ماوەی 14 ساڵە کرێنیشینان چاوەڕوانی دابەشکردنی ئەو یەکانەن کە بۆیان دروستکراوە

09:44 - 2025-06-25
ڕاپۆرت
29 جار خوێندراوەتەوە
بەشێک لەو یەکانەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ کرێنشینان لە دروستکردندان

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

هێژا عەزیز خێزاندارە و خاوەنی پێنج منداڵە، ماوەی 24 ساڵە کرێچییە و تائێستا دوو جار فۆرمی وەرگرتنی یەکەکانی کرێنشینان و کەمدەرامەتانی پڕکردووەتەوە، بەڵام تائێستا نەبووە بە خاوەنی هیچ یەکەیەکی نیشتەجێبوون و هەر لە چاوەڕوانیدایە.
هێژا بۆ کوردستانی نوێ وتی: ماوەی 14 ساڵە حکومەت بانگەشەی ئەوە دەکات یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کرێنشینان دروست کردووە و دابەشی دەکات، بەڵام تائێستا هیچ کرێنشینێک یەکەی پێ نەدراوە و چاوەڕوانین.

ژمارەی گشتیی یەکەکان
ژمارەیەک لە یەکەکان لە ساڵی 2011ەوە دروستکراون، ژمارەیان 9 هەزار و 4 یەکەیە و دەکەونە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە، بەڵام زۆرینەیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی، بەم شێوەیە: هەولێر 1356 یەکە، سلێمانی 3876 یەکە، دهۆک 2116 یەکە، هەڵەبجە 192 یەکە، ئیدارەی راپەڕین 420 یەکە، ئیدارەی گەرمیان 360 یەکە، زاخۆ 324 یەکە و ئیدارەی سۆران 360 یەکە.
بەرهەم سەردار سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەوەی مایەی نیگەرانییە ئەو پرۆژەیە لە ساڵی 2009 دەستیپێکرد، ساڵی 2011 بۆ کۆتایی 2012 بەشێک لە بیناکان تەواو بوون، بەڵام تائێستا خزمەتگوزارییان تەواو نەبووە و حکومەت بەو هۆکارە دابەشی ناکات.
وتیشی: بەهۆی ئەوەی چەندین ساڵە یەکەکان دروست کراون و بە نیوەیی بەجێهیڵراون تێکچوون و بۆئەوەی دابەش بکرێن پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.

 

ئەو کەسانەی دووبارە فۆرمیان بۆ وەرگرتنی یەکەکانی کرێنشینان و کەمدەرامەتان پڕکردووەتەوە ناوەکانیان لە وەزارەتەوە بۆ دڵنیابوونەوە نێردراوە بۆ لایەنی بەرپرس لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان و تائێستا لەو قۆناغەدا وەستاوە

چاوەڕوانیی کرێنشینان
سەناریا سەلام خێزاندارە و 17 ساڵە کرێچییە، چەندین ساڵە فۆرمی یەکەکانی نیشتەجێبوونی پڕکردووەتەوە و چاوەڕوانە ببێتە خاوەنی یەکێکیان بۆ کوردستانی نوێ وتی: بەپێی ئەو خاڵانەبێت کە حکومەت دایناوە من مافی ئەوەم هەیە ببمە خاوەنی یەکێک لە یەکەکان، هەر جارێک بە سیتەکدا دەڕۆم و ئەو یەکانە دەبینم کە بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان دروست کراون و دابەش ناکرێن خەفەت دەخۆم.
سەناریا دەڵێت: بیانووەکەی حکومەت بۆ دابەش نەکردنیان زۆر بێ بنەمایە، خۆ بیناکە دروستکراوە و دەرگە و پەنجەرەی بۆ کراوە تەنها خزمەتگوزاری ماوە، دڵنیام دابەشی بکات بەسەر کرێنشیناندا هەرکەس لەلای خۆیەوە خزمەتگوزارییەکەی بۆ دابین دەکات بەس لە کرێچییەتی رزگاری ببێت، گوناح نییە ئەو یەکانە بەناوی ئێمەوە دروست کراون خەریکە لە چۆڵییا دەڕوخێن و ئێمەی کرێچی ناتوانین سوودی لێ ببینین؟

کەلوپەلی زۆربەی یەکەکان تێکچوون
حکومەتی هەرێم لە بودجەی وەربەرهێنانی حکومەتی فیدراڵ رێژەیەکی هەیە و لەوەش بڕێک بەر وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەکەوێت، وەزارەت بە نیازە لەو پارەیە  خزمەتگوزاریی یەکەکانی کرێنشینان و کەمدەرامەتان تەواو بکات.
سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینان دەڵێت: کرێنشینان چاوەڕوانی وەرگرتنی ئەو یەکانە دەکەن، لە کاتێکدا زۆرینەی کەرەستەکانی ناو یەکەکان وەک، بەلوعە، سویچ و پلاکەکانی کارەبا دزراون و دەرگە و پەنجەرەکانیش شکێندراون.
ساڵی 2023 وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بۆ دووەم جار پڕکردنەوەی فۆڕمی بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون لە رێگەی ئۆنلاینەوە راگەیاند و تا رۆژی 01-02-2024 پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بەردەوام بوو.
بەرهەم سەردار وتی: ئەو کەسانەی دووبارە فۆرمیان پڕکردووەتەوە ناوەکانیان لە وەزارەتەوە بۆ دڵنیابوونەوە نێردراوە بۆ لایەنی بەرپرس لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان و تائێستا لەو قۆناغەدا وەستاوە و نازانرێت چییان بەسەرهاتووە.

بەپێی یاسا کەمدەرامەتانیش دەتوانن ببنە خاوەنی یەکەکان
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم رایگەیاند: یەکەکان کاری نوێیان تێدا نەکراوە لەبەرئەوەی بودجەی دەوێت، هەرکات ناوەکان گەڕانەوە بۆ وەزارەت و بودجە دابینکرا، کار لە یەکەکاندا دەکرێت و دوای تەواوبوونیان بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکرێت کە شایستەن.
وتیشی: تەواوکردنی کاری سەرجەم یەکە نیشتەجێبوونەکانی کرێنشینان پێویستی بە 267 ملیار دینارە.
بەپێی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 2012ی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان، جگە لە کرێنشینان ئەو هاووڵاتییانەی کەمدەرامەتن و خۆیان بە شایستە دەزانن دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە.
جگە لە کەمدەرامەتان، بە گوێرەی ئاماری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، نزیکەی 150 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان