عیماد ئەحمەد، دووپاتیدەكاتەوە كە «دانیشتوانی خانەقین و گەرمەسێر، هەمیشە پشتیوانییان لە یەكێتی و لیست و كاندیدەكانی كردووە، دڵنیاشین لەم هەڵبژاردنەدا هەموو هەوڵێكیان بۆ سەرخستنی لیستی ١٢٠ دەبێت».
عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، دوێنێ، سەردانی مەڵبەندی گەرمیان و خانەقینی كرد.
لەسەردانەكەیدا بۆ مەڵبەندی گەرمیان، لەگەڵ سالار مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان و هەڤاڵانی مەڵبەند و چینوتوێژە جیاوازەكاندا کۆبووەوە، سەرەتا، عیماد ئەحمەد پیرۆزبایی لە لێپرسراوی نوێی مەڵبەند كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، لە وتەیەكیشدا بایەخی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی روونكردەوە و دووپاتیكردەوە كە بەشداریی كورد لە كەركوك و خانەقین و ناوچە دابڕێنراوەكاندا بەگشتی بۆ كورد و بۆ ناسنامەی كوردستانیبوونی ئەو ناوچانە گرنگە، بۆیە دەنگدان بە لیست و هاوپەیمانییەكانی یەكێتی، گەرەنتی سەركەوتنی كورد و پاراستنی ناسنامەی ئەو ناوچانەیە. هەروەك رۆڵی گەرمیان و گەرمیانییەكانی لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورددا وەبیرهێنایەوە بەتایبەت لە شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش، وتی: بەڵێ هەڵبژاردن دەكرێت و یەكێتی لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە لەكاتی خۆیدا.
لە سەردانەكەشیدا بۆ مەڵبەندی خانەقین، عیماد ئەحمەد، لەلایەن شێركۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەندەوە پێشوازیی لێكرا و لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا لە هۆڵی شەهیدانی هەڵۆی سوور، لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، رایگەیاند: «ئەم هەڵبژاردنە بۆ كورد و خانەقینییەكان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆر چارەنووسسازە»، وتیشی: دانیشتوانی خانەقین هەمیشە لە خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی و خۆبەختكردن لەپێناوی ئازادی و خاكی پیرۆزی كوردستان و ئاڵای كوردستاندا بەبێ ماندوبوون تیكۆشاون، ئێستاش بە هەمان رۆحیەتەوە كاردەكەن بۆ سەرخستنی لیستی ١٢٠ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كاندیدەكانی».
ئەوەشی وەبیرهێنایەوە كە «خانەقین لەلای سەرۆك مام جەلال شوێن و پێگەی خۆی هەبووە، ئێستاش سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركردایەتییەكەی، كار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەكەین لە تەواوی ناوچەكاندا».