تا ئێستاش باس هەر باسی روداوەكانی مۆندیالی قەتەرە

10:22 - 2023-12-03
وەرزش
251 جار خوێندراوەتەوە

ئیسماعیل مەحمود

مۆندیالی قەتەر كۆتاییهات و ئەرجەنتین و مێسی جامی پاڵەوانیان بەرز كردەوە، لەپەراوێزی ئەم مۆندیالەدا زۆر رووداوی گرنگ رویاندا، مێسی پشكی شێری رووداوەكانی بەركەوت.
یەكێك لەو رووداوانە ئەوەبوو مێسی لە یاری ئەرجەنتین پۆڵەندادا لە گرتەیەكدا رۆبیرت لیڤاندۆڤسكی كاپتنی پۆڵەندا فەرامۆش دەكات و كاتێك لیڤا دەیەوێت تەوقەی لەگەڵ بكات و قسەی لەگەڵ بكات، مێسی فەرامۆشی دەكات.
ئەوە زیاتر لەساێك بەسەر ئەم رووداوەدا تێپەڕێوە، بەڵام رۆژنامەكانی ئەوروپا بەبۆنەی تێپەڕ بوونی ساڵێك بەسەر ئەم مۆندیالەدا جار جارە بابەتێكی لەم شێوەیەی مۆندیال دەوروژێننەوەو دەیخنەوە بەر باس و بیری هاندەرانی دەخەنەوە.
ئەوەتا كەناڵی (STAR +)  بەمدواییە فیلمێكی بەرهەم هێناوە  بەبۆنەی تێپەڕ بوونی ساڵێك بەسەر یاریی كۆتایی مۆندیالی قەتەردا و  دیدارێكی لەگەڵ دیمارییای یاریزانی یانەی بەنفیكاو هەڵبژاردەوی ئەرجەنتین كردووەو ئەم رووداوەی نێوان مێسی و لیڤای كردووە بەیەكێك لە پرسیارەكانی كەلە دیمارییای دەكات.
دیمارییاش لەوڵامدا دەڵێت» روداوەكە هێندە ئاشكرایە كە نەنكیشم زۆر بەئاشكرا ئەو رووداوەی بینی و بینی كە چۆن بەئاشكرا مێسی لیڤا فەرامۆش دەكات.
هەروەها ووتی كاتێك تۆ مێسی توڕە دەكەیت، یان خراپ قسەی لەسەر دەكەیت، ئەو بە دوو شێوە وەڵامت دەداتەوە، یان ئەوەتا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پڕ بەپێستت دەداتەوە، یان ئەوەتا چاوەڕوان دەكات تا رووبەڕوو لەیاریگادا بە لێسەندن و گۆڵكردن وەڵامت بداتەوە.
هەر سەبارەت بەم ردواوە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ-ش لە یادی تێپەڕ بوونی ساڵێك بەسەر دوا یاریی مۆندیالی قەتەردا، ئەو فەرامۆشكردنەی مێسی دەگەڕێنێتەوە بۆ لێدوانێكی لیڤاندۆڤسكی كە كاتێ یاریزانی یانەی بایرن مونشن بووەو یانەكەی هەموو شتێكی بردبۆوەو پاڵێوراو بوو بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر، بەڵام ئەوساڵە باڵۆن دۆر درا بە مێسی، دوو مانگ پاش ئەم خەڵاتەی باڵۆن دۆر  لیڤاش خەڵاتی (زەبێست)ی بردەوە و لەلێدوانێكیدا لە پەراوێزی مەراسیمەكەدا  ئەوەی بە ناهەقی دانابوو كە مێسی باڵۆن دۆری بردۆتەوە و خۆی نەبووە بەبراوەی باڵۆن دۆر.
مێسی-ش لەلای خۆیەوە ئەمەی نەشاردۆتەوە، ئەوەتا ئەمیش لە فیلمەكەی كەناڵی  (STAR +) دا دەڵێت؛ بەڵێ راستە من ئەوە رەفتارەم بە ئەنقەست بوو، چونكە لێدوانەكەی لیڤاندۆڤسكی پاش بردنەوەی زەبێست منی نیگەران كردبوو، زۆر خراپ قسەی لەسەر كردم، منیش بڕیارمدا لە یاریگادا ئاوا وەڵامی بدەمەوە.
لەكۆتاییدا رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ دەنووسێت: ئەم شتانە هەموویان كۆتاییانهات، لاپەڕەكانی ناكۆكی نێوان لیڤا و مێسی داخراون، ئەم دوو یاریزانە لەچەندین بۆنەی تردا پێكەوە بینراون و پەیوەندییان ئاسایی بۆتەوە.
ئەوەتا لە پەراوێزی دابەشكردنی خەڵاتەكانی لۆریسدا كە مانگی ئایاری رابردوو دابەشكران، پرسیارێكی تر لەسەر ئەم مەسەلەیە لە مێسی كراو و ئەویش ووتی : هەموو شتەكان ئاسایی بوونەتەوەو  ئێستا پەیوەندیمان باشەو من لەگەڵ لیڤا باسی چوونیم بۆ بارسیلۆنا كردووە و زۆر شتی ترمان سەبارەت بەشاری بارسیلۆنا و یانەی بارسیلۆنا و چەندین بابەتی تریشمان باسكردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان