لە یادی دوو ساڵەی كۆچی دوایی مامۆستا موحسیندا

11:49 - 2023-12-01
کوردستان
201 جار خوێندراوەتەوە

مامۆستا موحسین عەلی ئەكبەر، كادری پێشكەوتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی سەرەتاكانی رێكخستنەكانی كۆمەڵە، پێشمەرگە و مامۆستا و دیپلۆماتكار، ناوێكی دیار و ناودێری كۆڕی تێكۆشان و كەسایەتییەكی چالاك و كاریگەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانە، لە سەردەمی خەباتی نهێنی و دواتریش چەكداریدا و لە زۆر وێستگەی هەستیاری خەباتی یەكێتی و كۆمەڵەدا، بەرپرسیارێتیی گرنگ و گرانی لە ئەستۆ بووە، لە دوای راپەڕینیش دیسان لە چەند قۆناغێكدا ئەرك و بەپرسیارێتی گەورەی پێسپێردراوە، وەك: ئەندامی مەكتەب و لێپرسراوی مەڵبەند و وەزیر و پەرلەمانتار، لە هەموو ئەو وێستگانەی خەباتیدا، هێمن و خاوێن و كەسایەتییەكی سادە بووە.
ناوی تەواوی (موحسین عەلی ئەكبەر قاسم)ە و ناسراوە بە مامۆستا موحسین.
لە دایكبووی ساڵی 1950ی خانەقین، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە خانەقین تەواو كردووە، ساڵی 1971 لە ئەڵقە رۆشنبیرییەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان وەرگیراوە و بۆ ساڵی دواتر بووە بە ئەندام.
ساڵی 1974 پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی هەولێری تەواو كردووە.
ساڵی 1978 پەیوەندیكردووە بە هێزی پێشمەرگەی شۆرششی نوێوە، ساڵی دواتر گواستراوەتەوە بۆ مەكتەبی راگەیاندن لە نۆكان و لەوێ بووە بە لێپرسراوی بەشی كوردیی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان كە ئەوسا پێی دەوترا دەنگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەمان ساڵ لێپرسراوێتیی بەڕێوەبردنی كامپی مەشقی پێشمەرگەی لە گوندی توژەڵە، پێ سپێردرا.
لەگەڵ دەستپێكردنی پەیوەندیی نێوان ئێران و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، لە ماوەی نێوان ساڵانی 1979-1980 نوێنەرایەتی یەكێتی كرد لە شاری سەردەشت و دواتر وەك نوێنەری یەكێتی گوێزرایەوە  بۆ  تاران.
ساڵی 1982 پاش گرژبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و یەكێتی، ئۆفیسەكەی یەكێتی لە تاران داخرا و خۆیشی نزیكەی پێنج مانگ زیندانی كرا، دوای ئازادبوونی و گەیشتنەوەی بە هەڤاڵەكانی، كرایە لێپرسراوی لقی 2ی كەركوكی ی.ن.ك، ساڵی دواتر پاش هەڵوەشاندنەوەی لقەكان، لێپرسراوێتیی كەرتی رێكخستنی بازیانی پێ سپێردرا و ساڵی 1985 كرایە لێپرسراوی رێكخراوی 4ی سلێمانیی كۆمەڵە.
ساڵی 1986 كرایە ئەندامی دەزگای ناوەندیی رێكخستنی كۆمەڵە كە بارەگاكەی لە گوندی هەڵەدن بوو لە دۆڵی جافاتی، بۆ ساڵی دواتر وەك ئەندامی مەكتەبی راگەیاندن گوێزرایەوە بۆ مەكتەبی راگەیاندن و كرایە لێپرسراوی بەشی چاپخانە و تا ساڵی 1990 بەردەوام بوو.
پاش راپەڕین، لە ساڵی 1992دا كرایە كارگێڕی مەڵبەندی سلێمانی و بۆ ساڵی دواتر بووە جێگری لێپرسراوی مەڵبەند.
لە ماوەی نێوان 1996-1998 لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان بوو، ساڵی 1998 گوێزرایەوە بۆ مەكتەبی رێكخستن و لێپرسراوەتیی بەشی چاودێریی پێ درا.
ساڵی 1999 بووە لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی شارەزوور و هەر ئەو ساڵە كرایە وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی، ساڵی 2002 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە كۆلێژی یاسای زانكۆی سلێمانی بەدەست هێنا.
یاش روخانی رژێمی بەعس، لەساڵی 2003 وە تا 2006 لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی خانەقین بوو، لەو ماوەیەدا لە ساڵی 2005 بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا و ساڵی 2010 كرایە ئەندامی لیژنەی باڵای رێكخستن لە مەكتەبی رێكخستن.
بەداخەوە، دوای ململانێیەكی زۆر لە گەڵ نەخۆشیدا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، رۆژی 1/12/2021  كۆچی دوایی كرد.
ئاوات كۆكەیی

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان