25 ساڵە.. بەهرە و ئازادی ئاوێزانى گەلاوێژن

ئەمڕۆ بیست و پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ دەستپێدەکات

10:02 - 2022-05-25
هەمەرەنگ
704 جار خوێندراوەتەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 25/5/2022 بە دروشمی «25 ساڵە.. بەهرە و ئازادی ئاوێزانى گەلاوێژن» بیست و پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ دەست بە چالاکییەکانی دەکات و هەتا 28ی مانگ دەخایەنێت.
سەرەتا مەراسیمی کردنەوەی هەردوو پیشانگەی هاوبەشی شێوەکاری و پیشانگەی کتێب  بەهاوکارى و هاوبەشی بەڕێوبەرایەتى کتێبخانەى گشتى سلێمانى و کارگەى کلتووری سلێمانی– کارگەی جگەرە بەمشێوەیە بەڕێوەدەچێت.
سەعات 11ی سەرلەبەیانی لە ژێر ناونیشانی «باڵندەکانى ئیسماعیل خەیات لە ئاسمانى گەلاوێژدا» لە کارگەى کلتوری سلێمانی– کارگەی جگەرە پیشانگەی شێوەکاری دەکرێتەوە و تێیدا کار و بەرهەمی هونەریی 150 شێوەکاری هەرێمی کوردستان و عیراق نمایش دەکرێت. سەعات 12 لەژێر ناونیشانى (کتێب چراى هزرە) بە بەشدارى دەزگاکانى چاپکردنى کتێبى کوردى و ئینگلیزى و عەرەبى و فارسی، پیشانگەی کتێب دەکرێتەوە. هەروەها ساعات 12:30 رێوڕەسمی ئیمزاکردنی کتێبی (شێوەکاریی کوردی و عیراقی هاوچەرخ) بە ئامادەبوونی نووسەر (د. شەوقی موسەوی) بەڕێوەدەچێت. 
سەعات 4ی پاشنیوەڕۆش لەتەلاری هونەر چالاکییەکانی رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵ بە بەشداری میوانانی ناوخۆ و دەرەوەی کورستان دەستپێدەکات، تێیدا چەند وتارێک پێشکەشدەکرێت، پاشان  چالاكیی ئەدەبی و هونەری و كۆنسێرتی میوزیك و گۆرانی و کۆڕی شیعری بەڕێودەچێت، هەروەها لەپاى شکۆى بەهرە و بەخشش و ماندووبوونیان لەبوارەکانى فەرهەنگیى و کلتوریدا مەراسیمی بەخشینى خەڵاتى یوبیلى زیوینى فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیى گەلاوێژ بەڕێوەدەچێت و خەڵات دەبەخشرێتە چەندین هونەرمەند و میوزیسیان و شاعیر و نووسەر.
سەعات 9.30ی سەرلەبەیانی سبەینێ پێنجشەممە 26/5/2022 لە دووەم رۆژی فێستیڤاڵدا چالاکییەکان لە هۆڵی ئوتێل رامادا دەستپێدەکات و تێیدا چەندین پانێل و دیدار لەسەر تەوەری جیاجیا بەڕێوەدەچن و هەتا سەعات 8ی شەو بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت: پانێلی «گەشتێک بەنێو ئەدەبیاتی بیست و پێنج ساڵەی گەلاوێژدا». دیدارى «دڵشاد عەبدوڵڵا» بۆ شیعر. پانێلی «بووژاندنەوەى میوزیکى کوردى و ئەزموونى نوێ». پانێڵی «ئەزموون و دنیابینی بەرەو داهاتوویەکی فەرهەنگیی باشتر». بەڕێوەچوونی «شەوە شیعرى یوبیلى زیوینی گەلاوێژ».

#فێستیڤاڵی گەلاوێژ

بابەتە پەیوەندیدارەکان