەنجامانەی مرۆڤایەتی بە ئێستای گەیاندووین دەکەن، ئەوکات جیهانێکی تایبەت بە هۆشمەندیی و یاسا تایبەتییەکان بۆ خۆی پێک دێنێت.
رەنگە ئەوەی لە هەموو ئەوانیتر زیاتر جێی ترس و دڵەڕاوکێی هەموان بێت، ئەوەیە کە رۆبۆتەکان هۆشیار بنەوە و ئاگاداری هەموو ئەوەی دەیڵێن و دیکەن و پلانی بۆ دادەڕێژن ببن، ئەوکات ئەوان نەک هەر لەدەست ئیرادە و ئیدارەی ئێمەی مرۆڤ دەردەچن، بەڵکو جیهانێکی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن و تێیدا پەرەدەستێنن و راهێنان دەکەن و فێردەبن و شارەزایی لە ئەزمونەکانی خۆیان وەردەگرن، ئەزموونەکانی ئەوان بە دیاریکراوی ئایندەی ئەوان و ئێمەشی لەگەڵدا دیاری دەکات.

چۆن و بۆچی لەناوماندایە
لەگەڵ ئەوەی هۆشمەندیی ژیریی دەستکرد هاتووە و هیچ گومانێکی تێدا نییە، بەڵام دەرفەتێک هەیە کە ئێمە راهێنان بە ژیریی دەستکرد بکەین تا لەگەڵ ئامانجی ئایندەیی مرۆیی بیگونجێنین، بەڵام ئیمە وەک مرۆڤ ئامانجی ئایندەیی دژ بەیەکمان هەیە، دەبینین خەڵک هەیە پەرە بە ژیریی دەستکرد دەدات تا خزمەت بە ئایندەی بەرژەوەندییەکانی بکات، هیتریش هەیە، رێک بە پێچەوانەی ئەو مامەڵە لەگەڵ ژیریی دەستکرد دەکات، ئەمە مەترسیی گەورە دروست دەکات و وا دەکات ئایندەی مرۆڤایەتی بکاتە بارمتەی ژیریی دەستکردی هۆشمەند، هۆشمەند بەوەی چۆن و بەچی و بۆچی ئەو لەناوماندایە و دەتوانێ چیمان لێ بکات و چیمان لەگەڵ بکات؟ 

بابەتە پەیوەندیدارەکان