دادگای تاوانەكانی كەركوك سزای زیندانیكردنی بۆ 10 كەس دەركرد بەھۆی ستایشكردنی حزبی بەعسەوە و کەسێکی تریشی دەستگیرکرد کە وێنەی سەدام حسێنی بەرزکردۆتەوە.
بەپێی راگەنراوێكی رەسمی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراقی، 10 تۆمەتبار لە كەركوك دەستگیركراون بەپێی یاسای قەدەغەكردنی بەعسی لەناوچووی ژمارە 32ی ساڵی 2016.
هەروەها لەو راگەیەنراوەدا هاتووە كە مەفرزەكانی ئاسایشی نیشتمانی لە كەركوك دوای بەدواداچوون یەكێك لەو كەسانەی دەستگیر كرد كە لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا لە بەردەم بینای پارێزگای كەركوكدا ئاهەنگ دەگێڕێت و بانگەشە بۆ بەعس دەكات.
هەر لەو راگەیەنراوەكە داهاتووە: "دادگای تاوانەكانی كەركوك بڕیاریدا بە سزای 5 ساڵ زیندانی بەسەر 10 كەسدا كە لە لایەن مەفرەزەكانی ئاسایشی نیشتمانیەوە دەستگیركرابوون".
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە: "ئەو 10 کەسە دانیان بەوەداناوە کە لەچوارچێوەی تۆڕێکدا کە سەر بە حیزبی بەعسی هەڵوەشاوەبوون، کاریان بانگەشەکردن بوو بۆ حزبی بەعسی لەناوچوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" .
لە چەند شەوی رابردوودا گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراوەیەوە كە لە كەركوك كۆمەڵێك كەس ئاهەنگدەگێڕن و بە ئاشكرا وێنەی سەدام حسێن دیكتاتۆری لەناوچوو بەرزدەكەنەوە و پشتیوانی بۆ بەعسی لەناوچوو بەدروشم و هوتاف دەردەبڕن.