دیكارت دامەزرێنەری فەلسەفەی مۆدێرن

09:37 - 2022-05-25
کەلتور
828 جار خوێندراوەتەوە
دیكارت

ئامادەكردنی: كامۆ حەوێزیی

بۆ قسەكردن لەسەر فەلسەفە و رەهەندەكانی و تاوتوێكردنی بیر و بۆچوونەكان لە قۆناغەكانی مێژووی مرۆڤایەتیدا، پێویستمان بە قاڵبوونەوەیەكی زۆر و زەوەند دەبێت، بەشێوەیەك لێرەدا جێگای ئەوە نیە بكەوینە وردكردنەوەی ئەو دید و بۆچوونانە، بەڵام ئەوەی پێویستە لێرەدا هەڵوێستەی لەسەر بكەین و سەرەداوی مەبەستمانی لێوە دەربخەین، ئەوەیە كە گۆشەنیگامان بخەینە سەر ئەو بیروبۆچوون و فەلسەفانەی كە ئەمڕۆ بە فەلسەفەی هاوچەرخ و مۆدێرن ناو دەبرێن، لەمەشدا ناكرێت گرنگترین سەرچاوە و سەرهەڵدانی ئەم فەلسەفەیە نەگێڕینەوە بۆ دامەزرێنەر و بناغەداڕێژەری راستەقینەی خۆی، كە بێگومان ئەویش»رینە دیكارت» ی فەیلەسوفی مەزن و سروشتناس و بیركاریزانی فەرەنسییە.
فەلسەفەی عەقڵانییەتی دیكارت لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێت كە نایەوێت تەنها بە گریمانە و تاقیكردنەوەی سادە شتەكانمان پێ‌ بسەلمێنێت و دڵنیایمان لا دروست بكات، بەڵكو ئەو دەیەوێ‌ لەرێگەی گومانەوە پەی بە راستییەكان بەرین و تەنانەت گومان لە بوونی خۆشمان بكەین، تا كاتێك بە تەواوی بەسەر حەقیقەت و یەقیندا دەكەوین و گومانەكان دەڕوێنەوە و دەبنە راستی حاشا هەڵگر.

دیكارت و بەرنامە عەقڵانییەكەی
بەرنامە بریتییە لەو رێگا پێویستەی كە لە توێژینەوەی عەقڵیدا دەگیرێتەبەر، گرنگیدان بە بەرنامە و چاودێریكردنی دائەنرێت بە جیاكارەوەیەك لە جیاكارەكانی سەدەی حەڤدەهەم، چونكە بیرمەندانی ئەو سەردەمە باوەڕیان بە سوود و قازانجەكانی بەرنامە و كارلێكردنەكانی لەسەر زانستەكان و ژیانی رۆژانە و هەموو رۆڵەكانی مرۆڤایەتی هەبووە، بۆیە هاملان ئاماژە بۆ هۆكاری ئەمە دەكات و دەڵێت: خەڵكی ئەو سەردەمە لە كاتی تەمەنداری و چوونە نێوساڵەوە، دەچنە ژێباری ملكەچ كردن بۆ دەسەڵاتەكان لە فەلسەفەدا، بەڵكو هەندێ‌ جار ئەمە لەبیر و بۆچوونی هەموو خەڵكیدا دەچەسپێت و دەچێتە ئەو بیرو باوەڕانەوە كە هەرچییەك بن، بێگومان ئەمەش هەر چونێك نەبێت شتێكیان لا دروست دەكات، كە دڵنیایی و ئۆقرەیی خۆیانی پێ‌ دابین دەكەن، بەرنامەش دەبێتە كەفیلی ئەمە هەرچەندە ئەوانیش فیكر و بۆچوونیان لە بارەی ئەو بەرنامەیەوە دەوڵەمەند نەبێت، دیكارت ئەوەی بەچاوی خۆی دەبینی كە توێژینەوە و لێكۆڵینەوە لە بەرنامە بریتییە لە گرنگترین كێشەكان و پێویستی بە یارمەتیدان و چاودێری كردن لە بەجێهێنانی ئەركەكانی فەیلەسوفدا هەیە، بۆیە لە سەرەتاوە دەیویست وا بكات، لە چاكسازییە فیكرییەكەی پەی بە رێگایەك بەرێت تا بە هۆیەوە بگاتە سەر مەعریفەی حەقیقەت، بە هۆی ئەو رووناكیە بۆماوەییەی لە ئاوەزی هەموواندا پەخشكراوە، ئەویش رووناكیی عەقڵ و ئاوەزە، دیكارت لە بەرنامەی فەلسەفەی كەلامی رازی نەبوو، واتە تەنها بەقسەكردن بێت.

بە هەموو ئەمانەدا دەردەكەوێت كە دیكارت ئامانجی ئەوە نەبووە بەرنامەكەی بە كورتكراوەیی تەنها بەسەر زانستێكی وەك بیركاریی بچەسپێنێت، بەڵكو ویستوویەتی بەرنامەیەكی گشتیی بێت و بتوانێت بەسەر هەموو زانستەكاندا بیچەسپێنێت، بەڵگەش بۆ ئەوە لێرەدا ناونیشانی كتێبەكەی بەم جۆریە «وتارێك لە حەقیقەتی ناو زانستەكانەوە» لەبەر ئەوەی زاكیرەی وا راهاتووە داواكاریی بەرنامەیەكی راست بەرهەم بێنێت و لە توانیادا بێت بۆ زانستەكانی تری بگوازێتەوە، لەوانەیە لەسەرەتای كارەكەدا ئەو هەوڵانە خەیاڵی بێت، بەوەی كە مەحاڵ بێت گێڕانەوەی هەموو شتەكان بۆ حساب» ژمارە» بێت، یاخود هاوكێشە ئەخلاقی و رەوشتییەكان یاخود میتافیزیكییەكان بگەڕێنرێنەوە بۆ هاوكێشە جەبرییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەگونجێت چارەسەری كێشە جیاوازەكان بكرێت بە چارەسەرێكی بیركاریانە. بۆ ئەوەی خوێنەری ئێمە زیاتر لە رۆشنبیریی گشتیی دیكارت تێبگات پێویستە بە وردی بابەتەكانی ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە بەسەر بكاتەوە، بەمەرج ئەوانەی مەیلی خوێندنەوەی بابەتی فەلسەفییان هەیە، بێگومان دەبێ‌ پاشخانێكی فیكریی و مەعریفییان هەبێت و بە قوڵیی لە فەلسەفە تێبگەن، هیوادارم ئەم بەرهەمەی بەردەستتان بەسەر بكەنەوە و دەكرێ‌ ئێوەش قسەی جیاوازتان لەسەری هەبێت، بەتایبەت شتهایەك كەمن لەم نووسینە كورتەدا نەمتوانیوە بەسەری بكەمەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان