سه‌رهه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان
گوندی گورگه‌ده‌ر ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی شارباژێڕی ته‌خت و له‌رووی كارگێڕییه‌وه سه‌ربه ناحیه‌ی سیته‌كه و (5كم) له ناحیەکە‌وه دووره‌و سه‌ربه قه‌زای شارباژێڕه، مه‌ركه‌زی قه‌زا له ئێستادا له چوارتایه‌و ( 26كم) له گورگه‌ده‌ره‌وه دووره. گورگه‌ده‌ر كه‌وتۆ‌ته باكووری خۆرهه‌ڵاتی شاری سلێمانی به دووری (27كم). (983 مه‌تر) له‌ئاستی ده‌ریاوه به‌رزه. رووبه‌ری گشتی زه‌وییه‌كه‌ی (3.7) كیلۆمه‌تر دووجایه. گورگه‌ده‌ر ده‌كه‌وێته بناری چیای قه‌ڵای سارم، ئه‌و كێوه (1943مه‌تر) له‌ئاستی رووی ده‌ریاوه به‌رزه. ئه‌م گونده له‌سه‌ر رۆخی (چه‌می شه‌نگه‌ڵ) بووه، لە «نۆدێ»وه ده‌هاته خوار به‌داخه‌وه ئێستا وشك بووه.
گورگه‌ده‌ر له باكووره‌وه هاوسنووره له‌گه‌ڵ گوندی كانی سارد و له‌باشوور له‌گه‌ڵ گوندی عازه‌بان و له خۆرهه‌ڵاته‌وه له‌گه‌ڵ گوندی نۆدێ و له خۆرئاواوه له‌گه‌ڵ گوندی بناویله‌ی گۆیژه.
ئه‌م گونده به‌پێی سه‌رژمێری ساڵی 1977دا، (34) ماڵ بووه. به‌ر له راگواستنی ساڵی 1986، (35) ماڵی تێدابووه.
دوای راپه‌ڕین له‌ساڵی 1992دا ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه‌و هه‌تا ساڵی (2003)، (50) ماڵێكی لێ نیشته‌جێ بووه، به‌ڵام له ئێستادا گونده‌كه ته‌نیا (20) ماڵێكی لێ نیشته‌جێیه. زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی ته‌نیا له وه‌رزی هاویندا بۆ خزمه‌تی باخ و ره‌زه‌كانیان ده‌چنه‌وه.
سه‌باره‌ت به مێژووی گورگه‌ده‌ر، لێره كوپه‌ی گه‌وره‌و پڕ ئێسك و پروسكی ساسانیه‌كان دۆزراوه‌ته‌وه. سكه‌یه‌ك دۆزراوه‌ته‌وه (1000) ساڵ ته‌مه‌نی بووه. هه‌روه‌ها چه‌ند شوێنه‌وارێكی دێرین هه‌ن وه‌ك: قه‌ڵای سارم، داره له‌ڕگان، قه‌ڵاگه. كه ئه‌مانه چه‌ند قه‌ڵایه‌كی دێرین بوون. ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێ مێژووی ئه‌م گونده زۆر كۆنه.
ئه‌ڵێن پێشتر ناوی سه‌رچیمه‌ن بووه. گوا‌یه هه‌ندێك له هۆزی ئاوایی چیمه‌نی ناوشوانی كه‌ركوك، (300) ساڵێك به‌ر له‌ئێستا كه هاتوون بۆ ئه‌م گونده وێران بووه‌و ئه‌وان ئاوه‌دانیان كردوه‌ته‌وه‌و ناویان ناوه سه‌رچیمه‌ن. بۆچونێكی دیكه‌ش هه‌یه كه ئه‌ڵێ ئه‌م گونده جاف هاتووه ئاوای كردۆ‌ته‌وه.
له‌باره‌ی ناوی گونده‌كه‌وه، چه‌ند بۆچونێك هه‌یه. ده‌وترێت ئه‌م گونده مه‌نزڵگه‌ی پاشای ناوچه‌ی شارباژێڕ بووه، له‌سه‌ر چه‌می شه‌نگڵ دارستانێكی چڕبووه‌و ئێره گاورنشین بووه، كاتێك ئیسلام هاتووه گاوره‌كانیان ده‌ركردووه، له‌و گاورده‌ره‌وه هاتووه‌و ئێستا پێی ده‌ڵێن گورگه‌ده‌ر. یاخود دووریش نیه وشه‌كه ره‌گ و ریشه‌یه‌كی یۆنانی هه‌بێ و بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سلوكه یۆنانیه‌كان فه‌رمانڕه‌وایه‌تی كوردستا‌نیان كردووه له‌ساڵانی 323 تا 222 پ_ز. به‌ڵام بۆچونێكی تریش هه‌یه ده‌ڵێن چه‌ند سه‌د ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر (شێخ ئه‌لیاسی پاڕه‌زان) كه فه‌قێی (خه‌رقه‌ره‌ش) بووه، رانه‌مه‌ڕو مێگه‌لی زۆر بووه، چۆته خزمه‌ت خه‌رگه‌ڕه‌ش و نوێژی دابه‌ستووه، مێگه‌له‌كه‌ی پارێزراو بووه‌و گورگ له ده‌ره‌وه پاسه‌وانی مه‌ڕه‌كانی بووه‌و له‌وه‌وه وتویانه گورگه‌ده‌ر.
مه‌زاری خه‌رگه‌ڕه‌ش یان خه‌رقه‌ڕه‌ش مه‌زارێكه له گوندی گورگه‌ده‌رو خه‌رگه له (خه‌رقه)ه‌وه هاتووه له شێوه‌ی پاڵتۆدا بووه‌و جاران پیاوه ئاینییه‌كان له‌به‌ریان ده‌كرد. ئه‌م مه‌زاره گڵكۆی سه‌ید مسته‌فای سه‌ید نوره‌دینی بریفكانییه، دانیشتوانی گونده‌كه زۆر به پیرۆزی ده‌زانن، چه‌ندین چیرۆك و ئه‌فسانه به‌ناوی ئه‌م شه‌خسه‌وه ده‌گێڕنه‌وه.
ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی له‌كۆنه‌وه لێره بوون، بریتی بوون له پێنج بنه‌ماڵه كه به‌م شێوه‌یه‌یه: یه‌كه‌م: به‌ره‌بابی حاجی مه‌لا ڕه‌حیمی مه‌لا جه‌بار. مه‌لا جه‌بار به فه‌قێیه‌تی له بیاره‌ی هه‌ورامانه‌وه هاتوه‌ته ئه‌م گونده. دارتویه‌كی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه و له‌وبه‌ر گوندەوه ناشتویه‌تی. پێیده‌ڵین (توی هه‌ورامی).
دووه‌م: به‌ره‌بابی خه‌سره‌و به‌گ، كه‌ئه‌مانیش چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌ك ئه‌گرێته‌وه: بنه‌ماڵه‌ی ماڵی پیره‌مێردی شاعیر‌و ماڵی هۆمه‌راغاو جه‌مال ئاغا. سێیه‌م: به‌ره‌بابی شاتری، كه ئه‌مانه جافن و له شاره‌زووره‌وه هاتوون. چواره‌م: به‌ره‌ی كونه‌پوشی، ئه‌مانه له خزمانی شێخانی نزاره‌ی پێنجوێنن. پێنجه‌م: به‌ره‌ی خه‌رگه‌ڕه‌شی، شێخ مسته‌فای سه‌ید نوره‌دینی بریفكانی.
به‌و پێیه‌ی باوكی پیره‌مێردی شاعیر موڵك و باخی له گورگه‌ده‌ردا هه‌بووه، پیره‌مێرد خۆیشی ژیانی منداڵی و به‌شێك له گه‌نجی هه‌ر له‌م سنوره‌دا بووه‌و له‌كاتی منداڵی له‌گه‌ڵ باوكی‌دا هاتۆته گوندی گورگه‌ده‌ر و خزمه‌تی ڕه‌زو باخه‌كانیان كردووه، پێده‌چێت له نێوان ساڵه‌كانی (1874 بۆ 1880) بووبێت.
بیست و حه‌وت ساڵ ته‌مه‌ن (1898- 1925) به‌و پێگه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیدارییه گه‌وره‌یه‌ی له توركیادا هه‌یبوو، بیرومێشكی پیره‌مێردی له نیشتمان و گونده‌كه‌ی دانه‌بڕی، ته‌نانه‌ت له‌و ژیانه پڕ له نازو نیعمه‌ته‌دا بیری ره‌زو باخه‌كانی گورگه‌ده‌ری كردووه. له رۆژنامه‌ی ژین دا نوسیویه‌تی»له ئه‌سته‌مبوڵ به روتبه و شان و ئه‌عزائی مه‌جلیسی عالییه‌وه له ئه‌ته كه مه‌ڵبه‌ندی پرینسگه‌كانی كۆنی رۆم بوو، له قه‌سرێكی مومتازدا دائه‌نیشتم، كه شه‌و ئه‌نوستم له خه‌وما له گورگه‌ده‌ر له باخه‌كه‌ی شێخ ئه‌حمه‌د بازلیخا هه‌نارم ئه‌دزی»
له‌هۆنراوه‌یه‌كیشیدا نوسیویه‌تی:
له‌مناڵیما كه باوكم ساغ بوو
گه‌لێ ئاره‌زووی له ره‌زوباخ بوو
ره‌زو خانومان له گورگه‌ده‌ر بوو
گورگانه‌شه‌وێم، زۆر چاك له‌به‌ر بوو
گورگه‌ده‌ر له‌سه‌رده‌می عوسمانیه‌كاندا له‌ساڵی 1916دا جه‌ندرمه په‌لامارییان داوه‌و گونده‌كه‌یان تاڵان كردووه‌و دواتر سوتاندویانه، دوو هاووڵاتییان شه‌هیدكردووه و دوانزه گه‌نجیان له سه‌فه‌ربه‌لگ بردووه‌و دوای حه‌وت ساڵ گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ گوند. تائێستا شوێنه‌واری كاولكاری ده‌ستی عوسمانیه‌كان به گونده‌كه‌وه ماوه‌و ئه‌و به‌راوه‌ی لەگوندەکە‌دایه پێی ده‌ڵین: به‌راوی كه‌لاوان.
ئه‌م گونده هه‌ر له كۆنه‌وه مزگه‌وت و حوجره‌ی تێدابووه‌و له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌دا و له‌سه‌رده‌می خه‌رگه‌ڕه‌شدا مه‌دره‌سه‌ی تێدابووه، كه زانایه‌كی هه‌ڵكه‌وتوو بووه. مه‌زاری خۆی و باوكی و كوڕێكی له‌گوندی گورگه‌ده‌رن. هه‌روه‌ها له‌ساڵی (1950)دا حوجره‌ی تێدابووه، (مه‌لا مسته‌فا عه‌سكه‌ری) كۆمه‌ڵێك فه‌قێی پێگه‌یاندووه.
سه‌باره‌ت به قوتابخانه‌ی میریش 14/4/1971 بۆیه‌كه‌مجار قوتابخانه‌ی تێداكراوه‌ته‌وه و (مامۆستا سیروان ئه‌مین عارف)ی خه‌ڵكی گوندی سنكێی شارباژێڕ یه‌كه‌م مامۆستای گوند بووه قوتابخانه‌ی كردۆته‌وه‌و بۆماوه‌ی پێنج ساڵ به‌ته‌نیا وانه‌ی وتۆته‌وه. دوای راپه‌ڕین و سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كانیش له‌ساڵی 1994دا بۆ جاری دووه‌م قوتابخانه‌كه له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستایان (گێلاس ئیسماعیل و شیرین ئه‌حمه‌د) كراوه‌ته‌وە.
سه‌باره‌ت به كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری، جاران به‌ر له وێرانكردنی گونده‌كان، ساڵانه (10) ته‌ن بۆ (20) ته‌ن گه‌نم ئه‌چێنرا. (500) سه‌ر حه‌یوانی ورده‌و (150) سه‌ر گاگه‌لیشی تێدابوو. به‌ڵام ئێستا (150) سه‌ر ره‌شه‌وڵاخی تیایه.
گورگه‌ده‌ر كه‌رتی ژماره(51)ی كشتوكاڵییه‌و به‌ناوی (27) جوتیاره‌وه‌كراوه. (10) كانیاوی هه‌بووه‌و ئێستا زۆربه‌یان وشك بوون، زیاتر سوود له ئاوی بیر وه‌رده‌گیرێت. كاتی خۆی ژماره‌یه‌ك كارێزی تێداهه‌ڵكه‌نراوه، یه‌كێك له‌و كارێزانه زۆر ئه‌ندازیاری بووه. چه‌می شه‌نگڵ هاوینانیش ئاوی لێ نه‌بڕاوه، (7) ئاشی ئاوی له‌به‌ربووه و ده‌یان باخی له‌به‌ركراوه‌و توتنێكی زۆری له‌به‌رچێنراوه. له‌ناوچه‌ی سلێمانیدا باشترین توتن توتنی گورگه‌ده‌ر بووه.
خه‌ڵكی ئه‌م گونده به‌شداری هه‌رسێ شۆڕشه‌كه‌ی باشووری كوردستا‌نیان كردووه‌و له شۆڕشی نوێشدا، رژێمی به‌عس كه‌م رۆژ هه‌بوو كۆپته‌رو هێزی سه‌ربازی نه‌نێرێته سه‌ر ئه‌م گونده، له‌ساڵی 1981دا كۆپته‌ری عیراق گونده‌كه‌ی بۆمباران كرد‌و سێ پێشمه‌رگه شه‌هید بوون. له‌ساڵی 1983دا باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی (1)ی سلێمانی (ی.ن.ك) له‌م گونده‌دا بووه، هه‌روه‌ها دادگای شۆڕش و پێنج باره‌گای لێبووه، تەنها له‌سنووری گورگه‌ده‌ر (35) پێشمه‌رگه شه‌هید كراون.
ئه‌م پڕۆژانه‌شی بۆ كراوه: جاده‌ی قیرتاو. قوتابخانه، بنكه‌ی ته‌ندروستی، مزگه‌وت، كاره‌بای نیشتمانی، بیری ئیرتیوازی، پڕۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه.