شێوەی حوشتر!

جەستەی رێک و دڵی خاوێن

10:24 - 2023-12-03
کەلتور
452 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

شێوازی ژیانی رۆژانەمان جۆرێکە دەبێ مل دابخەین و پشتمان بەرەو پێشەوە بچەمێنینەوە، تەنانەت ئەگەر کارەکەشمان ناچارمان نەکا وابین، بەدەستەوەگرتنی موبایل، مل و پشتمان دەچەمێنێتەوە، ئەم شێوەیە جگە لەوەی تووشی ژانی مل و کوڕیمان دەکا، زەرەرێکی زۆری بۆ لەشساغی گشتیمان هەیە.

مرۆڤ چەند رەهەندێکی تێکچڕژاوە
راهێنانەکانی یۆگا سوودیان بۆ هەموو رەهەندەکانی جەستەی مرۆڤ هەیە. یانی کاتێ ئێمە راهێنانێکی جەستەیی دەکەین، ئەو راهێنانە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر رەهەندەکانی دیکەی وەک زەین و هەست و رۆحمان دادەنێت. بۆیە هەر لە کاتی راهێنانەکەدا هەست بە پشووی جەستەیی، هەست بە ئارامی زەینی، هەست بە خۆشی و سووکەڵەبوون دەکەین. بەهەمان شێوە کاتێ جەستەمان دەخەینە حاڵەتێکی ناسروشتییەوە، یان خواردن و خواردنەوەیەکی خراپ دەخۆین و دەخۆینەوە، لە رووی جەستەییەوە ماندوو دەبین، زەینمان یان دادەتەپێ یان دەوروژێ و تووشی سترێس دەبێ، هەستیشمان ناخۆش و ناجێگیر دەبێ و لە رووی رۆحییەوە بێزار دەبین. لەڕاستیدا مرۆڤ دەبێ بە شێوەیەکی پێکهاتەیی و بونیادی کار لەسەر خۆی بکات و خزمەتی خۆی بکات، هاوکات دەبێ ئەوە بزانێ ئەو لە چەند رەهەندێکی سەربەخۆ پێکنەهاتووە، بەڵکو مرۆڤ یەکە و لە چەند رەهەندێکی تێکچڕژاوەوە پێکهاتووە، بەهەر کام لەو رەهەندانەی شتێک بکا یان نەکا، یەکسەر ئەو شتە لەوانیتریشدا رەنگدەداتەوە.

سەرجەم جەستەکانمان خاوێن دەکاتەوە
شێوەی حوشتر وەک هەر راهێنانێکی تر کاریگەریی لەسەر هەموو رەهەندەکانی مرۆڤ هەیە. سەرەتا لە رووی جەستەییەوە باسی دەکەین، کاتێ دەچینە شێوەی حوشترەوە جەستەمان دەست دەکاتەوە بە رێک بوونەوە، ئەگەر بەرەو پێشەوە کوڕ بووبین، ئەوا رێکمان دەکاتەوە، ئەگەر بڕبڕەی پشتمان وشک و گرژ بووبێ ئەوا نەرمی دەکا، ماسولکەکانی بەشی پێشەوەی لەش بە باشی دەکێشێ و هەم لە ژەهر و هەم لە سترێس و گرژییەکان خاوێنیان دەکاتەوە، ماسولکەکانی بەشی دوای لەش کۆ دەکاتەوە، ئەوانیش لەم رێگەیەوە نەرم و خاوێن دەکاتەوە، دوای ئەوە کاتێ سەر بۆ دواوە بەردەدەینەوە خوێن و هەوا و خۆراکی تازە بۆ کۆئەندامی سەرمان دەبات و هەموویان دەبووژێنێتەوە. دوای کاریگەرییەکانی لەسەر جەستەی فیزیکی، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر جەستەی ئەتەری دادەنێت، واتە بەشی پێشەوەی لەش دەکێشێت و لە بەرەنجامدا هەموو چاکراکان دەکێشێ، بەشی پێشەوەی چاکراکان وەک ئەگزۆزی سەیارە وایە، پاشماوەی سووتاوی وزەکەی لێوە دێتە دەرەوە، ئەگەر ئێمە ناوە ناوە نەیانکێشین ئەم دووکەڵە نەبینراوە لە خەرمانەماندا کەڵەکە دەبێ و ناخۆش و قورس و بێزارمان دەکا و تەنانەت وەک نەخۆشی لە جەستەشدا دەردەکەون، بەڵام کاتێ دەیان کێشین چالاک دەبن و خاوێن دەبنەوە. شێوەی حوشتر لەناو هەموو چاکراکاندا زۆرترین کاریگەریی لەسەر چاکرای چوارەم، یانی چاکرای دڵ دادەنێت، بۆیە بە شێوەی (ئاسانا)ی تایبەتی چاکرای دڵ بەناوبانگە، واتە ئەم چاکرایە خاوێن دەکاتەوە لە چڵک و چەپەرەکان، یەکێک لەوان غەمگینی و خەفەتخواردنە، مرۆڤی ئەو سەردەمە بەشی زۆریان، بە تایبەت ئەوانەیان کە بە حەق و ناحەق خەفەت لە هەموو شت دەخۆن، هەمیشە سەر سینگیان قورسە، ئەوە پاشەرۆکی ئەو وزە زۆرەیە کە بەم هۆیەوە لەرێگەی ئەم چاکرایەوە سووتاندوویانە و لەسەر سینگیان و لە خەرمانەیاندا کەڵەکە بووە، بۆیە کاتێ کەسەکە بۆ ماوەیەک بە رێک و پێکی راهێنانی شێوەی حوشتر دەکات سەر سینگی سووکەڵە دەبێت و هەست بە دڵخۆشی دەکات، چونکە ئەم راهێنانە لەبەر ئەوەی کاریگەری لەسەر درک و تێگەیشتن و ئاگایی کەسەکەش دادەنێن، کەسەکە فێر دەبێ لەوە بەدوا خەفەت لە هەموو شت نەخوات. دوای ئەوە ئەو کەسەی ئەم راهێنانە دەکا بەرە بەرە لە رووی رق و قین و هەواوهەوەس و تەما‌ع و چاوچنۆکی و ئێرەیی و...هتدەوە گۆڕانکاریی قووڵی بەسەر دادێ، لێرەوە دڵی خاوێن دەبێتەوە و تایبەتمەندییە باڵاکانی وەک عیشق و میهرەبانی و بەخشندەیی و خاکەڕایی و...هتدی لە دڵیدا پەرە دەستێنن. بۆیە شێوەی حوشتر یەکێکە لەو راهێنانانەی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دڵی فیزیکی و دڵی پرانیک (وزەیی) و جەستەی زەینی و سەرجەم جەستە نەبینراوەکانی مرۆڤ هەیە، ئەم جەستانەی ئێستا بە کامێرای تایبەت و تەکنەلۆژیای مودێرنی پزیشکی دەبیندرێن.

چۆنییەتی کردنی شێوەی حوشتر
سەرەتا دەبێ لە رێگەی هەندێ راهێنانی ئاسانەوە لەشت بە گشتی گەرم بکەی و ماسولکەکان هەندێ بکێشیت، نابێ یەکسەر ئەم راهێنانە بکەیت. سەرەتا لەسەر ئەژنۆ دابنیشە و ماوەی سێ چرکە بە چاوی داخراوە لەم حاڵەتەدا بمێنەوە، هەموو لەشت شل بکە و خۆت بە تەواوی خاو بکەوە. پاشان بە ئارامی بەدەستی راست پاژنەی پێی راستت بگرە و هەستە سەر ئەژنۆ، دەستی راستت بە تەواوی لەسەر پاژنەی پێی راستت جێگیر بکە، دوای ئەوە بە ئارامی بەشی پێشەوەی لەشت بەرەو پێشەوە بکێشە و هاوکات کە لەشت شێوەی کەوان وەردەگرێ، بەدەستی چەپ پاژنەی پێی چەپت بگرە و سەرت بەردەوە بۆ دواوە، بە ئارامی هەناسە هەڵمژە و هەناسە بدەرەوە، هۆشت یان ئاگاییت لەسەر سینگت رابگرە، ئەو شوێنەی زۆرترین کێشان تێیدا روویداوە، چەند چرکە توانیت بە خۆشی تێیدا بمێنیتەوە، بە هیچ شێوەیەک زۆر لە لەشت مەکە، ئەوەندە لە راهێنانەکەدا بمێنەوە کە دەتوانی و چێژی لێدەبینی، پاشان هەنگاو بە هەنگاو چۆن چوویتە ئاسانەکەوە، هەر بەمشێوەیە وەرە دەرەوە و بۆ ماوەی سێ چرکە پشوو بدە، دەتوانی تا دە جار دووبارەی بکەیتەوە. ئەگەر ئەم راهێنانە بکەیتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەت، بە ئاسانی سنووری ژیانت بەرینتر دەکەی، لە بەرەنجامدا لەشت ساغتر، زەینت ئارام و روونتر، هەستت جێگیر و خۆشتر و رۆحت لات ئاشناتر دەبێت.

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان