زەردەشت محەمەد
ساڵانە ژمارەیەک هاوڕێی سەردەمی زانکۆ کۆدەبینەوە و هەرجارێک بەمەبەستی گەشتێک و دوورکەوتنەوە لە جەنجاڵی و ماندوێتی شار و کۆبوونەوەمان بۆ گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی سەردەمی زانکۆ، بۆ بەڕێکردنی کاتێکی خۆش و بەسەربردنی شەوێکی پڕ لەخۆشی، روودەکەینە یەکێک لە گوندەکانی کوردستان.
ئەمساڵ قەدەر وەهابوو بۆ جاری دووەم بەڕێگا خۆڵاوی و سەختەکەی چیای زمناکۆدا سەفەرەکەمان بکەوێتەوە گوندی «مۆرتکە»ی ناوچەی تاوەگۆزی.
«مۆرتکە» سەرەڕای ئەوەی ئاسەواری شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق _ ئێرانی پێوەدیارە و شاخ و کێوەکانی هێشتا هەر مینڕێژن و بەوهۆیەوە تائێستا زیاتر لە25 هاووڵاتی دانیشتوی مۆرتکە، شەهیدو بریندار بوون، بۆیە مرۆڤ دەبێت بەوپەڕی وریاییەوە هەنگاوەکانی هەڵبهێنێت نەوەک ببێتە قوربانی دەستی مین، سەرەڕای ئەوەش هێشتا هەر یەکێکە لە گوندە هەرەدڵگیر و خۆشەکانی کوردستان.
«مۆرتکە» دەکەوێتە دامێنی چیا رەنگین و دڵگیرەکانی قەواڵە و زمناکۆ لە خۆرئاواوە، دووبرا و کەژی خۆرەتاو لە باکوورەوە، لەڕووی ئیدارییەوە سەربەقەزای دەربەندیخانە و لئێستا نزیکەی 30 ماڵی تێدایە.
یەکێک لە شوێنە دیار و مێژووییەکانی گوندەکە کە تائێستا ئاسەواری ماوە و خەڵکی گوندەکە بە (تلی مەحمود پاشای جاف) ناوی دەبەن، دەکەوێتە دەروازە و سەر ئەو رێگایەی کە دەچیتە قووڵایی گوندەکەوە.
مێژووی ئەم هەوارگەیە و هاتنی مەحمود پاشا پیاوی دەستڕۆشتووی جاف بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەگەڕێتەوە ئەوەش پاش کوژرانی حەمە پاشای جاف، مەحمود پاشا لەلایەن عوسمانییەکانەوە دەکرێت بە قائیمقامی هەڵەبجە و سەرۆکی عەشیرەتی جاف، بەڵام پاشان چونکە دەسەڵاتی عوسمانی، محمود پاشایان بەدڵ نەبووە، کەوتنە خەیاڵی ئەوەی لەدەسەڵاتی کەم بکەنەوە و لەناو عەشیرەتەکەیدا لاوازی بکەن.
هەربۆیە ناحەزانی مەحمود پاشا هەمیشە راپۆرتیان دژی ناوبراو گەیاندۆتە کاربەدەستانی حکومەتی عوسمانی، سەرەنجام ئەمەش وایکرد حکومەتی عوسمانی «فەریق نامیق» پاشا بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە رادەسپێرێ و دەینێرێتە هەڵەبجە، پاش گەڕانەوەی نامیق پاشا بۆ ئیستانبوڵ راپۆرتێکی ئێجگار توند لەدژی مەحمود پاشا دەداتە سوڵتان عەبدولحەمیدو دەڵێ مەحمود پاشا دەستی لەگەڵ دوژمنان تێکەڵکردووەو دژی رێبازی خەلافەتە، هەربۆیە لەساڵی 1888_1889 سوڵتان عەبدولحەمید، مەحمود پاشا لەدەسەڵات لادەدات و دەیکاتە موتەسەریفی ئورفه، مەحمود پاشا ناچار دەبێت بچێتە ئیستانبوڵ بۆ گۆڕینی موتەسەریفییەکەی، کە دەگاتە ئیستانبوڵ سوڵتان بڕیار دەدات بەدرێژایی تەمەنی لەئیستانبوڵ بمێنێتەوە و فەرمانی دەستبەسەری بۆ دەردەچێت، تاکو لەساڵی 1892 مەحمود پاشا لە ئیستانبوڵ هەڵدێت و دەچێتە قەوقاز، پاشان لە مانگی10ی ساڵی 1892 دەگاتە باکۆ و لە رێگای دەریای خەزەرەوە بەپاپۆڕ دەپەڕێتەوە بۆ ئێران.
عەشیرەتی جاف خەبەری هەڵهاتنی مەحمود پاشایان پێدەگات فەتاح بەگی برای دەچێت بە پیرییەوە و پێکەوە دێنەوە بۆ ناوچەی پێنجوێن، جافەکان و بەگزادەکان لە مەحمود پاشا کۆدەبنەوە، بەڵێنی ئەوەی دەدەنێ کە هەرچییەک بکات دژی سوڵتان عەبدولحەمید لەگەڵی دەبن و لێی جیانابنەوە، پاش ئەم گەڕانەوەیە مەحمود پاشا ناوی بە هەڵاتوو لە قەڵەم دەدرێ، والی موسڵ و بەغدا رادەسپێرێ کە بە زیندوویی بێ، یان بە مردوویی دەستگیر بکرێ و رەوانەی ئیستانبوڵ بکرێتەوە، هەربۆیە عەقید «کەریم بەگی خانزادەجوانی» کە خەڵکی سلێمانی دەبێت بەهەزار سوارەوە رادەسپێرێت بۆ گرتنی مەحمود پاشا، محمود پاشا بەم هەواڵە دەزانێ پەنادەباتە بەر شاخی زمناکۆ و ئەم ئەشکەوتەی گوندی مۆرتکە دەبێتە شوێنی خۆحەشاردانی، خەڵکی ناوچەکە هاوکارێکی باشی دەبن و مەحمود پاشا نزیکەی ساڵێک لە نێوان ئەم شوێنەو(بانی بنۆک)ی بناری شارەزوور هاتووچۆ دەکات بەبێ ئەوەی هیچ روبەڕوبوونەوەیەک رووبدات لەگەڵ کەریم بەگ و لەشکرەکەیدا. کۆتا جار مەحمود پاشا دەگەڕێتەوە هەڵەبجە و دەکرێتە سەرۆکی هۆزی جاف.
شوێن هەوارگەی مەحمود پاشای جاف بەلای ئێمەی گەشتیار و میوانی یەک شەوی گوندە دڵگیر و میواندۆستەکەی مۆرتکەوە، دیمەنێکی هەم شادی هێنەر و هەم خەمهێنەریش بوو.
شادیهێنەر بوو، چونکە نیشانەیەک بوو بۆ دڵسۆزی و یەک هەڵوێستی و یەکدەستی خەڵکەڕەسەن و بەئەمەکەکەی مۆرتکە و ناوچەی تاوەگۆزی کە چۆن لەپەنای خۆیاندا مەحمود پاشای جاف نیشتەجێ دەکەن و بەڵێنی پاراستنی دەدەن لەهێرشی عوسمانییەکان، لەلایەکی دیکەوە خەمهێنەر بوو، چونکە ئەوە دەرخەری ئەو راستیەیە کە دوژمنان و نەیارانی کورد سەدان ساڵە لەنێوان کوردەکاندا لەهەوڵی دووبەرەکی و ئاژاوە نانەوە و تاڕادەیەک توانیویانە سەرکەوتووبن، هەروەها بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵە کۆڵیان نەداوە لە گرتنەبەری شێواز و پیلانی نوێ بۆ لەناوبردن و ریشەکێشکردنی مێژوو، زمان، کەلتور، فەرهەنگ، ئەدەبیات و بەها باڵاکانی کۆمەڵگای کوردەواری.