هەزاران هەزار پڕۆژە، جێدەستی کوردە لە کەرکوک، بۆیان باس بکەن

12:18 - 2023-12-13
دووتوێ
392 جار خوێندراوەتەوە
#نۆژەنکردنەوە سەوزکردنی شەقامە گشتییەکانی کەرکوک

ئەسعەد جەباری

لیست و وێنە و ڤیدیۆی پڕۆژەکان بڵاوبکەنەوە لە هەردوو کاتی حوکمڕانی کاک عەبدولڕەحمان مستەفا و رەحمەتی د.نەجمەدین کەریم، ئیتر ئەوانە بەڵگەن بۆ جێبەپەنجەی کورد لە شاری کەرکوک و دەوروبەری کە ئەو ئاوەدانییەی ئێستا هەیە لە کەرکوک کورد رەنگڕێژی کردووە و وەک رۆژی رووناک دیارە.
بە درێژایی زیاتر لە 14 ساڵ هەردوو ستافی دوو پارێزگاری کوردی کەرکوک بەبێ جیاوازی خزمەتیان بە کەرکوک  کردووە (2003-2017)، بە سەدان پڕۆژەی ستراتیژی و خزمەت و ئاوەدانی و پشتگیریی چین و توێژەکان مایەی شانازین، ئەوە کورد و کادرە باڵاکانی کورد بوون کە گەشەیان بە کاروانی ئاوەدانی لەو شارە دا، لەو شارەی کە لە ساڵی 2003 دا تاکە خزمەتێکی نەبوو، کردیان بە شارێکی گەشاوە و درەوشاوە.
پڕۆژەکانی رێگەوبان
*کردنەوەی دەیان و سەدان رێگەوبانی جیاجیای نوێ لەناو شار و شارۆچکەکانی پارێزگای کەرکوک.
*نۆژەنکردنەوەی سەدان کیلۆمەتر جادە و قیرتاوکردنی شەقامە گشتی و تایبەتەکانی ناوشاری کەرکوک.
*دروستکردن و کردنەوەی شەش بۆ حەوت پردی ستراتیژی گەورە بۆ شارەکە و چەندین پردی مام ناوەندی تر کە ئاسانکاریی بۆ رێگەوبانەکانی شار و شارۆچکەکان کرد و قەرەباڵغی شەقامەکانیان کەمکردەوە.
*قیرتاوکردن و چیمەنتۆکردنی هەزاران هەزار مەتر چوار گۆشەی گەڕەکەکانی ناوشار.
*بەدوو سایدکردنی چەندین رێگەوبان و بەستنەوەی بە گەڕەکە جیاجیاکانەوە لە شارەکەدا.
*نۆژەنکردنەوەی کۆڕنیش و رووباری ئاوی خاسە و درووستکردنی بەنداو بۆ سەوزایی و وشکنەبوونی ئاوی خاسە.
*دروستکردنی هەزاران مەتر رێڕەوی پیادە و شۆستە بۆ شەقامەکان لەناو شاردا و جوانکردنی سیمای شەقامەکان.
*دەیان پڕۆژەی نوێ بۆ بە دووسایدکردنی گەڕەکەکان بەبێ جیاوازیی کردن لە نێوان نیشتەجێی گەڕەکەکاندا.
*رووناککردنەوەی شەقامەکانی شار و گەیاندنی تەزووی کارەبا بە هەموو شوێنە گشتی و شەقامە جیاجیاکانی شارەکە بەبێ جیاوازی.
*ئاوەدانکردنەوە و جوانکردنی شەقامەکانی کەرکوک بەرهەمی نێوان ساڵانی 2003-2017یە بەپلەی یەکەم، بۆ شار و شارۆچکە و قەزا و ناحیەکانیش هەر بەو جۆرە بووە.
خزمەتی تەندروستی
*لە یەکەم رۆژی پڕۆسەی ئازادیی و ئازادکردنی کەرکوکەوە، کورد نەخۆشخانەیەکی گەورەی بەناوی نەخۆشخانەی شۆڕش دامەزراند و کردی بە دیاری بۆ کەرکوک بەبێ جیاوازی، دیاری سەرۆک مام جەلال-ی رەحمەتی بوو بۆ خەڵکی شارەکە.
*هەرچی نەخۆشخانەی ئازادی و کۆماری-یشە، بە کۆمەک و کۆششی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر باش نۆژەنکرانەوە.
*چەندین بنکەی تەندروستی لە گەڕەکەکان دروستکران بۆ خزمەتی شارەکە بەبێ جیاوازی.
*بایەخ بە نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری شار و شارۆچکەکان درا بەبێ جیاوازی.
*نەخۆشخانەی منداڵبوون جیاکرایەوە و بایەخی زیاتری پێدرا.
*گرنگی بە بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستی کەرکوک دراو ئاستی خزمەتیان برایە ئاستێکی باڵاوە.
*کەم قەزا و ناحیە و شارۆچکە هەبوون نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی تێدا نەکرێتەوە لەنێوان ساڵانی 2003 - 2017.
کەرتی پەروەردە
*بە سەدان قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و پیشەیی کرانەوە و دامەزران لەنێوان ساڵانی 2003 - 2017 بۆ هەموو شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکە بەبێ جیاوازی.
* بۆ یەکەمجار لەدوای 1975 بایەخ بە کردنەوەی خوێندنگە و خوێندنی کوردی درا کە لەو کاتەوە تا ئازادکردنی کەرکوک خوێندنی کوردی لەو شارە نەمابوو، بۆ ئەوەش لە هەموو گەڕەکێک قوتابخانەیەکی بۆ دیاری کرا.
*بەهەمان شێوە بۆ خوێندنی تورکمانیش دیسان بایەخ بە کردنەوەی قوتابخانەکانیان درا هاوشێوەی نەتەوەی کورد.
*چەندین خولی جیاجیا کرانەوە بۆ خوێندن بەمەستی پێگەیاندنی کادری مامۆستا و پێگەیاندنیان.
*دامەزراندن و کردنەوەی پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان لە ناحیەی قەرەهەنجیر، بەردی بناغەی زانست بوو بۆ تەواوی پارێزگاکە.
*بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی کوردی بۆ پارێزگاکە کرایەوە و زیاتر لە 7000 مامۆستا و فەرمانبەر و کارگوزاری بۆ دامەزرێنرا لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
*دامەزراندن و کردنەوەی کەمپی نوێی زانکۆی کەرکوک لەڕێی بەغداوە، ئەوە لە سەردەمی حوکمڕانی کورددا بوو (2003 - 2017 کە دەستکەوتێکە بۆ تاهەتایە دەبێ نەوە لەدوای نەوە خەڵکی شارەکە شانازیی پێوە بکەن وەک ناوەندێکی زانستی و ئاکادیمی.
*کردنەوەی ئامادەیی پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵی بەرهەمی گەورەی جێدەستی کورد بوو لەو شارەدا پاش پڕۆسە.
*کردنەوەی دەیان باخچەی حکومی و ئەهلی لەدوای پڕۆسەی ئازادی و ئاشانکردنی منداڵی کورد بە پڕۆگرامی خۆماڵیی کوردەواری و سروود و گۆرانی و چالاکی هەمەجۆر کە ساڵانێک بوو لێی دابڕابوون و قەدەغەبوو لەو شارە، هەموو ئەوانە دەستکەوتی کورد بوون.
*کردنەوەی سەدان قوتابخانە بۆ گوندەکانی سنووری پارێزگاکە، دەسکەوتی مەزنن لەنێوان ساڵانی 2003 - 2017.
کەرتی نیشتەجێبوون و ئاوەدانکردنەوە
*دروستکردنی دەیان گەڕەکی کوردنشین و کۆمەکیکردنیان لەلایەن کوردستانەوە، ئاوەدانیی خستە شارەکەوە.
*کردنەوەی دەیان گەڕەکی نموونەیی مۆدێرن و سیتی و باڵەخانە و ئاپارتمانی نوێ، هەموو ئەوانە گەشەیان بە سیمای شارەکە دا.
*کردنەوەی دەیان باڵەخانەی بازرگانی و پیشەیی لەناو شار و ئاوەدانی و جوانی شار هەموو ئەوانە گەشەیان بە سیمای شارەکە دا.
*پڕۆژە گرنگ و وەبەرهێنەرەکانی نێوان 2003 - 2017 هەر لە ژمارە نایەن بۆ پارێزگا و شارەکە، لیستێکە بە سەدان و هەزاران پڕۆژە لەخۆدەگرن، با دڵسۆزان خۆیان بگەڕێن بۆ هەڵدانەوەی ئەو داتا و ئامارانە.
*کردنەوەی دەیان فەرمانگەی نوێی مۆدێرن و بایەخدان بە سیستمی دامەزراوەکان وەک فەرمانگەی حکومی.
*گواستنەوەی بینای پارێزگای کۆنی کەرکوک و کردنەوەی بینای نوێی پارێزگاکە بۆ یەکەمجار، ئەوە کوردبوو بەردی بناغەی دانا و هەتا 75 ٪ ی کارەکانی تەواو بوو تا ساڵی 2017، ئێستاش بیناکە شانازییەکەی بۆ نوێنەران و بەرپرسانی کورد دەگەڕێتەوە کە بڕیارە خولی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکە لەوێ دەوام بکەن.
*کردنەوەی باڵەخانەی نوێی دادگای کەرکوکیش شانازییە هەر بۆ کورد دەگەڕێتەوە.
*کردنەوەی فەرمانگەی نیشینگە و پاسپۆرت و رەگەزنامە هەموو ئەوانە بینای خۆیان هەیە و ئەوە کورد بوو بەردی بناغەکەی دانا تا تەواوبوونی.
*گۆڕینی فڕۆکەخانەی سەربازیی کەرکوک بە فڕۆکەخانەی مەدەنی، ئەوەش کورد بوو کە بڕیاری لە سەر داو هەتا 70 ٪ ی پڕۆژەکەشی جێبەجێکرد.
*دەیان هەزار مەتر ئاوەڕۆی گەڕەکەکان و گەیاندنی کارەبا بۆ گەڕەکە کوردنشینە نوێکان.
*سەوزکردنەوەی سەدان باخچە و کردنەوەی باخچەی نوێ.
بواری وەرزش
*لەو شارەدا یاریگایەکی نێودەوڵەتی هەبوو، کورد توانی ئاوەدانی بکاتەوە و بیکات بە یارێگایەکی مۆدێرنتر.
*لە کەم شوێنی گەڕەکەکاندا یاریگای نوێ و هۆڵی وەرزشی نابینرێت، بەشی شێری ئەوە بەرپرسە کوردەکان بوون کاریان بۆ دەکرد.
*کورد پشتیوانی لە هەموو یانە وەرزشی و چالاکییە وەرزشییەکان کردووە و هەم بە لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان و هەم بە لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق لە نێوان ساڵانی 2003 - 2017  بە سەدان چالاکی وەرزشیی هەمەجۆر هەن، بێجگە لەوەی تا ئێستاش هەر لە سەنگەری بەرگری و خزمەتدان بۆ گەشەپێدانی وەرزش بەبێ جیاوازی.
هەلی کار و کەرتی تایبەت
*بە بایەخدان بە پیشەی خۆماڵی و ناوخۆیی و دەستی، هەلی کار بۆ هەزاران هەزار کەس دابینکرا لە پترۆدۆلار بێت یان دامەزرانیان لە کەرتی گشتی و فەرمانگەکان و کۆمپانیای نەوتی باکوور، یاخود هەر فەرمانگەیەکی دیکە.
*هەزاران پێشمەرگەی دێرینی کەرکوکی خانەنشینکران لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
*مووچەی شایستە بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دابینکراوە و ئەنفالکراوانی سنووری پارێزگای کەرکوکیش لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
*کردنەوەی ناوچەی پیشەسازی مۆدێرن، کردنەوەی (عەلوەی)ی نوێ و بووژانەوەی بازاڕ.
*کەرتی تایبەت، دەرگایەکی باشی کردەوە بەڕووی هاووڵاتیانی پارێزگاکەدا و سەدان پڕۆژەی گرنگ و پڕ بایەخ بوون بە هەوێنی زیاتر گەشەپێدانی ژیانی هاووڵاتیان.
بواری کەلتوری
*کردنەوەی دەیان ناوەند و یەکێتی و سەندیکای جیاجیا کە دوای پڕۆسەی ئازادی هەلێکی نوێ هاتە ئاراوە کە کورد و سەرجەم پێکهاتەکان بایەخ بدەن بە بوارەکانی رۆشنبیری و کەلتوری.
*کردنەوەی سەنتەرێکی گەورە لەسەر ئاستی عیراق، وەک دیاری رەحمەتی سەرۆک مام جەلال بۆ شارەکە بەبێ جیاوازی (سەنتەری رۆشنبیریی کەرکوک)، گەورەترین دیاری و پڕ چالاکتیترین شوێی رۆشنبیرییە کە بۆ تاهەتایە جێی شانازییە.
*بنکەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک و چەندین بنکەی جیاجیا لە شار و شارۆچکەکان لەپێناوی خزمەتکردن بە کەلتوری کورد و نەتەوەکانی تر بەبێ جیاوازی.
خزمەتکردنی پێکهاتەکانی کەرکوک
*یارمەتیدانی زیاتر لە پێنج هەزار خێزانی تورکمانی شارەکە و بڕینەوەی هاوکاری و یارمەتی مانگانە بۆیان کە کەمێک لە خەمەکانیانی کەمکردەوە دوای پڕۆسە.
*ئاوەدانکردنەوەی گوندی بەشیر، کە گوندێکە هەموو دانیشتوانەکەی تورکمانن، ئەوە کورد بوو بۆی ئاوەدانکرنەوە.
*چاککردنی کارەبا و بەستنەوەی بە تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە و صیانەکردنی تۆڕی ئاوی خواردنەوە و گەیاندنی ئاوی پاک بە گەڕەکە نوێکان.
-دامەزرانی هەزاران دەرچووی کۆلێج و پەیمانگەکان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنانەت لە تورکمان و عەرەبیش بۆ سێکتەرە جیاجیاکانی بەڕێوەبردنی شار و شارۆچکەکان.
دوا قسە
بەڕاستی نازانم چی بڵێم، نازانم لەم کاتەدا بۆچی ئەمانە باس ناکرێن کە بەشی هەرەزۆری ئەنجومەنی پارێزگا بە سەرکردایەتی لیستی برایەتی و هەردوو پارێزگارە کوردەکە بەڕێوەیان دەبرد و جێبەجێیان دەکرد یان هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدا؟، کە ئەو کاروانی ئاوەدانییە بەرپرسە ئیدارییە کوردەکان تیایدا شێری مەیدان بوون، لەکاتێکدا نەیارەکان هەر بەربەست بوون. لیست و کار و چالاکییەکانی کورد لە دوو دەورەی حوکمڕانی هەردوو پارێزگارە کوردەکەدا بەسەدان و هەزاران چالاکییە کە نابێت نادیدەیان بگرین وەکو کورد، پێویستە ئێستا بە شانازییەوە باسیان بکەین، لێرەدا نموونەیەکی کەمم باسکردووە، ئەگەر خەمخۆرانی کورد بێت و دۆسێکان و داتاکان بە رەسمی هەڵبدەنەوە، ئەوا دەردەکەێت ئەوە کورد بووە بەدرێژایی لانیکەم ئەو 14ساڵەی رابردوو جێدەستی دیاربووە و تا هەتایە حەو شوێن دەستە دیاردەبێت لە شارەکەدا. ئەوە کورد بوو دوای چەندین ساڵ شوێنەواری بەعسی بە شارەکەوە نەهێشت و قەڵای زۆرداری و سەربازگەی شۆڤێنییەکانی رووخاند، نابێت ئەوانە هەرگیز لەبیربکرێن و باس نەکرێن، نەوەی ئێستا پێویستە ئەو راستیانە بخوێننەوە و وەکو خۆی سەیری بکەن کە کورد لەو شارەدا باجی کوردبوونی داوە، گرنگترینیان ئەوە بوو کە لە شەڕی تیرۆرستانی داعشدا لە نێوانی ساڵانی 2014-2017 کورد زیاتر لە 740 پێشمەرگەی بەتەنها لە سنووری پارێزگای کەرکوکدا و لەپێناوی سەلماندنی کوردستانیبوونی کەرکوکدا شەهید بوون دژبە شەمشەمە کوێرەکانی داعش. هەروەها نزیکەی 2000 برینداری شەڕەکە، بێ لەوەی کە هەر لەدوای ساڵی 2003 وە هەتا ئێستاش قوربانی دەدات لەپێناوی ئارامیی شارەکە و ئاشتی و پێکەوەژیاندا سەدان کەسی لە تەقینەوە و شەڕی دژبەتیرۆردا شەهید بوون لە پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و دژەتیرۆر.
ئێستا کورد بە شانازییەوە دەبێ سەیری رابردوو بکات و سڵ نەکاتەوە لە ناحەزان و داگیرکەرانی خاکی کوردستان، ئێمە خاوەنی کەرکوکین وەکو شارێکی فرە پێکهاتە بە ناسنامەی کوردستانی، دەیانەوێت شارەکەمان لێ زەوت بکەن هەم بە بیانووی جیاجیای سەربازی، هەم بە بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی بڕیار و یاساکانی سەردەمی تەعریب و تەرحیل و تەهجیر.
 ئێمەی کورد ئێستا دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ سەندنەوەی کەرکوک لەڕێی یاسا و رێسا و عورفە مرۆییەکانەوە و و سارد نەبینەوە، نە لە ئێستا و نە لەداهاتووشدا بۆ گەیشتن بە مافەکانمان و بۆ سەلماندنی کوردستانیبوونی کەرکوک گشت قوربانیەک دەدەین.
کورد لە کەرکوک لەم هەڵبژاردنەدا دەبێ بە دەنگەکانی کوردستانیبوونی کەرکوک بسەلمێنێت قەبری باپیرم سەید عەلی جەباری  100 ساڵە لە کەرکوکە و لە قەبرستانی (ئەحمەد ئاغا-ساری کەهیە)، نێژراوە، لە باب و گەورەکانی خۆمانم بیستووە کە عەرەب لەو شارەدا نەبووە جگە لە کورد و تورکمان و کلدوئاشووری، پێم باشە کورد لەئێستاوە بیر لە هاوپەیمانییەکی گشتیر بکاتەوە لەگەڵ پێکهاتەی تورکمان و مەسیحی بەتایبەتی بۆ ئایندەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و گەڕانەوەی مافی زەوتکراومان بۆ خاوەنە رەسەنەکانی خۆی.
کورد هەلێکی بۆ رەخساوە، مەگەر هەر لە پڕۆسەی ئازادیدا هەلی وای بۆ رەخسابێت بۆ کەرکوک، پێویستە بە گیانی کوردایەتی دوور لە دەمارگیریی حزبایەتییەوە لەم ساتە مێژووییەدا هەموو یەک دەستبین و ببین بە مشتێکی پۆڵایین بۆ رووخاندنی یەکجارەکی قەڵای تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکوک و هەموو ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە.

       دروستکردن و کردنەوەی چەندین خوێندنگە  

ردنەوەی کتێبخانەی گشتی کەرکوک

کردنەوەی دەیان و سەدان رێگەوبانی جیاجیای نوێ لەناو شار و شارۆچکەکانی پارێزگای کەرکوک

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان