سازانی نیشتمانی رێگەی دەربازبوونە

09:08 - 2022-05-28
ڕاپۆرت
420 جار خوێندراوەتەوە
شاری بەغدا

راپۆرتی: جێگر خدر
زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق کراوە، بەڵام هێشتا لایەنە براوەکانی پڕۆسەکە نەگەیشتوونەتە بنبەست بۆ رێکەوتن، ئەگەرچی گفتوگۆکان بەردەوامن و چەندان دەستپێشخەریش لەئارادایە، بەڵام هێشتا هەوڵەکان چوارچێوەی میدیایان تێنەپەڕاندووە، لەوبارەیەشەوە ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: «لایەنەکان ناچارن بگەنە سازان، ئەوە تاکە رێگەچارەی دەربازبوونە لەو دۆخە چەقبەستووەی عیراق، چونکە پێشتریش هەر  بنەمات سازان عیراقی لەم تەنگەژانە دەربازکردووە».

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، ماوەی زیاتر لە چوار مانگە سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام بەهۆی نەگەیشتنە رێکەوتنی لایەنەکان تا ئێستا هیچ یاسایەکیان لەم خولەی خۆیاندا دەرنەچواندووە، کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی «نوێنەران» لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ هۆکاری دواکەوتنی کارەکانی خۆیان لە نوێنەران و هەڵنەبژاردنی دوو سەرۆکایەتییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە پێکهاتە سەرەکییەکان لەنێو خۆیاندا ناکۆکن و ئەمەشیان بۆ پڕۆسەی سیاسی عیراق بە شێوەیەکی گشتی گواستۆتەوە و راشیگەیاند: شیعە لەنێو خۆیاندا بوونەتە دوو بەرەی جیا، هەریەکەشیان ئەجێندایەکی تایبەتیان هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. هەروەک کورد و شیعەش بەهەمان شێوە لەنێو خۆیاندا جیاوازییان هەیە لەسەر حکومەتی زۆرینە و حکومەتی تەوافوقی، بەرەیەکیان پشتگیریی حکومەتی زۆرینە  دەکات و لایەنەکەی دیکەش پێداگری لەسەر سازان و حکومەتی بنکە فراوان دەکەنەوە.
هەروەها وتی: چەمکی سازان لە خولەکانی رابردوودا عیراق-ی لە دۆخی هاوشێوەی ئێستا رزگار کردووە بۆیە پێماوانییە کە چەمکی زۆرینە لە وڵاتێکی وەک عیراقدا سەرکەوتوو نابێت، تائێستاش هیچ لایەنێکیان سازشیان لەسەر ئەو چەمکانە نەکردووە کە دەستیان پێوەگرتووە، هەرچی یەکێتیشە  هەر لە سەرەتاوە پێیوابووە کە سازان و گفتوگۆی بنیاتنەرانە بە بەشداریی تێکڕای لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن تاکە رێگەی چارەسەرە بۆ ئەم دۆخەی عیراق.
نەبوونی متمانە عیراقی بەو دۆخە گەیاندووە
هەر لەوبارەیەشەوە، دارا سێکانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بە کوردستانی نوێی راگەیاند: عیراق لەدوای  هەڵبژاردنی پێشوەختەوە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە، نەخشەی سیاسی عیراق گۆڕا و پێگەی لایەنە سیاسییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات، بۆ یەکەمینجارە لە عیراقی دوای پرۆسەی ئازادی، قسەکردن لەسەر بژاردەی زۆرینەی نیشتمانی هاتۆتە ناو گفتوگۆکانەوە، ئەگەرچی هەڵگرانی ئەم بیرۆکە سیاسییە پاساوی خۆیان هەیە و کابینەکانی رابردوو بە نموونەی سەرنەکەوتوو دەزانن، بەڵام رووداوەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە بارودۆخی عیراق بەهۆی ئەو جیاوازییە نەتەوەییە، ئاینییە، مەزهەبییەی هەیەتی، ناکرێت پەراوێزخستن لە پرۆسەی سیاسیدا هەبێت، بۆیە تاکە چارەسەری ریشەیی سازان و لیکتێگەیشتنە لەنێوان تێکڕای لایەنەکاندا، بە لەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گەلانی عیراق.
لەنێو براوەکانی هەڵبژاردندا، تا ئێستا چەندین دەستپێشخەری بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان خراونەتەڕوو، چوارچێوەی هەماهەنگی 18خاڵی بۆ بەبنبەست نەگەیشتنی ئەم دۆخە خستۆتەڕوو، هاوکات سەید موقتەدا سەدر بۆ دووەمین جار دەستپێشخەریی خۆی راگەیاند، کە نوێترینیان بۆ سەربەخۆکان بوو، بەڵام وەک کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: لەوە ناچێت هیچ ئەنجامێکی هەبێت، بەو پێیەی سەربەخۆکان هێزێکی کاریگەر و گەورەی ئەم دۆخە نین و لایەنەکانی دیکەش هەڵوێستی خۆیان دەبێت.
بە بڕوای دارا سێکانیانی،  هۆکاری بەئەنجام نەگەیشتنی ئەو دەستپێشخەرییانە، بۆ نەبوونی متمانە لەنێوان لایەنەکاندا دەگەڕێتەوە، چونکە ترس هەیە لە کاردانەوەی دەسەڵاتدارەکان بەرامبەر بەو لایەنانەی کە دەچنە دەرەوەی حکومەتەوە، بەهەمانشێوە، ئەوانەی لە دەرەوەشن ترسیان لە لایەنی دەسەڵاتداری داهاتوو هەیە، دەشڵێت: «زۆرێک لە لایەنەکان باوەڕیان بە گەمەی دیموکراسی نییە».
سازشی نیشتمانی، لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمان
لای خۆیەوە، ئەرسەلان مەحمود چاودێری سیاسی لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ، دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق لە پاش تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردندا، بە مەترسی بۆسەر ئایندەی عیراق لێکدەداتەوە و پێوایە ئەو دۆخە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە و دواجار بە زیان بۆ کۆی پرۆسەی سیاسیی عیراق دەشکێتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان واز لەو گەمە سیاسییە بهێنن کە بە عیراق و عیراقییەکان دەکرێت، پێویستە بە عەقڵێکی نیشتمانیانە سازشێکی نیشتمانی بۆ یەکتری بکەن و بکەونە گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانە و نیشتمانیانە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق. خوێندنەوەیەکی روونیان بۆ دۆخی عیراق هەبێت، جیاوازییە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەکان تایبەتمەندی عیراقن و پێویستە لەبەرچاوبگیرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان