عیماد ئەحمەد: ئامانجمان پێكهێنانی ئەنجومەنێكی خزمەتگوزارە بۆ كەركوك

10:06 - 2023-12-26
کوردستان
645 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتی توانیوێتی لە ناوچە جێناكۆكەكاندا زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، ئەو سەركەوتنەش لێمان دەخوازێت دەستی خزمەت بۆ خەڵك و  هاوپەیمانیی بۆ لایەنەكان درێژ بكەین

 

 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستی هاوپەیمانیی بۆ لایەنە كوردستانییەكان درێژدەكات و خزمەتی خەڵك بەكاری لەپێشینەی دەزانێت، لەم روانگەیەشەوە لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری رایگەیاند: یەكێتی لەسەر رێبازی چەپكەگوڵەكەی سەرۆك مام جەلال درێژە بە خەباتی سیاسی دەدات، وتیشی: لە كەركوك هێز و دەنگی یەكەمین و ئیستحقاقی هەڵبژاردنە پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت و ئامانجمانە ئەنجومەنێكی خزمەتگوزار پێكبهێنین بۆ خزمەتی كەركوك.
عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA، رایگەیاندووە: ئەو دەرئەنجامە ناكۆتاییەی لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە راگەیەنراوە لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقەوە، ئەركی یەكێتی لە ناوچە جێناكۆكەكان بەگشتی و كەركوك بەتایبەتی، قورستر كردووە، چونكە یەكێتی توانیوێتی لە ناوچە جێناكۆكەكاندا زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، ئەو سەركەوتنەش لێمان دەخوازێت دەستی خزمەت بۆ خەڵك و  هاوپەیمانیی بۆ لایەنەكان درێژ بكەین.
عیماد ئەحمەد راشیگەیاندووە: ئەركمانە ئەو بەڵێنانەی لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە دەنگدەرانی خۆشەویستی ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەت كەركوكمان داوە، جێبەجێیان بكەین و سیاسەتی یەكێتی ئەوەیە لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان و پێكهاتە رەسەنەكانی كەركوك پارێزگار و ئەنجومەنێك بۆ كەركوك پێكبهێنێت كە خزمەتكاری خەڵكی شارەكە بێت، بێگومان ئەگەر لایەنە كوردستانییەكان هاوپەیمانمان بن بۆ نەینەوا و پارێزگا جێناكۆكەكانی دیكەش ئەو پلانە جێبەجێ دەكەین، ئەمە جگە لەوەی لە كەركوك یەكێتی دەنگی یەكەمی بەدەستهێناوە و ئیستحقاقی خۆیەتی لە هەڵبژاردن كە پارێزگاری كەركوك وەربگرێت، ئاماژەی بەوەش كردووە: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رابردوودا سەركەوتنی گەورەی لە كۆنگرە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەدەستهێنا، بەو رۆحیەتەوە و بەیەك دەنگ كاردەكەین بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و ئامانجمانە سەركەوتنی گەورەش لەو هەڵبژاردنەدا بەدەستبهێنین، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش پلان و بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جێبەجێ بكەین، كە خزمەتكردنی خەڵكە و بۆ ئەو ئامانجەش دامەزراوە، دەشڵێت: وەك چۆن لە رابردوودا بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكێتی جموجۆڵی سیاسی لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق هەبووە، لە ئایندەشدا جموجۆڵی سیاسی زیاترمان دەبێت، كە تەنها ئامانجمان خزمەتكردنی خەڵكی هەرێم و عیراقە و لەسەر رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال-یش كە رێبازی چەپكەگوڵەكەیە، كاری پێكەوەییمان لەگەڵ لایەنەكاندا دەوێت، لەپێناوی بەدیهێنانی ئازادی و ئارامی زیاتر بۆ عیراق و خزمەتی زیاتر بۆ گەلی خۆمان و عیراق بەگشتی.
PUKMEDIA

#کەرکوک #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان