لەتیف نێروەیی: خەڵكی ناوچە جێناكۆكەكان یەكێتی-یان پاداشت كرد

11:00 - 2023-12-21
کوردستان
586 جار خوێندراوەتەوە

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIA، لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی، ئاماژە بە هەڵوێستی یەكێتی پاش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، دەكات و رایدەگەیەنێت كە «خەڵكی ناوچە جێناكۆكەكان یەكێتی-یان پاداشت كرد و لایەنەكانی دیكەیان سزادا، كە لە تەواوی پارێزگاكاندا دەنگی یەكێتی زیادیكردووە، هۆكارەكەشی ئەوەبوو یەكێتی لەگەڵ یەكڕیزی و یەكدەنگیی ماڵی كورددا بوو، چەند لایەنێكیش، كە سیاسەتێكی دروستیان نەبوو و بەدەنگ بانگەوازی یەك لیستیی یەكێتییەوە نەهاتن و دەنگی كوردیان لەت كرد، لایەنگر و دەنگدەرانیان سزایان دان و دەنگیان كەمیكرد».

سەركەوتنێكی گەورەی بێوێنە
سەبارەت بە زیانەكانی لیستی جیای لایەنەكانی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقدا، لەتیف نێروەیی، رایگەیاندووە: پێش بانگەشەی هەڵبژاردن و لەكاتی بانگەشەشدا، وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوامان لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد كە بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەین، بەداخەوە تەنها حزبی شیوعی پێشوازییان لە بانگەوازەكەمان كرد و لایەنەكانی دیكە بە لیستی جیا بەشداربوون، ئەوەش زیانی زۆری بە دەنگی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان گەیاند، لایەنەكانیشمان ئاگاداركردەوە لەوەی وەك حزب دەنگەكانتان بەفیڕۆدەچێت كە وەك ئەوە وایە بەشداریی هەڵبژاردنتان نەكردبێت. «دەنگدەرانی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان بە گشتی و لە كەركوك بەتایبەتی، هەڵوێست و سیاسەت و بانگەوازەكەی یەكێتییان لاپەسەندبوو، بەرز هەڵیانسەنگاند و پاداشتی یەكێتی-شیان كرد، دەیانزانی پەیامەكەمان بۆ بەرژەوەندیی گشتی و چارەسەركردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكانە، هەر لەو روانگەیەشەوە یەكێتی توانی سەركەوتنێكی گەورەی بێوێنە تۆمار بكات».

یەكێتی، هێزی یەكەمە و زۆرترین دەنگی هەیە
ئاماژەی بەوەشكردووە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاندیدی دەرچووی لە هەر چوار پارێزگای كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین هەیە و هێزی یەكەمە و زۆرترین دەنگی هەیە و سەركەوتنی یەكێتی-ش لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتنی هەموو گەلی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانە و بەرنامەی حزبیشمان بەشێوەیەكە دەمانەوێت سیاسەتی چەپكەگوڵەكەی سەرۆك مام جەلال لە حكومەتی خۆجێیی پارێزگا جێناكۆكەكاندا پەیڕەوبكەین.

«جارێكی دیكە هەوڵەكانمان بە ئاڕاستەی یەكڕیزی و تەبایی لایەنەكان دەخەینەگەڕ»
لە درێژەی قسەكانیدا، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی، تەئكیددەكاتەوە كە «لەدوای راگەیاندنی كۆتایی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە دڵنیاین دەنگەكانمان زیاددەكەن، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جارێكی دیكە هەوڵەكانی بە ئاڕاستەی یەكڕیزی و تەبایی لایەنەكان دەبێت لە ئاستی هەرێم و عیراقدا، كە لە رابردوودا بەو شێوەیە بووە و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەرێم و عیراق سەردانی لایەنەكانی كرد و تەئكیدی لە یەكڕیزیی دەكردەوە، ئەوەش ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرەیە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموو كاتێك ژیانێكی شایستەتری بۆ گەل و میللەتەكەی دەوێت».

سەركەوتنی یەكێتی پەیوەستە بە ئیرادە و ماندوبوونی گەلەكەمانەوە
لە كۆتایی قسەكانیشیدا، لەتیف نێروەریی دەڵێت: سەركەوتنی یەكێتی پەیوەستە بە ئیرادە و خەبات و ماندوبوونی گەلەكەمانەوە، كە هەموان تێكڕا لە ئاستی حزب و هاووڵاتیانیش هەوڵەكانیان خستەگەڕ بۆ سەركەوتنی یەكێتی و كاندیدەكانی لە تەواوی ناوچەكاندا، كە هەر بەو شێوەیە بوو و ئێستاش لە تەواوی ناوچەكاندا چینوتوێژە جیاوازەكان بەشداری لە ئاهەنگ و شادییەكانی یەكێتیدا دەكەن و سەركەوتنەكەی یەكێتی بە سەركەوتنی خۆیان دەزانن.

#هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ناوچە دابڕێنراوەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان