شێخ جەعفەر: کەرکوکییەکان هەمیشە پێشەنگ بوون

11:26 - 2023-12-19
کوردستان
595 جار خوێندراوەتەوە

پەیامێک لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە

بە بۆنەی سەرکەوتن و باش بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە لە 15 پارێزگای عیراق بە کەرکوکی قودسی کوردستانیشەوە لە (18ی کانوونی یەکەمی 2023) بەڕێوەچوو، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عیراق و کوردستان، دەزگا ئەمنییەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بەم پڕۆسەیە دەکەم کە ئاسایش و ئارامی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیان لە ئەستۆ دابوو و بە بێ دروستبوونی هیچ گرژی ئالۆزییەک لە کەشوهەوایەکی هێمنانە کۆتاییان بەم پڕۆسە پڕ لە دیموکراسییە هێنا.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق کە کەرکوکی قودسی کوردستانیشی لەخۆگرتبوو، بۆ ئێمەی نەتەوەی کورد هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بوو، بە تایبەت دوای ئەو سەرکەوتنە مەزنەی کە (لیستی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) بەدەستی هێنا، ئەمەش بە هەوڵ و ماندووبوونی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کادیران و جەماوەرە دڵسۆزەکەی یەکێتیی نیشتمانی بوو، ئەم سەرکەوتنە مەزنەتان لێ پیرۆز دەکەم، گوڕوتینی ئێوە و جەماوەر و دەنگدەرە دڵسۆزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرز دەنرخێنم.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ مێژووە پڕ سەروەرییەکەی، هەمیشە بە گرنگییەوە لە شاری کەرکوکی قودسی کوردستانی روانیوە، ئامانجی یەکێتی بۆ کەرکوک خزمەتکردن و خۆشگوزەرانی و مافە نەتەوەیی و سیاسی و ئیدارییەکان بووە، لەپێناوی پاراستنی برایەتی و یەکڕیزی نێوان گشت پێکهاتە رەسەنەکانی ئەم شارە، دوای پڕۆسەی رزگاركردنی عیراقیش لە ساڵی (2003)وە نوێنەرانی یەكێتی  نیشتمانی بوون لە بەغدا کە توانیان مادەی (58)ی یاسای كاتی عیراق و مادەی 140 لە دەستووری هەمیشەیی عیراق جێگیر بکەن، كە هەردوو یاساکە تایبەتە بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەکان. 

ئومێدەوارم لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ئەم هەڵبژاردنە، بە زووترین کات پارێزگارێکی کورد بۆ شاری کەرکوکی قودسی کوردستان دیاری بکرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردییەکان، یەکڕیزی و یەک دەنگیان بکەن بە سەرکەوتنێکی تر بۆ خەڵکی ئەم شارە، بۆ ئەوەی بە هەموومان بتوانین خزمەتی خەڵکە دڵسۆز و کوردپەروەرەکەی ئەم شارە زوڵم لێکراوە بکەین، چونکە کەرکوکییەکان هەمیشە پێشەنگ بوون لە خەبات و قوربانیدان بۆ گەیشتن بە ئازادی و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی 
کوردستان 
19/12/2023

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان