ژن و مێردایەتیی سەركەوتوو لە بیروباوەڕی كۆنی خۆرئاوادا

10:47 - 2023-12-26
کەلتور
366 جار خوێندراوەتەوە
ژن و ژنخوازی لە جیهاندا بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات

منتصر صادق الكنانی

لە عەرەبیەوە: نەجمەدین مستەفا سەعید

هەندێك رێوڕەسم و بیروباوەڕی ئەفسانەیی لە كەلتوری خۆرئاوادا تێكەڵ بە پرۆسەی زەماوەند بووە ئەگەر بووك و زاوا بیانەوێت خۆشی بچێژن لە ژیانی هاوسەریاندا و ژیانیان بێ كێشە و ئێش و ئازار و خەفەت بێت پێویستە لەسەریان رەچاوی ئەم خاڵانە بكەن كە باس دەكرێن و نابێت سەرپێچی تەنها خاڵێكیش بكەن:
یەکەم: پێویستە لەسەر بووكێ زۆرینەی پێداویستییەكانی بووكێنی خۆی بكڕێت و بیخاتە ناو جانتایەكەوە، بە پێچەوانەوە بەختی باش نابێت، ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ كردن و وەبیرهێنانەوەیە بووكێ ناتوانێ‌ كراسی بووكێنی خۆی بە دەستی خۆی بدروێت، ئەو كچانەی كە كراسەكەی بۆ دەدوورن تاڵێك لە مووی سەری بووكێ‌ تێكەڵا بە دەزووی دوورینەكە دەكەن بەو نیازەی لە ماوەیەكی كورتدا ئەمانیش شوو بكەن.
دووەم: مەرجە بووكێ‌ لەگەڵ جلی بووكێنیدا سەرەڕای لەبەركردنی شتێكی شین پارچە جلێكی كۆن لەبەربكات یان پارچە جلێك لە یەكێكیتر بخوازێت و لەبەری بكات، پێویستە بوترێت كراسی بووكێنی لەهەر رەنگێك بێت دروستە تەنها رەنگی سەوز نەبێت، چونكە رەنگی سەوز تایبەتە بە جنۆكە و جادووگەران لەبەركردنی حەرامە بۆ هەموو مرۆڤایەتی و هەر بووكێك لە شەوی بووكێنیدا كراسی سەوز لەبەر بكات جنۆكەكان سزای دەدەن، بەڵام لە ساڵانی دەیەی سێیەمی سەدەی بیستەوە رەنگی سپی بۆتە رەنگی زۆرینە نەك سەپێنراو بۆ كراسی بووكێنی پێویستە بڵێین جگە لە رەنگی سەوز هەموو رەنگەكان دروستە نەك تەنها رەنگی سپی.
هەر رۆژێك لە رۆژەكانی هەفتە لە بیروباوەڕی كۆنی خۆرئاوادا مانایەكی تایبەتی هەیە و كارێكی تیا دەكرێت بۆ نموونە: (دووشەممە رۆژی تەندروستییە، سێشەممە رۆژی پیت و بەرەكەتە، چوارشەممە لە هەموو رۆژەكان باشترە، پێنجشەممە رۆژی دۆڕاندن و سەرنەكەوتنە، هەینی رۆژی دژایەتیكردن و یەكلاكردنەوەیە و شەممەش هیچ دژایەتی كردنێكی تیا نییە). زۆرینەی كچانی خۆرئاوا گەشبین نین لە شووكردن لە رۆژەكانی هەینی و دووشەممەدا و بە ئاشكرا دژایەتی دەكەن بە تایبەتی لە رۆژی هەینیدا، ئەمەش رەگوڕیشەیەكی ئاینی كۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە رۆژی هەینی رۆژێكی ئاینی پیرۆزە و پێی دەوترێت (رۆژی هەینی مەزن)، بەڵام ئافرەتانی خۆرئاوا حەزیان لە شووكردنە لە رۆژی چوارشەممەدا لەبەرئەوەی پەیوەندی بە رۆژی چوارشەممەی بەناوبانگی مانگی حوزەیرانەوە هەیە، شایانی باسە لە بیروباوەڕی كۆنی خۆرئاوادا یەكێك لە رۆژە چوارشەممەكانی مانگی حوزەیران بە رۆژێكی پیرۆز دادەنرێت، چونكە حوزەیران پێی دەوترێت "جون" و لە "جونو"ی خوای پاراستنی خانوبەرەوە وەرگیراوە، خۆ ئەگەر رۆژی شووكردنی هەر ئافرەتێك چوارشەممە بێت و رێكەوتی چواری حوزەیران بكات ئەوا ئەو ئافرەتە بەختی زۆرباش دەبێت و پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانی دەكات.

هەندێك مژدەی خۆش پێش  چوونە ناو كەژاوە
یەکەم: ئەگەر بووكێ رۆژی گواستنەوەی بە دەنگی چۆلەكەیەك لە خەو هەستا با چۆلەكەیەكی ئاساییش بێت، ئەوە پێشبینی زەماوەندێكی سەركەوتوو و ژیانێكی خۆشی لێدەكرێت.
دووەم: ئەگەر بووكێ كوندەپەپوویەكی دۆزییەوە كە لە كراسی بووكێنییەكەیدا خۆی حەشاردابوو، ئەوە نیشانەی پیت و بەرەكەتە لە هەموو روویەكەوە، چ وەكو ماڵ و سامان یان ژیان و تەندروستی.
سێیەم: ئەگەر بووكێ لە رۆژی گواستنەوەیدا پشیلەیەكی رەشی بینی لێی نزیك كەوتەوە و چەقۆیەكی هێنا بە پشتیدا ئەمەش نیشانە و مژدەی زەماوەندێكی سەركەوتووە.
چوارەم: لەكاتێكدا بووكێ دەچێت بۆ كەنیسە بۆ جێبەجێكردنی مەراسیمی گواستنەوە ئەگەر كارێكی بچووكی بینی یان كۆترێك یان بۆقێك یان كوندەپەپوویەك ئەمانە هەمووی مژدەی بەختێكی باشن.
پێنجەم: پێش ئەوەی زاوا و بووكێ بەیەك بگەن لە كەنیسەدا، ئەگەر بووكێ‌ زاوای بینی لە دەرەوەی كەنیسەدا یان لە شوێنێكی تری كەنیسەدا، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە ئەم ئافرەتە هەمیشە یەكەم ئافرەت دەبێت لە دڵی مێردەكەیدا.
شەشەم: ئەگەر بووك و زاوا پێش بەیەكگەیشتنیان لە كەنیسەدا یەكتریان بینی و زەردەخەنەیەك كەوتە سەر لێویان، ئەوە مژدەی بەختەوەری هەردوولایە.
حەوتەم: هەموو زێڕ و گەوهەرێك لە بیروباوەڕی كۆنی خۆرئاوادا مایەی خۆشبەختییە تەنها مرواری نەبێت، ئەم بیروباوەڕە ماوەیەكی زۆرە بەسەرچووە.
هەندێك پێشبینی لەپێش گواستنەوەدا مایەی خۆشبەختی نییە
یەکەم: لەكاتی چوون بۆ كەنیسە ئەگەر بووكێ بەرازێكی بینی لە بەردەمیدا دەرپەڕی یان مردوویەكی بینی كە مەراسیمی بەخاك سپاردنیان بۆ دەكرد پێش ئەوەی رێوڕەسمی گواستنەوە بۆ ئەم بكەن ئەمانە پێش بینی شتی ناخۆشی لێدەكرێت.
دووەم: پێش ئەوەی بووكێ‌ كراسی بووكێنی لەبەر بكات پێویستە هەموو دەرزییەكان لە كراسەكەی بكاتەوە و دوور فڕێیان بدات، یان پێش ئەوەی ماڵەكە جێبهێڵێ‌ پێویستە دەرزییەكان هەڵبدات بۆ هاوڕێیەكانی، بە پێچەوانەوە بە درێژایی تەمەنی خۆشی نابینێت و بەدبەخت دەبێت.
سێیەم: ئەگەر بووكێ‌ لە كاتی مەراسیمی گواستنەوەدا قاچی لە شتێك بگیرێ‌ یان نووچ بدات یان لەشتێك هەڵنووتێت، ئەمانەش چاوەڕوانی خۆشبەختیان لێناكرێت.

رەچاوكردنی چەند بیروباوەڕێك لەزەماوەنددا
یەکەم: لە رۆژی گواستنەوەدا پێویستە بووكێ‌ هیچ شتێك نەشكێنێت بەتایبەتی ئاوێنەكەی، هەروەها پێویستە زۆر ئاگاداری پاژنەی پێڵاوەكەی بێت و لێی نەكەوێت، لەمانەش سەیرتر پێویستە لەسەری پشیلەكەی ماڵەوەش بە باشی تێر بكات.
دووەم: ئەگەر بووكێ‌ لە رۆژی گواستنەوەدا سەیری ئافرەتێكی تری كرد "ئەمە هەر دەبێت رووبدات" پێویستە شتێك بۆ سەر و شێوەی خۆی زیاد بكات و بیگۆڕێ‌ تەنها لەدەستكردنی دەستكێشێكیش بێت.
سێیەم: لە كاتی چوونەژورەوەدا بۆ كەنیسە و ماڵەوە پێویستە بووكێ‌ قاچی راستی پێش قاچی چەپ بخات، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی بەختێكی باشە لە ژیانی هاوسەریدا.
چوارەم: پاش چەند رۆژێك لە گواستنەوەی و گەڕانەوەی بووكێ‌ بۆ ماڵی باوكی، پێویستە لەو دەرگایەوە بچێتە ژورەوە كە لێوەی هاتۆتە دەرەوە، هەروەها پێویستە دەست بەو دەسكە دەرگایەوە بگرێت كە لە كاتی هاتنە دەرەوەیدا دەستی پێوەگرتووە، شایانی باسە ئەم رێوڕەسمە پێویستە لەو كەنیسەیەش بكرێت كە ئاهەنگی زەماوەندەكەی تێدا گێڕدراوە كاتێك بووكێ‌ سەردانی كەنیسە دەكات دوای زەماوەند.
پێنجەم: لەپێش ئاهەنگی گواستنەوە نابێت بووكێ‌ بگری، چونكە لە بیروباوەڕی كۆندا ئافرەتی شەڕخواز تەنها سێ فرمێسك لە چاوی چەپی دەڕێژێت، بەڵام دوای گواستنەوەی پێویستە بووكێ‌ بەكوڵ بگری و فرمێسك بڕێژێت بۆ ئەوەی خەڵك دڵنیابن كە مرۆڤێكی شەڕخواز نییە.
شەشەم: لەسەر بووكێ‌ پێویستە كە چەپكە گوڵەكەی دەستی هەڵوەشێنێ و بڵاوی بكاتەوە بەسەر هاوڕێكانی و ئەو كچانەی كە لەگەڵیدا هاتوون، هەر كەسێك بەختی هەبێت و گوڵێك بگرێتەوە ئەوا بەزووترین كات شوو دەكات.

پێشبینیەكانی تایبەت بە زاوا
 یەکەم: ئەگەر زاوا كڵاوەكەی لەسەر كەوتە خوارەوە ئەوە پێشبینی باشی لێناكرێت.
دووەم: ئەگەر ئەڵقەی هاوسەری لە پەنجەی زاوادا گیربوو و نەچووە شوێنی تایبەتی خۆی، دیسانەوە ئەمەش پێشبینی باشەی لێناكرێت.
سێیەم: ئەگەر زاوا نەیتوانی ئەڵقەی هاوسەری لە پەنجەیدا جێگیر بكات و بووكێ‌ یارمەتیدەربوو لە جێگیربوونیدا، ئەمە مانای وایە بووكێ‌ جڵەوی ماڵ دەگرێتە دەست لە ژیانی ژن و مێردایەتیاندا. 
 چوارەم: ئەگەر ئەڵقەی هاوسەری بووكێ‌ لە دەستی زاوا كەوتە خوارەوە پێش ئەوەی جێگیری بكات لە دەستی بووكێدا، ئەمەش پیشبینی باشی لێناكرێت.
 پێنجەم: پێویستە زاوا هەندێك پارە بدات بە قەشەی كەنیسەكە با بڕێكی كەمیش بێت، بە پێچەوانەوە بەختی باش نابێت.
شەشەم: پێویستە لە كاتی رێوڕەسمی زەماوەنددا بە هیچ شێوەیەك زاوا ئاوڕ بۆ دواوە نەداتەوە، بە پێچەوانەوە بەختی باش نابێت.
 حەوتەم: پێویستە زاوا لە رۆژی گواستنەوەی بووكێدا نووشتەیەك بخاتە گیرفانییەوە.
نەریتی پێڵاو فڕێدان
فڕێدانی پێڵاوێكی كۆن بۆ پشت بووك و زاوا لە كاتێكدا دەچن بۆ مانگی هەنگوینی بە شێوەیەكی فراوان لە خۆرئاوادا پیادە دەكرێت، هەرچەندە ئەم نەریتە مانایەكی باش نابەخشێت، بەڵام تەنها جێبەجێنەكردن و لەبیركردنی ئەم نەریتە وا لە بووك و زاوا دەكات هەست بە نائارامی بكەن، بۆیە بۆ لابردنی ئەم نائارامی و دڵەڕاوكێیەی بووك و زاوا و دەستەبەركردنی ژیانێكی خۆش بۆیان پێویستە ئەم نەریتە جێبەجێ بكرێت.
هەڵدانی مشتێك برنج بەسەر بووك و زاوادا لە رۆژی زەماوەندیاندا یان بڵاوكردنەوەی كاغەزی رەنگاوڕەنگی بچووك بەسەریاندا بووك و زاوا دڵنیا دەكات لە خۆشگوزەرانیان لە هەموو روویەكەوە، هەروەها مایەی پیت و فەڕە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا.
چوونە ناوماڵی هاوسەرێتی
هەندێك نەریتی زۆر بڵاو هەیە لە خۆرئاوادا پێویستە بووك و زاوا پێش ئەوەی بچنە خانەی تازەیان جێبەجێی بكەن، وەكو:
یەکەم: پێویستە زاوا بووكێ‌ لە باوەش بكات هەر لە دەرگای حەوشەوە هەتا ژوورەوە، هەروەها پێویستە دایك و باوكی زاوا یان بووكێ‌ كێكێك دروست بكەن لەكاتی چوونە ژورەوەی بووك و زاوادا بۆ خانەی تازەیان كێكەكە ورد بكەن بەسەریاندا، ئەمەش بە نیازی پیت و فەڕە لە هەموو پێویستییەكانیاندا، لە هەندێك شوێنی خۆرئاوا كەلوپەلی ئاگركردنەوە وەكو ئاگردان و خۆڵڕێژ و مەقاش لە دەوری بووكێ‌ دادەنێن، ئەمەش نیشانەی جڵەوگرتنە دەستی ئیش و كاری ماڵە.
لە نەریتە كۆنەكانی تر لە خۆرئاوادا ئەوەیە كە بووكێ‌ سەیری دوان لە دەستە خوشكەكانی بكات كە لەگەڵی هاتوون، یەكێكیان دەستەسڕێكی كاغەزی پێیە بۆ سڕینی ئەو سفرەیەی بەسەر سەری بووكێدا دادەخرێت و بووكێش لە نێوان هەر دوو دەستی زاواوە دێتە ژوورێ و ئەوی تریان لە هەمانكاتدا هەندێك نانی رەق لەگەڵ هەندێك وردە كێك بەسەر هەردووكیاندا بڵاودەكاتەوە، ئینجا منداڵانی ئەو خێزانە ئەو نانەڕەق و وردە كێكەكە كۆدەكەنەوە نایەڵن بكەوێتە سەر زەوی، لە هەندێك وڵاتدا كچێك كترییەك ئاوی گەرم دەڕێژێت بە دیواری ماڵی تازەی بووكێدا بەو مەبەست و نیازەی تا ماوەیەكی زۆر لەو ماڵەدا ئاهەنگی زەماوەند نەگێڕرێت. پێویستە بزانین ئەگەر ئەو كچە زیاتر لە سێ رێوڕەسمی ژنهێنانی گێڕا ئیتر نابێت شوو بكات.
بیروباوەڕی تایبەت بە شوونەكردوان
لە كۆندا خەڵكی خۆرئاوا بیروباوەڕیان وابووە كە هەموو كچێكی شوونەكردو دەتوانێت مێردی داهاتووی خۆی بزانێت ئەگەر بە كردار چەند هەنگاوێك پیادە بكات وەك رۆژووگرتن لە رۆژی21/1 كە پێی دەوترێت رۆژی قەشە "ئەگنیس"، بەڵام ئەم بیروباوەڕە كەم بۆتەوە و بەرەو پووكانەوە و نەمان دەچێت، پێویستە رۆژووەكە لە دوای نیوەشەوەوە دەست پێبكات، هیچ شتێك نەخوات تەنها ئاوی سەرچاوەكان نەبێت، ئینجا كچەكە لەلایەكەوە دەخەوێت. ماوەی بەڕۆژووبوون بریتییە لە (24) سەعات، پێویستە زۆر بە نهێنی بێت و كەس پێی نەزانێت، بەپێچەوانەوە هەمووی هەڵدەوەشێتەوە، هەروەها پێویستە كچەكە لەسەرلای چەپ بخەوێت و سێ جار لەسەر یەك بە ئینگلیزی ئەم رستەیە دووبارە بكاتەوە (ئەی قەشە ئەگنیس ببە بە هاوڕێم و توانای زانینی مێردی پاشەڕۆژم پێ ببەخشە)، لەهەمان شەودا ئەو كچە لە خەویدا مێردی پاشەڕۆژی خۆی دەبینێ، ئەگەر ئەو كچە لە خەویدا زیاد لە پیاوێكی بینی مانای وایە زیاد لە مێردێك دەكات، بەڵام ئەگەر خەوی نەبینی مانای وایە هەرگیز شوو ناكات .
سەبارەت بەو كوڕانەش كە ژنیان نەهێناوە بیروباوەڕی تایبەت هەیە، وەكو ئەوەی كوڕەكە لە رۆژی (3)ی هەموو مانگەكانی ئەیلوول هەتا ئازار ناوی كۆمەڵێك كچی گەنج لە وەرەقەی بچووكدا دەنووسێت بە مەرجێك لە (9) ناو زیاتر نەبێت و دەبێت یەكێك لەو كچانە لە روخسار و شێوەدا جیاواز بێت لەوانی تر، لە هەموو جارێك كە ئەم كارە دەكات (9) بەڕوویش بەدەزوویەك بە یەكەوە دەبەستێتەوە ئینجا هەموو دەز و بەڕووكان دەئاڵێنێ لە دارێكەوە و لە نیوەشەودا دەیخاتە ناو ئاگر، پێویستە كوڕەكە بە بێدەنگی و بێ ئەوەی هیچ شتێك بكات دابنیشێت بە دیار ئاگرەكەوە و چاودێری بكات تا هەمووی دەبێت بە خۆڵەمێش ئینجا كوڕەكە خۆڵەمێشەكە كۆبكاتەوە و بیكاتە قاپێكەوە و بەدەنگێكی بەرز بڵێت: (با ناونیشانی خەونەكەی ئەم شەوم خۆشەویستی و ژنهێنان بێت، ئەی ڤینۆس ببە بە هاوڕێم و وێنەی خۆشەویستەكەم بەشێوە و دەموچاو و روخسار بۆ بنێرە، لێمگەڕێ خۆشەویستەكەم بەهەر شێوە و رێگایەك بێت ببینم). پاشان كوڕەكە دەچێت بۆ سەر جێگای خەوتن و لە خەویدا ئەو ئافرەتە دەبینێت كە دەبێت بە هاوسەری. ئەم رێوڕەسم و بیروباوەڕانە بەرەو لەناوچوون چووە و لە ئێستادا بەشێوەیەكی كەم پیادە دەكرێت.

سەرچاوە: رۆژنامەی "الصباح"

داهاتوویەکی نادیار چاوەڕێی خێزان دەکات

بابەتە پەیوەندیدارەکان