د.لەتیف جەمال رەشید*
وتاری سەرۆك كۆمار لە رۆژنامەی The National
دەوترێت باخچەی عەدەن لە شوێنێکی نێوان دیجلە و فوراتدا بووە لە عیراق. لە ماوەی دوو سەدەی رابردوودا گەڕیدە بیانییەکان سەرسام بوون بەو رێڕەوی ئاو و زۆنگاوانەی لە داستانی گلگامشدا بە نەمر دانراون، لەگەڵ گامێشی ئاوی و بەرازی کێوی و کۆتر و قەلەباچکە و پۆلی باڵندە و تەنانەت شێرەکان لە سروشتی کێوی و ئازاددا دەهاتن و دەچوون. لە ساڵی 2016دا زۆنگاوەکان وەک کەلەپوری جیهانی یونسکۆ ناسێندران، لەکاتێکدا ئێستا لە مەترسییەکی گەورەدان، بەڵام تائێستاش کات ماوە بەهانایانەوە بچین.
لە کاتێکدا سەرکردەکانی جیهان لە دوبەی بۆ کۆنفرانسی لایەنەکان Cop28 کۆدەبنەوە، ئەرکی سەرشانمانە بەشداری بکەین لە چڕکرنەوەی هەوڵی هەموولایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو. گۆڕانی کەشوهەوا لە سەردەمی ئێمەدا دەبێتە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ زۆربەی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە عیراقیشەوە. بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، کەمی بارانبارین، کەمبوونەوەی خێرای زەوییە کشتوکاڵییەکان، وشکەساڵی و بە بیابانبوون و گۆڕانی ریشەیی ئیکۆسیستمەکان و کۆچی بەکۆمەڵ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە واقیعێکی نزیک، ئەگەر ئەمڕۆ هەنگاوی هاوسەنگ بەرەو چارەسەری درێژخایەن نەنرێت.
پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی کەشوهەوا لە عیراق لەئێستاوە ئاستەنگی ئابووری توندی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەوانە زیادبوونی ئاستی هەژاری و لاوازبوونی باری کۆمەڵایەتی.
بەدەستهێنانی دەرئەنجامە خوازراوەکان
با لێرەوە بەڕوونی قسە بکەین، کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ناتوانرێت بە تەنیا چارەسەر بکرێن و چارەسەری خێراشی بۆ ناکرێت. هەروەها وڵاتانی دەرەوەش بە هانای ئێمەوە نایەن، بەڵام دەزانم دەتوانین گۆڕانکاری دروستبکەین و دەرئەنجامە خوازراوەکان بەدەستبهێنین. ئەمەش لە بەشداریکردنی تەواوی عیراق لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەڕێگەی بەشداریکردنی تەواو لە پڕۆسەی رێکەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (UNFCCC) دەستپێدەکات.
لەبەرئەوەی رژێمی پێشووی عیراق گرنگییەکی کەمی بە ژینگە دەدا، عیراق درەنگ هاتۆتە ناو UNFCCC، بەڵام ئێمە بە تامەزرۆییەوە قەرەبووی ئەوکاتانە دەکەینەوە لە دەستچوون. بۆیە ئێمە رێکەوتنی پاریسمان پەسەند کردووە، ئەو بەشدارییە نیشتمانییە پێویستەمان پێشکەشکردووە، کە داوای دەکات. لەکاتێکدا گەلانی خۆرئاوا دەتوانن سیاسەتی ژینگەیی ناوخۆیی لە کاتی دابەزینی ئابووریدا وەلابنێن، بەڵام عیراق ئەو بژاردەیەی نییە دیاری بکات کەی یاساکان جێبەجێ دەکرێن.
ئێمە سیاسەتەکان جێبەجێ دەکەین بۆئەوەی یارمەتیدەرمانبن لە کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا تاکو باشتر گونجاندن بکەین لەگەڵ کاریگەرییەکانیدا. لە هەمانکاتدا هەوڵدەدەین ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی ساڵی 2030 بەدیبهێنین. بنەماکانی ئەم جۆرە سیاسەتانە بەباشی روونکراونەتەوە: هەمەچەشنکردنی زیاتری ئابووری، گرنگیدان بە بەردەوامی و زیادکردنی پشتبەستن بە سەرچاوە پاک و نوێبوەوەکانی وزە، بۆ نموونە بەشێوەیەکی کۆنکرێتی وەزارەتی نەوتی عیراق لە پلانیدایە سووتانی غاز کەم بکاتەوە و بزوێنەری تێکەڵاو وەربگرێت بۆ زیادکردنی وزە و کارایی. وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لە بازاڕە تازەپێگەیشتووەکانی وەک عیراقیش دەتوانێت یارمەتیدەربێت بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی ژینگە.
مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ عیراق
بۆ عیراق مەترسییە راستەوخۆکانی گۆڕانی کەشوهەوا تەنها نیوەی وێنەکەن. ئابووری عیراق تاڕادەیەکی زۆر پشت بە هەناردەکردنی سووتەمەنی دەبەستێت، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری توندی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر دەبێت، چونکە ئابووری جیهان پشتبەستنی بەو سووتەمەنیانە کەمدەکاتەوە. ئەمە بەسەر هەموو وڵاتانی کەنداو وڵاتانی ئەندامی GCC و کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ دەبێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، عیراق داوا لە وڵاتانی کەنداوی دراوسێ دەکات، گروپێکی دانوستانکاری هاوئاهەنگ لە چوارچێوەی پڕۆسەی UNFCCC پێکبهێنن بۆئەوەی بە دەنگێکی یەکگرتوو قسە بکەن و بگەنە ئەو بڕیارانەی نیگەرانییەکانمان وەک ناوچەکە دەگەیەنێت. رێکخستنە هاوشێوەکان لە ناوچەکانی دیکەشدا سەرکەوتوو بوون. کۆمەڵەی سەربەخۆی وڵاتانی ئەمریکای لاتین و کاریبی لەبەرچاو بگرن، لە ساڵی 2012 لە COP18 لە دەوحە دەستیپێکرد و کاریگەرییەکانی لەسەر داڕشتنی رێکەوتنی پاریس لە ساڵی 2015دا جێگەی سەرنج و پڕ بایەخ بوو.
لە دەرەوەی دانوستانەکان، گروپەکە دەتوانێت هەماهەنگی بۆ ئاژانسێکی ناوچەیی دابین بکات، کە هاوکاری لە مەسەلەکانی کەشوهەوا لە نێوان هەموو وڵاتانی کەنداودا بەرەوپێش ببات، بە درێژایی هێڵەکانی رێکخراوی ناوچەیی بۆ پاراستنی ژینگەی دەریایی کە بنکەکەی لە کوێتە.
دواتر مەسەلەی کەمی ئاو دێتە ئاراوە. هەموو وڵاتانی کەنداو رووبەڕووی فشاری کەمی ئاو بوونەتەوە، بەڵام لە هیچ شوێنێکی ناوچەی کەنداودا کەمی ئاو وەک لە زۆنگاوەکانی باشووری عیراق دەرناکەوێت. ئەوەی سەردەمانێک وڵاتێکی سەرسوڕهێنەری ئاوی بوو، کە دەوڵەمەندە بە گیانلەبەرە کێوییەکان ئێستا وشک بووە و بووە بە سوتماک، ئەمەش بووەتە هۆی لەناوچونی ژیان و زیادبوونی رێژەی بەرچاوی ئاوارەبوون و کۆچکردنی ناوخۆیی. چەندین هۆکار بوونەتەهۆی کەمبوونەوەی ئاو بۆ زۆنگاوەکان، بریتین لە ئاودێری خراپ و شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ئاو تا کەمبوونەوەی بەردانەوەی ئاو لە وڵاتانی دراوسێ خاوەن سەرچاوەی ئاو وەکو (ئێران، تورکیا و سوریا) کە هۆکاری سەرەکیش دروستکردنی بەنداوەکانە. عیراق وڵاتێکی خوار سەرچاوەی رووبارەکانە و دروستکردنی بەنداو لەلایەن دراوسێی خاوەن سەرچاوەی ئاوەوە، بووەتە هۆی لە دەستدانی نزیکەی نیوەی کۆی گشتی بەردانەوەی ئاو بەراورد بە تەنها چەند ساڵێک لەمەوبەر.
گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست
پێویستە دانوستانکاران پێویستی و مافەکانی وڵاتانی خوار سەرچاوەی رووبار لەبەرچاو بگرن، لەکاتێکدا بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ئاو و دابەشکردنی دادپەروەرانە بکەن. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە کەنارەکانی روباری دیجلە بڕوانین، کە باپیرانمان زیاتر لە چوار هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر پەیماننامەی میسێلیم-یان داڕشتووە، یەکەم رێککەوتنی نێودەوڵەتییە بۆ هاوبەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان. ئێستا کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەوڵدەدات رێکەوتنەکە لە ئاستی جیهانیدا لە رێگەی کۆمەڵێک رێکەوتنەوە دابڕێژێت، نوێترینیان رێکەوتننامەی پاراستن و بەکارهێنانی بەردەوامی ئاوە تێپەڕبووەکانە.
لەوانەیە ئەو ئامانجانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە بە ئاستەم بەدیبێن، بەڵام هیوایەک دەبێت، وەک چۆن لە زۆنگاوەکانی باشووری عیراق بینیومە، دوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دەبوژێنەوە. پێویستە بوترێت لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، رژێمی سەدام حسێن لە هەڵمەتێکدا وشککردنی زۆنگاوەکانی خێراتر کرد، ئەوکات لەلایەن ماکس ڤان دێر ستۆیل وەزیری پێشوی دەرەوەی هۆڵەندا و بڕیاردەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عیراق، بە «تاوانی ژینگەیی سەدە» وەسفکرا.
بێگومان رژێمی سەدام حسێن گرنگی بە ژینگە نەدەدا. نەک هەر پابەند نەبوو بە UNFCCC، بەڵکو پابەند نەبوو بە رێکەوتننامەی فرە بایۆلۆجی و رێکەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبون و رێکەوتننامەی رامسار سەبارەت بە زۆنگاو کە دەبوو زۆنگاوەکان بپارێزن.
ئەوەی ئومێدم پێدەبەخشێت ئەوەیە، لە ساڵانی دوای کۆتایهاتنی رژێمی پێشوو، بە هەوڵە هاوبەشەکانی حکومەتی عیراق و کۆمەڵی مەدەنی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، زۆنگاوەکان لە قۆناغێکدا تا%75ی بوژانەوەی پێشووی خۆیان بۆ گەڕایەوە، دەبێتە هۆی بوژانەوەی بەرچاوی گیانلەبەران و گیا و تا رادەیەک گەڕانەوەی دانیشتوانەکانیان، کە پێشتر ئاوارەبوون. من ئەو هەوڵەم وەک وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی وڵات بە یەکەم کاری گرنگ بینی. شانازی بەو هەوڵانە دەکەم، کە لەوکاتەدا بەدەستمانهێنا. ئێمە هەنگاوێکمان ناوە هەست بە شانازی زیاتر دەکەین بە تایبەت کاتێک بە هەوڵی هەموولایەک، بەشداری دەکەین لە چارەسەرکردنی ئاڵنگاری فراوانتری گۆڕانی کەشوهەوا.
*سەرۆک کۆماری عیراق