ژنە شۆڕشگێڕە گومناوەکان

10:26 - 2022-05-28
ڕاپۆرت
520 جار خوێندراوەتەوە

ئا: نەسرین كوردە
ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لێرەدا باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و کوردستان دەکەین کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە.

 


ئەنجوم عەبدوڵڵا محەمەد زوهدی
ژنێکی دیکەی گومناوی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد ئەنجوم عەبدوڵڵا محەمەد زوهدی-یە ساڵی 1934 لەدایکبووە ئەو ژنە دەڵێت: لە بەغدا «دار المعلمات الابتدائیة» تەواو کردووە ساڵی 1957 سەرەتا پەیوەندیم کرد بە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لە 18 / 10 / 1955 لە مەرگە سەر بەناحیەی بنگرد دامەزرام کاتێک بۆ یەكەمجار قوتابخانەی كچانی لێكرایەوە بەناوی ( فتح جدید).
لە ساڵی 1962 دا وەك هەڵسوراوێكی ئەوكاتە ئەو بەیاننامە مێژوویانەی كە بۆ پاڵپشتی شۆڕشی ئەیلول دەردەکرا بڵاومدەکردەوە، بۆیە لە 10 / 10 / 1963 بە هۆی چالاكی سیاسیەوە گیرام و نێردرام بۆ بەغداد بۆ ( قصر النهایە ) پاش مانگ و نیوێک لە ئازارو ئەشكەنجە بێتاوان دەرچووم و لە مانگی 9 / 1966 دا گوازرامەوە بۆ كەربەلا (ابعاد).
یەکێتی مامۆستایان
ئەو ژنە لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوەدەکات لە 15 / 5 / 1962 بەشداریكردووە لە كۆبوونەوەی فراوانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستاندا بەمەبەستی دامەزراندنی و دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بووە، هەروەها دەڵێت: لە 1/ 4 / 1963 بەشداریمكرد لە كۆنگرەی یەكەمی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کە بە نهێنی لە سلێمانی لە ماڵی ئێمە گیرابە ئامادەبوونی ئەندامەکانی لە سلێمانی و نوێنەرانی لقەكانی هەولێرو كەركوك و رانیە، شەقلاوە، قەڵادزێ.
ئەو ژنە دەڵێت لە 1/ 10 / 1964 فەرمانی بوون بەسەرپەرشتیاری وەرزشی خوێندنگە سەرەتاییەكانم بۆ دەرچوو ئەمە هەلێكی باش بوو بۆ من بۆ ئەوەی پەیوەندی بە مامۆستایان و قوتابیانی وشیارەوە بكەم بۆ رێكخستنیان لە رێكخراوەكانی ( ی ن ك ) ( پ د ك ) ( ی م ك ) .
کۆنگرەکان
ئەنجوم عەبدوڵڵا وتی: بەشداریم كردووە لە گشت كۆنگرەكانی یەکێتی مامۆستایانی ئاشكرای بەغدا ساڵی 1971 و كۆنگرەی نهێنی 1972و كۆنگرەی سێیەمی هەولێر لە 19 /4 / 1972.
هەروەها لە مانگی 7 /1973 بەشداریم كرد لە فێستیڤاڵی ( لاوان و قوتابیانی جیهانی ) لە ئەڵمانیای شەرقی.
دواجار دەڵێت: لە 2/ 4 / 1974 بە فەرمانی حزب رۆشتینە دەرەوەی شار بۆ ناو شۆڕشی چوارتا - ماوەت - دواتر بۆ ئێران و لە 24 / 3 / 1975 هاتینەوە سلێمانی پاش نسكۆی شۆڕش دابڕام لە رێكخستن هەتا مانگی 10 / 1993.
دوای گەڕانەوەم بۆ ناو رێكخستن كرام بە لێپرسراوی كۆمیتەی تایبەت منیش پەیوەندیم كرد بە هەڤاڵە دێرینەكانەوە كە پچڕابوون ئەوانیش ( شكریە حسین - رووپاك ابراهیم - گەلاوێژ فتح الله - خەرامان - فوئاد - سعدیە عبدالكریم فوئاد و ست بەهیە ) بەردەوام بووم تا ساڵی 1997 . 

بابەتە پەیوەندیدارەکان