یادەوەریی وەرزشی

09:41 - 2023-12-26
وەرزش
150 جار خوێندراوەتەوە
د. دێرێ لەتیف ئەمین

خەسرەو گورون

96




لە ئەڵقەی رابردووی ئەم باسانەمدا تیشكێكم خستە سەر خولێكی دۆستانەی یانەو دامەزراوە وەرزشییەكانی سلێمانی كە لقی سلێمانی یەکێتیی تۆپی پێی عیراق رێکیخستبوو، ئەم خولە دووەم خولی دۆستانە بوو پاش تەواو بوونی یارییەکانمان لە خولی پلە دووی یانەکانی عیراقدا رێکبخرێت، یارییەکانیش لە یاریگای سلێمانی بەڕێوە دەچوون، وا لەم جارەی باسەکانیشدا لەسەر سێیەم یاریی تیپی یانەی سلێمانی ئەم خولە دەوەستین و باسی دەکەین.
خولەکە ئەم تیپانە تیایدا بەشدار بوون (یانەی سلێمانی، یانەی سیروان، مەڵبەندی لاوانی سلێمانی، مەڵبەندی لاوانی شەهید، پۆلیسی سلێمانی، یانەی قوتابیان و لاوان)، یارییەكان بەسیستمی چوونە دەرەوە بوو بە دوو دۆڕاندن، خولەكەش مانگی ئابی ساڵی 1990 دەستیپێكرد، یەکەم یارییمان رۆژی 1/8/1990 بەرامبەر تیپی پۆلیسی سلێمانی بوو پاش یەکسان بوون 1-1 دواتر بەپەنالتی یارییەکەمان بردەوە. 
دووەم یارییشمان رۆژی 2/8/1990 کرد كە بەرامبەر تیپی مەڵبەندی لاوانی شەهید بوو، سەرەنجامیش 2-1 یارییەكەمان بردەوە و بووین بەخاوەنی دوو بردنەوە.
سێیەم یاریمان بەرامبەر تیپی یانەی قوتابیان و لاوانی سلێمانی بوو، رۆژی 11/8/1990 کرا، هەردوو راهێنەر عومەر خەتاب و حەمە بچكۆل راهێنەرانی تیپی یانەی سلێمانی بوون،  شێخ ئیسماعیل مەحمود سەرپەرشتیاری تیپەكە بوو، لەم یارییەدا هەردوو راهێنەر بە پلانی 4-3-3 یارییان كرد، پێكهاتەكەشمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵچی: رزگار عەلی.
* بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، نەوزاد مستەفا، شەماڵە ڕەش، شەهید هەرسین رەسوڵ.
*ناوەند: خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج، کاژاو کەمال، شوان عەتوف.
*هێرشبەر:دێرێ لەتیف ئەمین، بەکری شێخ مستەفا، گۆران مەحمود حاجی.
لە یارییەكەدا هەردوو راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد: تەنیا حەسەن تەنیا بۆ شوێنی کاژاو، ئالان قادر بۆ شوێنی شوان، سەڵاحی شێخ ئەمین بۆ شوێنی بەکر.
لە کاتی یاسایی یارییەکەدا (1-1) یەکسان بووین، دواتر بە پەنالتی (3-1) یارییەکەمان بردوەو، گۆڵەکەی یانەی سلێمانی خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج د؛29 کردی، تیپی بەرامبەریشمان لە دەقیقەی 43 دا گۆڵی یەکسان بوونەوەیان کردەوە، پەنالتییەکانی ئێمەش شاهۆ و خەسرەو و جەعفەر کردیان و بەم ئەنجامەش گەیشتینە یاریی کۆتایی، لە یاریی دواتردا تیپی یانەی قوتابیان و لاوانی سلێمانی براوە بوون و ئەمانیش وەک ئیمە گەیشتنە یاریی کۆتایی.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان