جیاکاری رەگەزی و جێندەریی لە جەنگی ئۆکرانیادا

09:40 - 2022-05-28
کەلتور
549 جار خوێندراوەتەوە

و: دڵان سامان
لە شیکردنەوەیەکی جێندەری نوێی دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان لەگەڵ رێکخراوی کیر-ی نێودەوڵەتی بۆ ژنان هاتووە بەهۆی قەیرانی جەنگەوە لە ئۆکرانیا ژنان و کەمینە نەتەوەییەکان لە جەنگدا رووبەڕووی تەنگەژەی زۆر دەبنەوە لە بابەتە تەندروستییەکان و ئاسایش و سەلامەتی و دەستکەوتنی خۆراکدا، ئەو لێکۆڵینەوەیە دەریخستووە دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دەستپێکردنی جەنگ لە ئۆکرانیا، کە ملیۆنان کەس ئاوارە بوون و بە ناچاریی لە ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵهاتوون، ئەوە وایکردووە ژنە ئۆکرانییەکان بەڕێژەیەکی زۆر ببنە بەخێوکەری خێزانەکانیان و رابەری کۆمەڵگەکانیان دوای رۆیشتنی زۆربەی پیاوان بۆ جەنگ، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بە رێژەیەکی زۆر دووردەخرێنەوە لە پرۆسەکانی دروستکردنی بڕیارە فەرمییەکان دەربارەی هەوڵە مرۆییەکان و پێکهێنانی ئاشتی و چەندان بواری دیکە کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کار لە ژیانیان دەکات.
شیکردنەوەکە پشتی بەو توێژینەوە و بەدواداچوون و چاوپێکەوتنانە بەستووە کە لەگەڵ خەڵکی 19 ناوچەی ئۆکرانیا کراوە لە نێوان 2 -6 نیسانی ئەمساڵدا، تێیدا تیشک خراوەتە سەر جۆرییەتی کۆمەڵایەتی قەیرانەکە و داوا لە حکومەتەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندارەکانی دیکە دەکات لەو رێوشوێنانەی دەیگرنەبەر بۆ کاردانەوە مرۆییەکانیان ئەوە لەبەرچاو بگرن.
جیاکاریی رەگەزیی لەسەر بنەمای جێندەر و رەگەز
یەکێک لەو ژنانەی بەشدارییان لەو راپرسییەدا کردووە دەڵێت « کاتێک مەسەلەکە پەیوەستە بە پێداویستییە مرۆییەکانی ئاوارەکان و دانیشتوانی ناوچەکە و خێزانەکان زۆربەی کارەکان ژنان دەیکەن وەکو لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بردنی هاوکارییەکان بۆ نەخۆشخانەکان و خۆراک بۆ خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ ئاگاداربوون لە کەسوکار و منداڵەکانیان و ئەوانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن.
راپۆرتەکە دەریخستووە کاریگەری جەنگ لەسەر ژنان یەکسان نییە، بەتایبەتی ئەوانەی لە ناوخۆدا ئاوارە بوون لەگەڵ چینە لاوازەکانی کۆمەڵگە وەکو ئەو خێزانانەی ژنان بەخێوکەریانن لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان..هتد، زۆرێک لەو قەرەجانەی ئەو کۆمەڵگانە باسیان لەوە کردووە جیاکاریی رەگەزی و جێندەرییان بەرامبەر دەکرێت جا لە ژیانی رۆژانەدا بێت یان لە هەوڵەکانیان بۆ دەستخستنی هاوکارییە مرۆییەکان.
داواکاریی بۆ چارەسەرکردنی پێداویستی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە
د.سیما بحوس بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان لەو بارەیەوە دەڵێت « گرنگە بۆ هاوکارییە مرۆییەکان لە ئۆکرانیا پێداویستییە جیاوازەکانی ژنان و کچان و پیاوان و کوڕان لەبەرچاوبگیرێت، لەگەڵ ئەوانەی سەر بە چین و توێژی چەوساوەن لە کۆمەڵگەدا و مەسەلەکان چارەسەر بکرێن».
سیما روونیدەکاتەوە ئەو شیکردنەوەیەی کردوویانە بەڵگەی پێویست دەخاتەڕوو بۆ بوونی ئەو پێداویستییانە و پەلەکردن تێیاندا و دەڵێت «ژنان رۆڵی زیندوویان گێڕاوە لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بە کۆمەڵگەکانیان، بۆیە پێویستە بەشێوەیەکی ئامانجدار بەشداریان پێبکرێت لە پرۆسەکانی پلاندانان و دروستکردنی بڕیار بۆ دڵنیابوونەوە لە پڕکردنەوەی پێداویستییە تایبەتەکانیان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە تەندروستی و ئاسایش و سەلامەتی و دەستخستنی سەرچاوەکانی ژیان».
گرنگی گوێگرتن لە زیانلێکەوتوان
سۆفیا سبریشمان بریکاری گشتی رێکخراوی کیر-ی نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە دەڵێت «شیکردنەوەی جێندەری و رەگەزیی بە قسەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ دانیشتوانی زیانلێکەوتوو وامانلێدەکات زیاتر وردبین لە دیاریکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی و دابینکردنیان بە باشترین شێوە».
هەروەها دەڵێت «ئەوەی لە گەلی ئۆکرانیاوە گوێبیستی دەبین ئەوەیە گروپی دیاریکراو لە خاوەنپێداویستی تایبەت و کەمیینەکانی دیکە و دایکانی سینگڵ و منداڵانی بێ سەرپەرشت، پێویستیان بە شێوەی جۆراوجۆر لە هاوکاری و پاراستن هەیە، بۆ پارێزگاریکردن لە کاردانەوەی باش و کاریگەر، ئێمە دەبێت راوێژ بەو گروپ و کەسانە بکەین تاوەکو پێشینەی کارەکانمان بدەین بەوان لە رێی تەکنیکێکی هاوکاری وردەوە، چونکە ئەم دۆخە تا دێت خراپتر تەشەنە دەکات».
هەندێ رێنمایی پێویست
*ئەو شیکردنەوەیە جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت بۆ پارێزگاریکردن لە جێبەجێکردن و پڕکردنەوەی پێداویستییە مرۆییەکانی ژنان و پیاوان و کوڕان و کچان کە لە دۆخە لاوازەکاندان و لە چینە ژێردەستەکانی کۆمەڵگەن پێشینەی کارەکانیان بدەنە ژنان و گەنجان بۆ پێشڕەویکردن و دروستکردنی بڕیار. 
*هەروەها هانی رێکخراوەکانی ژنان و ئەوانە دەدات کە ژنان رابەریی دەکەن بۆ بەشداریکردن لەو کاردانەوەیەدا لە رێگەی دابینکردنی سەرچاوە داراییەکان و بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان لە پێگە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکاندا.
*پێویستە ژنان و پیاوانی ئاوارە پاڵپشتی و راهێنانی دەستی کار و رێگەکانی دابینکردنی بژێوی ژیانیان پێشکەشبکرێت لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی گۆڕانی رۆڵ و کاری هەردوو رەگەز.
* گەیشتن بە پەناگە و شەڵتەرەکانی خۆپارێزیی دووربێت لە هەموو جۆرە جیاکارییەکی رەگەزیی و جێندەریی و دەڵێت «دەبێت پەناگە گشتییەکان شوێنی مانەوەی هەردوو رەگەزی تێدا جیابکرێتەوە یان ئەوانەی خێزانن جیابکرێنەوە لەوانی دیکە». 
سەرچاوە: news.un.org

بابەتە پەیوەندیدارەکان