زیاد جەبار: یەکێتی بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەک ناکات کە ئامانجی دواخستنی هەڵبژاردن بێت

01:37 - 2024-05-02
کوردستان
275 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە و لە بەرامبەر هەر هەوڵێکی لەو چەشنە، سکاڵا لە دادگاکانی هەرێم و عیراق تۆمار دەکات.
لەو بارەیەوە زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی رایگەیاند: لەکۆبوونەوەی دوێنێی مەکتەبی سیاسیدا جەخت لە هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی کە سەرۆکی هەرێم دیاریکردووە کرایەوە، چونکە هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە لەبۆشایی یاساداناندایە و حکومەتیش کاربەڕێکەرە، بۆیە پێویستە بەزووترین کات دامەزراوەکانی کارابکاتەوە، کە ئەمەش بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبێت.
هەروەها وتیشی: هەر لایەنێک هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن بدات، بەرپرسیارییەتی لاوازبوونی قەوارەی هەرێمی دەکەوێتە ئەستۆ، هاوکات یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری هیچ هەوڵ و کۆبوونەوەیەک ناکات، کە ئامانج لێی دواخستنی وادەی هەڵبژاردن بێت، ئەگەر هەوڵێکیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە نایاسایی هەبێت، بەدڵنیاییەوە یەکێتی پەنا دەباتە بەر یاسا لەهەرێمی کوردستان و عیراق.

#هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان