راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
لەیادی 43 ساڵەی شەهید بوونیدا ، پێش نیوەڕۆی 18/11/2023 لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، رێوڕەسمێک بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی (دیوانی جەمیل رەنجبەر) بەڕێوەچوو كە بریتییە لە كۆی بەرهەمە شیعرییەكان و ژیاننامە و چەند دەستنووسێكی شیعری و وێنەكانی شەهید جەمیل رەنجبەر كە دیوانەكە لەلایەن خاتوو سەعادەت محەمەد ساڵح هاوسەری شەهید رەنجبەرەوە ئامادەكراوە.
لە رێوڕەسمەكەدا هاوسەر و هەر سێ كچی شەهید رەنجبەر و ژمارەیەكی زۆر لە نووسەران و شاعیران و هاوڕێیانی شەهید ئامادەیبوون، لە سەرەتادا نووسەر و رۆژنامەنووس محەمەد گۆران باسی لە چۆنییەتی دەستنووسەكانی شەهید و پاراستنیان لەلایەن هاوسەری شەهید كرد و وتیشی: پێشتر دوو جار دیوانی شەهید جەمیل رەنجبەر چاپكراوە، بەڵام ئەمجارە هاوسەر و كچە گەورەكەی شەهید خۆیان سەرپەرشتی رێكخستن و چاپكردنی چاپی سێیەمیان كرد.
پاشان هەرەوەزی كچی شەهید رەنجبەر وتەیەكی پێشكەش كرد و وتی: ئەم رۆژە بۆ من رۆژێكی زۆر تایبەتە كە دیوێكی یادی شەهیدبوونی باوكمە كە رۆژێكی ناخۆشە، دیوەكەی تر زۆر خۆشە كە لەو رۆژەدا ئەو دیوانەم بە پوختی پێشكەش بە رۆحی باوكم كرد.
لە چەندین بواردا شارەزا و لێهاتوو بوو
دواتر مامۆستا سابیر گۆران برای شەهید جەمیل و چەند نووسەر و رۆژنامەنووس و هاوڕێ و دۆستێكی شەهید باسیان لە ژیانی رەنجبەر و یادگارییەكانیان لەگەڵی و تێكۆشانی ئەو كەڵە پیاوە كرد و پاشان د. مەجید حەمەدئەمین لێپرسراوی مەڵبەندی 3 ی هەولێر ی.ن.ك چەپكە گوڵی رێز و وەفای ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هوشیاریی یەكێتیی نیشتمانی کوردستانی پێشكەش بە هاوسەری شەهید كرد.
وەكو لە كتێبەكەدا هاتووە شەهید جەمیل رەنجبەر ناوی تەواوی جەمیل ساڵح عەزیز – ە ساڵی 1948 لە گوندی (گۆمەگڕوو)ی پارێزگای هەولێر لەدایكبووە، لە تەمەنی منداڵی لەگەڵ خانەوادەكەی بە مەبەستی نیشتەجێبوون دەچنە شاری هەولێر و قۆناغەكانی خوێندنی سەركەوتووانە بڕیوە و لە كۆتاییدا خانەی مامۆستایانی تەواو كردووە، رەنجبەر یەكێكە لەو تێكۆشەرانەی لە چەندین بواردا شارەزا و لێهاتوو بووە كە لەپاڵ ئەوەی تێكۆشەرێكی كوردایەتی بووە، مامۆستا و شاعیر و پێشمەرگە و رێبەرێكی سیاسیش بووە، بەڵام بە هۆی خزمەتكردنی بە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان دوو جار تووشی زیندان و ئەشكەنجە بووە و بەشداری هەر دوو شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێی گەلەكەمانی كردووە، لە كۆتا جاری زیندانیکردنیدا حوكمی موئەبەدی بۆ دەرچوو، بەڵام بە هۆی لێبوردنی گشتی ساڵی 1980 ئازاد كراوە و هەمان ساڵ دەبێتە پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ و رێبەری سیاسی هەرێمی 5ی ئەو كاتەی هەولێر، بەڵام بەداخەوە لە 18/11/1980 ئەو كەڵەپیاوە لەگەڵ ژمارەیەك پێشمەرگە دەكەونە بەر هێرشی هێلیكۆپتەرەكانی رژێمی بەعس و لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەك شەهید دەبن، ئەو کات تەمەنی 32 ساڵ بووە.
چەندین ساڵە لەدڵیدا هەڵگیرتوون
دوو پێشكەشی بۆ دیوانەکە نووسراوە، پێشەكی یەكەمیان لەلایەن خاتوو سەعادەتی هاوسەری شەهیدەوە نووسراوە كە تێیدا باس لە هەندێ نهێنی خۆی لەگەڵ شەهید دەكات كە چەندین ساڵە لەدڵیدا هەڵگیرتوون و دەڵێت: لەهەر سەردانێكم بۆ لای جەمیل لە بەندیخانە نە بەدەست بەتاڵی دەڕۆیشتم و نەبەدەست بەتاڵی دەگەڕامەوە، جگە لە پێداویستی تایبەتی خۆی وەكو دەفتەری تەجلیدكراو و قەڵەم و كتێب، هەندێكجار داوای كتێبی قەدەغەكراویشی لێم دەكرد كە بۆی ببەمە بەندیخانە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای پێدوایستی هاوڕێكانیشی لە زیندان لێم دەكرد، لەكاتی گەڕانەوەشم دەستنووس و كاغەزی نووسراوی دەدامێ و منیش دەمخستە ناو قۆنداخەی منداڵە بچووكەكانم.
هەروەها وتی: رەنجبەری هاوسەری پێش شەهیدبوونی وەسییەتی بۆ كردبوو پێی وتبوو (سەعادەت پێش هەموو شت شیعرەكانم ئازاد كە) وتیشی: ئەو كارە ئەركێكی گەورە و پیرۆز بوو بۆ من كە دوای شەهیدبوونی بەردەوام هەستم دەكرد جەمیل لێمانەوە نزیكە و هەردەم لەگەڵمانە و هەستم بەبوون و ورەی جەمیل دەكرد كە دوای كۆچكردنی چوار كچی بۆم بەجێهێشت كە ئەوانیش (هەرەوەز و هەریار و بوێر) و دەستنووسە شیعرییەكانی بوون، دەستنووسەكانی نۆبەرەی من بوون، وەكو كیژەكانم خۆشم دەویستن و لەگەڵیان شەونخونی و ماندوبوونی زۆرم بینیوە و دوای شەهیدبوونی بەهەموو شێوەیەك پاراستوومن.
شیعرەكانت ئێستا ئازادن
خاتوو سەعادەت ئەوەشی ئاشكراكرد لەبەر ئەوەی ماڵەكەیان لەسەردەمی بەعس هەمیشە لەژێر چاودێری دائیرەی ئەمندا بوو، بۆیە ناچاربووە بە ئاهوفرمێسكەوە ئەو هەموو كتێبانەی كتێبخانەكەی جەمیل بسووتێنن، وتی: بەڵام هەرچی دەستنووسەكانی بوون لەبەر ئەوەی ئەمانەتی منی كردبوو بە شێوازێكی تایبەت هەموویم پێچایەوە و لەناو باخچەی ماڵی دایكم ناشتم و جارجارە دەرم دەهێنا و شوێنم دەگۆڕین تا شێی زەوی كاریان تێنەكات، تا راپەڕین ئەوە كاری من بوو، دوای ساڵی 1991 وتم بەهەر شێوەیەك بێت دەبێت شیعرەكانی جەمیل چاپ بكرێت و بەزووترین كات بكەوێتە دەستی خوێنەران، ئەوەبوو ساڵی 1996 توانیمان ئەو دیوانە بە چاپ بگەیەنین، هەر ئەو رۆژەی لە چاپخانە دەرچوو دەمودەست دانەیەكم بردەسەر گۆڕی رەنجبەر و لەسەر گۆڕەكەی دامنا و پێمگوت: (جەمیل! ژیان پێكەوەی شاد نەكردین، بەڵام ئەو دیوانەت دوای ئەو عەزاب و ناخۆشییە ئێمەی پێكەوە شاد كردەوە، پیرۆزە لە هەردووكمان، دڵخۆشبە جەمیل گیان شیعرەكانت ئێستا ئازادن).
پێشەكی دووەمی دیوانەكەش لەلایەن نووسەری ناسراوی كورد دكتۆر مارف خەزنەدارەوە نووسراوە كە باس لە ناسینی شەهید دەكات و دەڵێت: لەو ماوەیەی جەمیل رەنجبەرم ناسی لە مێژ نەبوو دەستی بەخوێندن لەخانەی مامۆستایان كردبوو، من وەك دڵخوازێك هەمیشە لە شاعیر دەگەڕام، ئارەزووی ئەوەم دەكرد شاعیرێكی تازە و گومناو بدۆزمەوە، ساڵی 1969 - 1971 جەمیل رەنجبەر شەش حەوت ساڵ بوو خووی بە شیعر نووسینەوە گرتبوو، رەنگە لەهەموو شت قسە لەڕوو بووبێت تەنیا لەشیعر وانەبوو، لە هەموو گەشتێكیشم بۆ هەولێر چاوم پێی دەكەوت، زیاتر ئارەزووی ئەوەی دەكرد باسی ئەدەبی رووسی بۆ بكەم.
خەزنەدار لە درێژەی پێشەكیەكەیدا دەڵێت: جەمیل رەنجبەر وەكو شاعیرێك هەستی بەوە كردووە شیعری بۆ دێت و كە خستوویەتە سەر كاغەز بەدڵی بووە كە لەمەدا لەبەشێكی زۆر لەشیعرەكانیدا بەهەڵە نەچووە و بەڵگەی باوەڕ بەخۆكردن یان تێگەیشتن لەو بەرهەمەی بەوێنەی داهێنانێك دەیداتە خوێنەرانی.
هەر لەناو دیوانەكەدا چوار پارچە شیعری رەنجبەر كە بەدەستوخەتی خۆی نووسراون چاپكراوە، جگە لەوە ئەو شیعرانەی شەهید رەنجبەر نووسیویەتی بەپێی ریزبەندی ساڵی نووسینی شیعرەكان لەلایەن شەهیدەوە لەو چاپەی دیوانە تازەكە چاپكراون بۆ نموونە شیعرەكانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەكانی 1965 - 1966 - 1967 - 1968 - 1969 - 1970 - 1971 - 1972 - 1973 - 1977 - 1978 - 1979 - 1980.
محەمەد گۆران
کەسی سێیەم لە راستەوە خاتوو سەعادەت محەمەد ساڵح هاوسەری شەهید رەنجبەر