شوێنەوارێکی تری مێژوویی لە قەڵای هەولێر دۆزرایەوە

09:50 - 2023-12-04
ڕاپۆرت
425 جار خوێندراوەتەوە
#کاری کنەو پشکنین لە قەڵای هەولێر

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد


ماوەی 16 ساڵە پڕۆسەی نۆژەنكردنەوەی قەڵای مێژوویی هەولێر لە رێگەی کۆمسیۆنێکەوە کە حکومەت پێکیهێناوە دەستیپێکردووە، تائێستا پڕۆسەی نۆژەنكردنەوەكە تەواو نەبووە و بەشێكی كەمی قەڵاكە نوێكراوەتەوە، لەگەڵ پڕۆسەكە بەهۆی قووڵكردنی زەویەكەی، ناوە ناوە شوێنەواری مێژوویی وەك شورا و پارچەی ئاسەواری كۆن لەژێر زەوی قەڵاكە دەدۆزرێتەوە دواترینیان دۆزینەوەی شوێنەوارێكی سەردەمی عوسمانی و نوسراوێكی مێخی سەردەمی ئاشوورییەكانە.  
هێژا زاهیر لێپرسراوی بەشی شوێنەوار لە كۆمسیۆنی باڵای بوژانەوەی قەڵای هەولێر رایگەیاند، نۆژەنكردنەوەكە ماستەرپلانێكی هەیە ناوچەی شوێنەواریش لەخۆ دەگرێت كە كنەو پشكنینی بۆ بكرێت یەكێكیان بۆ زانینی تەمەنی قەڵاكەیە، چونكە ئەوەی تائێستا زانراوە دەوترێت تەمەنی قەڵاكە شەش هەزار ساڵە ئەوەش بەهۆی دۆزینەوەی پارچە ئاسەوارەكانەوە بۆمان دەركەوتووە، بەڵام ئێمە دەتوانین لێكۆڵینەوەی زیاتری بۆ بكەین و دڵنیام تەمەنەكەی بۆ زیاتر لە هەشت هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام پێویستمان بە بەڵگەیە.
وتیشی، چەند ساڵێك لەمەوبەر كنەو پشكنینمان كرد شورا كۆنەكەی سەر قەڵامان دۆزیەوە، بەڵام لەمساڵدا لەگەڵ رێكخراوی پەیمانگای فەڕەنسی لەخۆرهەڵاتی نزیك رێكەوتین و بەیەكەوە كارمان لەسەر پارچە زەوییەكی گەڕەكی (سەرا) ی ناو قەڵاكە كرد و 3 مەتر و نیو قۆڵمان كرد، ئەوەبوو پارچەیەك نووسینی مێخیمان دۆزییەوە كە بۆ سەردەمی بابلی نوێ و 1000 ساڵ بەر لەزایین دەگەڕێتەوە ئەو شتانەی لەسەری نوسرابوو بریتیبوو لە وشەی (كوڕی، خاتوونی گەورە) كە مەبەستی خواوەندی عەشتارە.


كۆگای پارێزگاریكردن لە پارچە شوێنەوارییەكان
قەڵای هەولێر بەوە بەناوبانگ بووە پەرستگای عەشتاری لێبووە، بەڵام ئەو پارچە نووسینە مێخییە لە تەنیشت بیرێك دۆزرایەوە كە لەوانەیە لەكاتی هەڵكەندنی بیرەكەدا سەركەوتبێتە سەر زەوی كە پارچەیەكی گرنگ بوو. ئەو شوێنەی تیمەکە هەڵکۆڵێنی بۆ کردووە ماڵێكی كۆنی سەردەمی عوسمانییەكان بوو جگە لەو نووسینە سەدان پارچە گۆزە و هەندێك دراوی كانزایی دۆزرایەوە، بەڵام دراوەكان هی سەردەمی نوێن وەك دراوی فلس ئەوە وەرزی یەكەمی كنەو پشكنین بوو بۆ ئەو شوێنە و ئێستا لێكۆڵینەوە و جیاكردنەوە بۆ پارچە شوێنەوارییەكان دەكەن.
سەبارەت بەچارەنووسی ئەو پارچە شوێنەواریانەی لەسەر قەڵاكە دەدۆزرێتەوە هێژا زاهیر لێپرسراوی بەشی شوێنەوار لە كۆمسیۆنی باڵای بوژانەوەی قەڵای هەولێر وتی، لەسەر قەڵا كۆگای پارێزگاریكردن لە پارچە شوێنەوارییەكانمان هەیە و لەوێ لێكۆڵینەوەیان بۆ دەكەین، لەوانەیە لەداهاتوودا لەسەر قەڵا مۆزەخانەیەك بكەینەوە و نمایشی بكەین، پارچەمان هەیە لێكی بدەینەوە دەبێتە گۆزەیەكی تەواو پارچە ئێسكیشمان دۆزیوەتەوە، بەڵام هی ئاژەڵ بووە نەک مرۆڤ.


قەڵای هەولێر سێ شورای هەبووە
لەكۆندا قەڵای هەولێر بۆ پاراستنی لە مەترسی هێرشی دوژمن سێ شورای هەبووە یەكێكیان لەسەر قەڵاكەیە و دوو شوراكەی تری لەخوار قەڵاكەیە، لەوبارەیەوە هێژا زاهیر دەڵێت، لە خوارەوەی قەڵاكە و لە نزیك زەوی دادگای كۆنی هەولێر شوێنێكی ترمان بۆ كنەو پشكنین دیاری كرد بۆ دۆزینەوەی شورای دووەمی قەڵاكە بۆ ئەوە پشتمان بەوێنەی جۆری كۆڕۆنای هەواڵگری سوپای بەریتانیا بەست كە لەساڵی 1930 وێنەی هەولێریان بەفڕۆكە لە ئاسمان گرتووە ئەوكات زەوی بوو هیچ باڵەخانەیەكی لەسەر دروست نەكرابوو وێنەكەمان هێناو لەسەر ئامێری (GIS) جێگیرمان كرد و ئەو خاڵانەمان دیاریكرد كە شورای دووەمی قەڵای لێیە، پێشتر كرابووە نەخۆشخانە و دواتر روخێنرا كە 5 مەتر زەویمان هەڵكۆڵی هەمووی شوێنەواری كۆن بوون، ئەوەبوو شورای دووەمی قەڵا دەركەوت كە هی سەردەمی شارستانیەتی ئاشووری نوێ بوو لەگەڵ شوراكەی ناو قەڵا یەك سەردەم بوون دەرگایەكیشمان هەر لەوێ دۆزییەوە كە بەردێك بوو ئەوكات دارێكیان لەسەر داناوە و لەسەری خولاوەتەوە بۆ كردنەوەی دەرگاكە، بەردەكە ناوی قوڵكرابوو وەكو كیلۆنی دەرگای ئێستایە و مێژووەكەی بۆ 900 ساڵ بەر لەزایین دەگەڕێتەوە لە هەمانكاتی كنەو پشكنینی قەڵاكە و لەگەڵ هەمان رێكخراوی فەڕەنسی کردمان گۆزەی سەردەمی ئاشووریمان تێدا دۆزییەوە كە بەشێوەیەكی زۆر جوان دروستكراوە.

بێ بودجەیی
سەبارەت بە زیاتر كنەو پشكنین لە قەڵای هەولێر بۆ دۆزینەوەی ئاسەواری كۆن ئەو لێپرسراوەی قەڵای هەولێر دەڵێت، ئەگەر توانای دارایی هەبێت بیرۆكەمان بۆ كنەو پشكنین هەیە ستافەكەمان كەسانی بەتوانای تێدایە، بەڵام بەهۆی بێ بودجەییەوە كە حكومەت لەساڵی 2013 ەوە خەرجی نەكردووە و ئەو پارەیەی بۆشمان هاتبێت لەلایەن رێكخراوەكان یا كەسایەتییە پارەدارەكانی شارەوە بۆمان هاتووە.
ئێستا زەوی شەقامە سەرەكیەكەی قەڵا كاری بەرد رێژكردنی بۆ دەكرێت لەوبارەیەوە هێژا زاهیر دەڵێت، كاتێك دەستیان بەو كارە كرد زۆر هەڵكۆڵینیان بەبێ كەسانی شارەزای ئاسەواری كرد كە زۆر ئاسەوار دەركەوت لەوانە دارجگەرەی كۆن و پارچەیەكی زۆری گۆزە كە زۆربەیان بۆ شارستانیەتی ئیسلام دەگەڕێتەوە دەیانەوێت بەرد رێژی بكەن وەك ئەو بەردەی لە شەقامی خوارەوەی قەڵاكە بەكارهاتووە ئێمە لەگەڵ ئەو كارە نەبووین، لەبەرئەوەی ئەو  بەردەی بەکاردەهێنرێت هیچ پەیوەندییەکی بە شارستانیەتی کوردستانەوە نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان