هاوسەنگیی لەپـلان و كـۆششدا زامنی خوێندكاری سەركـەوتووە

07:24 - 2022-05-26
ڕاپۆرت
954 جار خوێندراوەتەوە
فۆتۆ: لاڤان رەئوف

سەردار عەبدولڕەحمان

ئاشكرایە  تەرخانكردنی  كاتی زۆر و هەوڵ و كۆششی زۆر بۆ فێربوون زامنی سەركەوتن نین، هەر خوێندكارێك كاتەكانی بەباشی رێك نەخستبێت و هاوسەنگی لە كۆششەكانی نەپاراست بێت،  هەرچەندە هەوڵبدات هەر ناتوانێت بە مەبەستەكانی بگات، لەگەڵ ئەمەشدا پلان و كۆشش هەوێن و بەرچاو روونی  بنەماكانی سەركەوتنن، هەندێك جار  كە خەڵكی شكست دەهێنن بەهۆی كەمی توانایانەوە نییە، بەڵكو بەهۆی كەمی پابەندنەبوونەوەیە یاخود نەبوونی بەرنامە رێژییە، چونكە وتراوە  ترس لەسەرنەكەوتن گرنگترین هۆكاری شكستخواردنە.لێرەدا كۆمەڵێ بنەمای گرنگ دەخەینەڕوو لەپێناو سەركەوتن و بەرچاو رۆشنی خوێندنێكی سەركەوتوانە بۆ خوێندكارانی ئازیز.

لەكاتی  وانەكاندا  چی پێویستە؟
-خۆ رزگاركردن لەخەیاڵات و ئەندێشەی بێ سوود كە مێشك و بیرتان  پەرت و بڵاوبكات.  
-ژینگەی كۆششكردن  لەكارتێكەرە نامۆكان خاوێن بكەرەوە ( قسەوباس ،  مۆسیقا،  تەلەفزیۆن، ئەنتەرنێت..هتد)
-بەسكی زۆر برسی یان تێر  كۆشش مەكە.
-ژینگەی ژوور با شیاوبێت (نەزۆر گەرم  و نەزۆر سارد).
- گوێ نەگرتن لەهیچ بابەتێك كەسەرەنجتان بشێوێنێت.
- شتی سەرەنجڕاكێش ( وێنە و پۆستەر) لە ژوور هەڵمەواسە.
-دووركەوتنەوە لە كەم خەوی و هیلاكی و پەژارەیی.
 -با سەرچاوە پێداویستەكانتان لەبەر دەست دابێت (دەفتەر و كتێب و قەڵەم .........هتد)
 -بەدروستی كاتی كۆشش كردن بەكاربهێنە.
- بەردەوام خۆتان بپشكنن و خۆتان بڕیاردەری دروستی خۆتان بن.
-بەرنامەی تەلەفزیۆن بخەنە پشووەكانەوە.
-بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانتان رێگەو شێوازەكان بگۆڕن، نەك خودی بەدیهێنانی ئامانجەكە
-ئایا ئەو پلانەی داتڕشتووە  گونجاوە لەگەڵ خولیاو ویستت بەرێوەدەچێت.
-پلانەكانتان هەڵبواسن و هەوڵبدەن پەیڕەویبكەن و لێی لامەدەن.
-كە ناڕەحەتی لە شوێنەكەت پێویستە شوێن و ژینگەكەت بگۆڕیت.
-دوای نانخواردن خێرا دەست مەكە بەكۆشش (پشوو بدەن).
-لە (40 بۆ 50)  دەقیقە پێویستە (10) خولەك پشوو بدەن.
-تا وانەیەك تەواو نەكەن، مەچۆرە سەر وانەیەكی تر (ریزبەندی پلانەكەتان تێك مەدەن).
-سوود لە ئەزموونی  كەسانی شارەزاو  هاورێیانی خوێندنگە وەربگرە.
-بەنووسینەوە كۆشش بكە،  كورتەی بابەتی دیاریكراو  لە چەند پەڕەیەكدا بە قەڵەمی رەنگاوڕەنگ بنووسەوە (واتا مەلزەمە بۆ خۆت دروست بكە).
-متمانە و ئیرادەی  بەهێزت بەخۆتەوە هەبێت، خۆت دووربخەرەوە لە  بۆچوون  و ئەندێشەی گوماناوی و بیركردنەوەی نەرێنی و خراپ.
-هەمیشە ئایندەت لەبەرچاو بێت، بۆ بەرزی تێبكۆشە،  چونكە ژیانی ئەمڕۆت بریتی بووە لە تێڕوانین و بۆچوونەكانی دوێنێ.

 دانانی پلان 
-
حەز و بەهرە و پێداویستییەكان لەبەرچاوبگرن.
-بەرواری تاقیكردنەوە و پێشكەشكردنی ئەرك و چالاكی و رۆژانی پشوو دڵنیا ببەرەوە.
-كاتەكانت بەهاوسەنگی دابەش بكە ( خەوتن، نانخواردن، پشوو، ئەرك....هتد) . 
-جیاكردنەوەی هەمان كاتەكانی رۆژ بۆ كۆششی وانەكان سوودبەخش بێت.
-هاوسەنگی دروستكردن  لەنێوان وانەكان و چالاكی كۆمەڵایەتی.
-كۆششە ماوە  درێژەكان  بەسەر  بەشی بچووك بچووك دابەش بكەن.
-كاتی خەو دیاری بكە بە رێژەی پێویست.
-بەگوێرەی خوی كۆشش كردنتان  پلان دابڕێژن.
-لیستێكی گشتی لەو  كارانەی دەیکەن دروستبكەن.
-پلان دابنێن  و  داوای  یارمەتی  لە كەسی زیرەك و پسپۆڕ بكەن.
-هەوڵبدەن كارە رۆژانەكەتان كورتر و بەرهەمدارتر بكەن.                                           
-كاتە بەتاڵەكان لەبەر چاوبگرن.
-پلانەكان لەبەرچاو هەڵبواسن.
-خۆتان بۆ پیادەكردنی پلانەكانتان رێك بخەن.

 دووركەوتنەوە لەفشار 
مرۆڤ پێویستە خۆی بناسێت و بزانێت كێ یە ؟ (خود دۆزینەوە).  پێویستە بە دروستی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو رووداوانە بكات كە لە ژیانیدا رووبەڕووی دەبێتەوە و پێویستە بە ئاشتی لەگەڵ خێزان و كۆمەڵگەكەیدا بژی. ژیانتان ئاوێتەی مەبەست و ئامانجەكانتان بێت. نابێت مرۆڤ بە كەلەڕەقی  لە دنیای چواردەوری خۆی بڕوانێت. كارەكانتان زوو بکەن و  دوایمەخەن. نابێت  بۆ  دوورخستنەوەی  فشار  پەنا بەرنە  بەر دەرمان و كاری زیانبەخش. نكۆڵی لە كێشەکان مەكەن و گەورەتری مەكەن. خۆتان سەرقاڵ  بكەن  بە كتێب خوێندنەوە و وەرزش و یاری پیاسە و گەڕانەوە. بڕوابوون بە توانا و رەوشتەكان و ئاوێتەبوون بە بەهای مەعنەوی (دەستپاكی و راستگۆیی و ئەمانەتپارێزی و  زمانپاكی و دڵسۆزی و ....هتد).

#خوێندكار

بابەتە پەیوەندیدارەکان