کتێبی «پریاسکە» کە نووسینی (عەلی حاجی عەبدوڵڵای کەڵۆش)ە، کتێبێکی گرنگە بەتایبەتی لە باسکردنی ئەو ئامێر و کەرەستە کشتوکاڵییانەی لە گوندەکاندا بەکارهێنراون، یان هەندێ وتە و قسەی نەستەقی جوان شیکردۆتەوە، بۆیە دوای مۆڵەت وەرگرتن لە برای نووسەر، پێمان باش بوو لە پاشکۆی «گوندستانی نوێ»دا بڵاوی بکەینەوە.
گوندستانی نوێ
عەلی کەڵۆش
بەشی شانزەیەم
پەڵك:
درەختێكی گەڵا خڕی سپی باو و بێ بەرە و تەمەن مامناوەندییە.
كەووت:
دارێكی گەورە و بەتەمەن و توێكڵ سپی بێ بەرە، لە چیاكاندا دەڕوێت.
بەڵاڵوك =ئارژنگ:
گەڵا وردە و لەشێوەی دەوەندا كۆمەڵە لقێكن بەتەنیشت یەكەوە بەرزدەبنەوە، بەری بەڵاڵوك وردە و رەنگی گێلاسی هەیە، تام و چێژێكی بەلەزەتی هەیە.
بنەواچ = دارەڕەش:
یەك لقە و گەڵای پان و سەوزێكی تۆخە، بێ بەرە و سێبەرێكی فێنك و خۆشی هەیە، زیاتر لە قەراغی چۆم و زەویە بەراوەكاندا دەڕوێت.
قەرەقاج:
بنك و قەدی گەورەی نابێت و راست هەڵناچێت، كۆمەڵە لقێكە لەشێوەی كەپردا سەر بەیەكدا دەكەن، زوو گەڵا و گوڵ ئەكات، پێش هەموو درەختەكان گوڵ دەكات، بەرەكەی لەشێوەی پاقلەدایە، ئاژەڵی وردە زۆر تامەزرۆیەتی، جاران قەدەكەیان ئەبڕی و دەیان كوتا و وشكیاندەكردەوە، زستان بۆ چراوگ بەكاریان دەهێنا، واتە لەجیاتی چرا.
كورد وتوویەتی:
قەرەقاج درۆزن بڵاڵوك بێ عار
دارە رەش پشكوت بەهار هەی بەهار
تەرو:
بەرز نابێت لەشێوەی دەوەندایە، بە بنە تەروو ناودەبرێت، بەرێكی وردی سپی بێ سوودی هەیە، جاران بەرەكەیان دەهاڕی و لەگەڵ هەویردا دەرخواردی دێڵە سەگیان دەدا، بۆ ئەوەی نەتەرەكێ و توتكە نەخاتەوە، لە كۆنەوە وتراوە: (شایەر لە تەرو دروست نابێت).
زریسك:
بەشێوەی بنج بە كۆمەڵە، هەر تەڵە و بەجیا بەرز دەبێتەوە، دڕكێكی تیژی بەئازاری هەیە، ئاژەڵەكانیش خۆیانی لێ لادەدەن، بۆ پەرژینی باخ و حەوشی مەڕوماڵات بەكاردەهێنرێت.
تووڕك = توودڕك:
ئەم درەختە لە چەم و بێشە و قەراخی جۆگە و رووبارەكان دەڕوێت، قەد و لاسكی راست و بەهێزی نییە، بەشێوەی بنجی گەورە پەل دەهاوێ و سواری بەرزایی و درەختی دەوروپشتی دەبێت و بەسەریدا دەكەوێت و كەڵەكە دەبێت لەسەر یەك، گەڵا و بەرەكەی كتومت لە گەڵا و دەنكی توو دەچێت، لاسكەكانی دڕكێكی تیژی ئازاراوی پێوەیە بۆیە ناوەكەشی هەر لەوەوە هاتووە، تووڕك یان توودڕك واتە تووی دڕكدار، بەهێشوو بەر دەگرێت و لەپێشدا رەنگی بەرەكەی سەوزە و دواتر سوور دەبێت و پاشان رەش دەبێت، خواردنێكی بەلەزەتە و بۆ زۆر دەرمان بەكاردەهێنرێت.
بی:
درەختێكی گەڵا درێژی زڕە و لەنزیك ئاو و چەم و كانیاوەكاندا دەڕوێت، سێ جۆری هەیە (چەقەبی) لارە و ناقۆڵایە، (بی ئاسایی) بۆ خانوو دروست كردن و دارەڕا بەكاردەهێنرێت، (شۆڕەبی) دیمەنێكی جوان و سەرنجڕاكێشی هەیە وەك لە باخچە و شوێنە گشتییەكاندا دەبینرێت.
ژاڵە:
ناسراوە، گوڵێكی زۆر جوانی هەیە، پەمەیی، سپی، سوور، لەبەر تاڵی ئەم رووەكە هیچ ئاژەڵێك بەلایدا ناچێت و زیانی پێناگەیەنێت.
مامۆستا گۆران دەڵێت:
سەرا سەری چەم داری ژاڵەیە
ئەو سەرپەل سەوزی دامێن ئاڵەیە
كامەران موكریش وتوویەتی:
لە ژاڵەم پرسی تامت بۆ تاڵە
ووتی براكەم فڕانی مردن
ووتم ئەی رەنگت بۆ گەش و ئاڵە
ووتی لەبەر دۆست لە داخی دوژمن
كەوەلە:
لە بنچكەكانە، ناوەكەی لە رەنگەكەیەوە هاتووە، بۆ ژێر كۆزی كار و بەرخ و بۆ سەر خانووی گڵ بەكاردەهێنرا، زیاتر لە هەردە و پێدەشتەكان دەڕوێت.
بایەف = بایەو:
لە بنچكەكانە، گەڵای كەمە و لە بەهاردا بە گوڵ خۆی سپی پۆش دەكات بە بەرەكەی دەوترێ چەقالە، بە سوێركراوی دەخورێت.
قەڕەم:
لە بنەماڵەی قامیش و زەلو پیكەیە، لە قامیش باریكتر و پڕترە و ناو بۆشە و هەندێك جار بە خشۆكی دەڕوات و زیاد دەبێت.
گەز:
لە نزیك چەم و نشێوەكاندا دەڕوێت، گەڵا وردە و لە گەڵای سنەوبەر دەچێت.
قامیش = نەیجە:
لە قەراغ ئاو و مێرگ و زۆنگدا پەروەردە دەبێت بە شوێنی رووانی دەوترێت قامیشەڵان یان نەیجەڵان، هەرچەند بسووتێ یان ببڕدرێ لەهەمان شوێنی خۆی سەوز دەبێـتەوە، ئاوەكەی قلۆرە، جگە لە بەكارهێنانی بۆ سەرخانو و زنج، بلوێر و نەیی و شمشاڵ و دوزەلەی لێ دروست دەكرێت. قامیشی شەكریش جۆرێكی دییە و شەكری لێ بەرهەم دەهێنرێت.
زەل:
ئەمیش جۆرێكە لە قامیش، ورد و باریكترە.
پیكە:
لە گروپی قامیشە، ناوەكەی پڕە، بۆ دروستكردنی چیخ بەكاردەهێنرێت.
لەبان:
لەشێوەی پیكەدایە گەڵاكەی ئەستوور و پاراوترە، گوڵە لەبان لەشێوەی شیشە كەبابدایە بە لولەیی، لەبانیش لە نزیك رووبار و زۆنگاوەكاندا شین دەبێت.
بەلەو:
رووەكێكی گەڵا وورد و لاسك باریكی بێبەرە و نزیكەی مەترێك بەرز ئەبێتەوە.
خوڕنوك:
بنچكە، دڕكێكی زۆری وردی پێوەیە، رەگی خوڕنوك زۆر بەناو خاكدا رۆدەچێتە خوارەوە، بەجۆرێك ئەوترێ كارێزكەن نەچووەتە خواریەوە، بەرێكی قاوەیی بەقەد خورمایەك دەگرێت، لەناویدا چەند دەنكە تۆوێك هەیە.
چاوبازە:
رووەكێكی وەرزی گەڵا پانی دڕكدارە، لاسكەكەی بە ناسكی دەخورێت.
دڕكە كەڵەوی:
رووەكێكی وەرزی گەڵا وردە، چەندین گوڵ دەگرێت، چواردەوری گوڵەكان بە دڕكی تیژ و درێژ دەورە دراوە، دڕكی ئەم رووەكە بێزاركەر و بەئازارە.
پەیكوڵ:
رووەكێكی وەرزی خشۆكە، باڵا ناكات و پەل دەهاوێت، بەرەكەی بریتیە لە قاوغێكی رەق و سەخت و دڕكاوی هێندەی دەنكە فاسۆلیایەك، لەهەناویدا دەنكێك یان دوو دەنك تۆوی تێدایە، ئەم رووەكە بە تەڕی ئەكوڵێنرێ و ئاوەكەی ئەخورێتەوە و بەردی گورچیلە ناهێڵێت، مەڕ و بزنیش تامەزرۆی خواردنی ئەم رووەكەن.
قالۆرە:
رووەكێكی وەرزی گەڵا پانی دڕكاوییە، باڵای لە مەترێك بەرزتر دەبێت، ناوەكەی بۆشە، تەنها گوڵێكی گەورەی مۆر دەكات، هێندەی دەمی پەرداخێك.
كەرتەشی:
رووەكێكە، وەرزی، دڕكاوی گەڵا شاشە، لە ناوەڕاستەوە لاسكێكی رەقی بێ گەڵا بەرز دەبێتەوە تا نزیكەی مەترێك، گوڵێكی ژوژك ئاسای دڕكاوی خڕی شین دەگرێت، كە زۆر تامەزرۆی خواردنی ئەو گوڵە دڕكاویەیە.
زەردەسیری:
رووەكێكە دڕكێكی ناسكە، دوای وشك بوونی رەنگێكی زەردی ئاڵتوونی هەیە.
پەرێنشك:
رووەكە گیایەكی خشۆكە خۆی لە دەوروبەر دەئاڵێنێت، بەرێكی ووردی دڕكاوی لە گەنم گەورەتر دەگرێت، خۆی لە پالێم و گۆرەوی و قەیتانی پێڵاو دەئاڵێنێت.
حوشترخۆر:
دڕكێكی گیایی سەوزی بێ گەڵایە و زیاتر لە شوێنە گەرمەكان شین دەبێت و دڕكێكی ئەستوور و تیژی هەیە، حوشتر ئارەزووی خواردنی ئەم دڕكە گیاییەی هەیە.
داڵكە پیچان:
كە دەیبینی كنگرە، هەڵی دەكەنی زۆر باریك و لاوازە و بەكاری خواردن نایەت.
كنگر:
دڕكە رووەكێكی وەرزییە، تا كاتی گۆپكەكردن دەخورێت، بەكاڵی بە كوڵاوی بە كنگر ماسی بە شێوەی شلە لەهەندێك شوێن شفتەی لێ دروست دەكرێت. كە تەواو پیر و وشك بوو پێیدەوترێ قنگڵاشكە.
جەوی:
ئەم دڕكە، رووەكە وەرزی نییە، لەشێوەی بنچكدایە، كەمێك پان دەبێتەوە بە زەویەكە دا، لاسكەكەس شیلەیەكی لینجی تێدایە، پێی دەوترێ جەوی یان كەتیرە، جاران بۆ بەرگ گرتنی پەرتووك بەكاریان دەهێنا.
قەلاس:
كتومت لە رووەكی جۆ دەچێت، خۆڕسكە و دەنكەكانی یەجگار لاوازە.
مرۆر:
ئەم رووەكە گیاییە شاش و باڵابەرزە، زۆرتر لەناو گەنمدا ئەڕوێت، گوڵێكی جوان و بچووك ئەكات، بەرێكی قاوەیی بچووكتر لە گەنم ئەگرێت، ئەبێتە سەرئێشە بۆ خاوەن دەغڵ، ئارد بێڕا دەكات.