چەند زانیارییەک لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکان

چۆن دەنگ بدەیت؟ کەی ئەنجامەی رادەگەیەنرێت؟

11:57 - 2023-12-16
عیراق
375 جار خوێندراوەتەوە

هاوڕێ تۆفیق

پێشەکی:
رۆژی دووشەممە 18ی دێسەمبەری 2023 دەنگدانی گشتییە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق. روونە لە خۆپیشاندانی فراوانی شارەکانی عیراقدا کە لە ساڵی 2019  کرا، کە بە خۆپیشاندانی تشرینییەکان ناسرا، بەهۆی گەندەڵی لە کارەکانیاندا، یەکێک لە داوای خۆپیشاندەران هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوو، ئەنجومەنی نوێنەرانیش  گەرما و گەرم لە ترسی ناڕەزایی فراوانی خەڵک، لە دانیشتنێکی پەرلەماندا، ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەڵوەشاندەوە. 
پاش دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان، چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگاکان تانەیان لە دادگای فیدراڵی لە دژی بڕیارەکەی پەرلەمان تۆمارکرد، بەو بیانووەی کە ئەنجومەنی پارێزگاکان چوارچێوەیەکی دەستوورییان هەیە و لە مادەی (122) دەستوردا هاتووە. بۆیە پەرلەمان ناتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە، دادگای فیدراڵی پاشان بڕیاری دەرکرد بە پەسەندکردنی سکاڵاکە و چەسپاندی کە ئەنجومەنی پارێزگاکان چوارچێوەیەکی دەستووریی هەیە و دەبێت بەردەوام بێت و ناتوانرێت هەڵبوەشێتەوە، ئەنجومەنی نوێنەران دووبارە دانیشتنی کرد و بڕیارەکەی پێشووی هەموار کرد، لە بری هەڵوەشاندنەوە، بریاری هەڵپەساردنی دەرکرد، بەو پێیەی کە تەمەنی یاسایی چوار ساڵەی ئەنجومەنی پارێزگاکان تەواوبووە و بەسەرچوون. پاشان هەردوو قانونی هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگان دەستکاریکران و هەردووکیان لەیەک قانوندا رێکخست. 

گرنگترین خاڵەکان: 
1: دەنگدان کاتژمێر 7ی بەیانی دەستپێدەکات بە بەردەوامی و بەبێ راوەستان، هەتاوەکو کاتژمێر 6ی ئێوارە. واتە بۆ ماوەی 11 کاتژمێر دەنگدان هەیە. 
2: بەگوێرەی قانونی هەڵبژاردن تەنها بە کارتی دەنگدانی تۆماری بایۆمتری دەتوانرێت دەنگ بدرێت، بەپێچەوانەوە مافی دەنگدان دەفەوتێت و ناتوانرێ دەنگ بدرێت، ئەی کارتی تۆماری بایۆمتری چییە؟ پڕۆسەی تۆمارکردنی زانیارییەکانی دەنگدەرە بەشێوەیەکی ئەلکترۆنی کە دەبێت دەنگدەر خۆی بچێت بۆ یەکێک لە بنکەکانی تۆماری کۆمیسۆن و خۆی تۆماربکات، جگە لەوەی زانیارییەکانی بەشێوەی ئەلکترۆنی تۆماردەکرێت لە هەمان کات پەنچەمۆری ئەلکترۆنی هەر دە پەنچەی دەنگدەر تۆمار دەکرێت، لەگەڵ گرتنی وێنەی ڤۆتۆی دەنگدەر بەشێوەی ئەلکترۆنی، پاشان دوای چەند مانگێک کارتی دەنگدانی تۆماری بایۆمتری بۆ دەنگدەر دروست دەکرێت و دەبێت دووبارە سەردانی بنکەی تۆمارەکەی بکاتەوە بۆ ئەوەی کارتەکەی وەربگرێتەوە، کارتەکە سیم کارتی چیپی تیادایە و وێنەی دەنگدەرەکەی لەسەرە. 
3: لە سەرجەم عیراق رێژەی لە 70٪ هاووڵاتیان تۆماری بایۆمتریان کردوە، لەو رێژەیەش لە 90٪ کارتەکانیان وەرگرتۆتەوە.
4: لە پاڵ کارتی بایۆمتری دەنگدان هاوکات پێویستە دەنگدەر یەکێک لەم بەڵگەنامانەی پێبێت، ئەوانیش کارتی نیشتمانی، پاسپۆرت، تەسکەرە، وڵاتنامە یانی جنسیە. بە تەنها کارتی بایۆمتری ناتوانێت دەنگ بدات. 
5: پڕۆسەی ئەژمار و جیاکردنەوەی دەنگدان بە دوو رێگایە؛
یەکەم؛ بەشێوەی ئەلکترۆنی کە لەرێگای سندوقی ئەلکترۆنی دەنگدانەوە خۆی دەیکات، لە رێگای دەستپێدانان بە دوگمەی مەبەست لە لایەن بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدانەوە، کە راستەوخۆ پاش چەند چرکەیەک ئەنجامی دەنگدانەکە کە لە شێوەی پسوڵەیەکی لاکێشەیی درێژدا پیشان دەدات. 
دووەم؛ پاشان دەبێت سندوقەکە بکەنەوە و سەرجەم کاغەزی دەنگدانەکان بەشێوەی دەستی بژمێرن و ئەنجامەکەی لەسەر فۆرمێکی پێشوەختە ئامادەکراو تۆمار بکەن. 
ئەگەر هاتووە، لە نێوان ئەنجامی دەنگدانی ئەلکترۆنی و دەستی دا، جیاوازی بە رێژەی لە 5٪  هەبوو ، ئەوا سندوقی ئەو وێستگەیە دەبەن بۆ ناوەندی وردبینیکردن و جارێکی تر لەوێ بۆ رۆژی دواتر دەژمێردرێتەوە، لێکۆڵینەوەی ورد لە ئامێری لێکۆڵینەوەی ئەلکترۆنی و تۆماری دەنگدەران دەکرێت و ئەنجامی کۆتایی تۆمار دەکرێت. ئەگەر هاتوو دەنگی پوچەڵ، لەسەدا سێ لە کۆی دەبوو 3٪، ئەوا بە هەمان شێوە ئەو سندوقە دەبرێت بۆ ناوەندی وردبینی بۆ جاری دووەم ئەژمار دەکەێتەوە. 

ئەنجامی هەڵبژاردن
پاش تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان و پاش ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگ کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی چوار کاتژمێر بخایەنێت، کەواتە دەوروبەری کاتژمێر 10 ی شەو ئەنجامەکان تۆمار کرابن، پڕۆسەی ناردنی ئەنجامەکان لە ناوەندەکانی دەنگدانەوە بۆ سەنتەری ناوەندی داخڵکردنی داتاکان لە کۆمیسۆنی بەغدا، بەشێوەی ئەلکترۆنی دەبێت ئەویش لە رێگای گواستنەوەی ئەلکترۆنی بەهۆی مانگی دەستکردەوە، بەڕێوەبەری ناوەندی دەنگدان، ئامێری ڤیسارتی پێیە کە بەستراوەتەوە بە مانگی دەستکردوە و ئەنجامەکان دەنێرێت. 
بە گوێرەی قانونی هەڵبژاردن دەبێت پاش 24 کاتژمێر لە پڕۆسەی دەنگدان ئەنجامی سەرەتایی رابگەیەنرێت، بەڵام لە راستیدا ئەمە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە و بەهۆی جۆراوجۆریی مرۆیی و هونەریی پڕۆسەکە پەکیدەکەوێت و بەڕێژەی لە 70٪ ئەنجامی سەرەتایی رادەگەیەنرێت ئەمە لە کاتێکدا  پێویستە بەرێژەی لە 95٪ بێت .بەمەش وەکو ئەنجامی سەرەتایی کێشەی بۆ دروست دەبێت، لە راستیدا بەشی زۆری کێشەکان هونەرین، بۆ نموونە لە یەک کاتدا ناوەندەکانی هەموو عیراق ئەنجام دەنێرن، سیستەمی وەرگرتن فشاری لەسەر دروست دەبێت و ناتوانێت هەمووی وەربگرێت، لەلایەکی تر ئەو بڕەی (حوزمە) کە لەمانگی دەستکرد بە کرێ گیراوە، بڕەکەی  کەمە و بەش ناکات، هەرچەندە ئەمساڵ کۆمیسۆن چاکسازی کردووە و هەوڵیداوە چارەسەری بکات، بەڵام گەرەنتی نییە و پێشبینی دووبارەبوونەوەی کێشەی هونەری دەکرێت. بە تایبەتی لەم مانگەدا کەشوهەوا هەور و باراناوییە بەپێ زانیارییەکان رەگەزی کەشوهەوا کێشە بۆ ناردنی ئەنجامەکان دروست دەکات. 

سیستەمی هەڵبژاردن: 
1؛ پەیرەی سیستەمی سانت لیگۆی هەموارکراوی 1.7 دەکرێت، بەشێوەی ریزبەندی 7.5.3.1 هتد .
2: لەپاڵ بوونی لیستی قەوارەی سیاسی، لیستی تاکەکەسیش هەیە. 
3: رێژەی بەشداری خەڵک کاریگەریی هەیە لەسەر دیاریکردنی ژمارەی دەنگی کورسی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان