چەند رۆژێکە گۆرانیبێژ و حەیرانبێژی دیاری کورد «مستەفا دادار» بە سەردانێک هاتۆتەوە بۆ کوردستان و لە سلێمانییە، بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە هاتنەوەی و کار و چالاکییەکانی، بەرنامەی «ستۆدیۆی هونەر»ی دەنگی گەلی کوردستان میوانداریی ئەم هونەرمەندەی کرد. لە دەستپێکی بەرنامەکەدا «مستەفا دادار» باسی لەوە کرد کە هەر لە منداڵییەوە حەزی بە هونەر کردووە و چۆتە ناو ئەو دنیایەوە، دواتر و ساڵی 1976 یەکەم گۆرانی بە ناوی «گوڵی خوێناوی» بڵاوکردۆتەوە، دوای ئەوە بەردەوامی بە بوارەکە داوە و ساڵانی نەوەدەکانیش هاتۆتە سلێمانی و چەند گۆرانییەکی بە ناوی «فاتمۆکێ و شینی هێمن و بریا دەرزی بام»ی تۆمارکردووە و ئەوکات لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، تائێستاش لە کاری هونەریی بەردەوامە. پاشان لە بەرنامەکەدا بە شێوەیەکی گشتی دەربارەی هونەر و کەلتوری کوردی دوا و رۆڵ و کاریگەریی هونەرمەندە دیارەکانی وەکو سەید عەلی ئەسغەر و حەسەن زیرەک و سێوە و حەسەن سیساوەیی بەرز نرخاند. لە درێژەی بەرنامەکەدا ئەم هونەرمەندە دەربارەی بەیت و لاوک و حەیرانی کوردی دوا، هەروەها باسی لە شیعرەکانی شاعیری گەورە هێمن موکریانی کرد و ئەم شاعیرەی بە گەورترین و دڵڕفێترین شاعیری رۆمانتیک و کلاسیکی کورد لە قەڵەم دا، هەروەها باسی چەندین بابەتی تری هونەریی کرد.
هەر لەسەردانەکەیدا ئەم هونەرمەند و حەیرانبێژە لەلایەن گەلەری ئارام-ەوە ئێوارەیەکی هونەری بۆ رێکخرا و تیایدا رێزی لێنرا، جگەلەوەش ئەم هونەرمەندە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی چەند گۆرانییەکی تایبەتە بە قەڵادزێ کە پێکهاتووە لە حەیران و سروودێکی تایبەت.
ئا: دوالاپەڕە