ئامادەکردنی: دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ نیشاندانی کەشێکی ئەرێنی دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران، لە پشتی دەرگا داخراوەکانەوە رووبەڕووی کۆسپی گەورە و ناکۆکی قووڵ بووەتەوە.
لە ناوەڕۆکی گفتوگۆکاندا، کە لە چەندین خولی نهێنی و ئاشکرادا بەڕێوەچوون، ئێران بەڕوونی رەتیکردووەتەوە گفتوگۆ لەسەر بەرنامە بەرگرییە ئەتۆمییەکەی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانانی بکات، بەهۆی ئەوەی ئەمە تاکە زەمانەتی پاراستنیەتی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
هەروەها ئێران سوورە لەسەر هێشتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی بەرز لەناو وڵاتدا، تا ئەو کاتەی گەرەنتی تەواو و کۆنکرێتی بۆ هەڵگرتنی گشتگیری سزاکان و پابەندبوونی ئەمریکا بە رێککەوتنی داهاتووەوە پێشکەش نەکرێت. لە داواکارییە سەرەکییەکانی تری ئێران، ناچارکردنی ئیسرائیلە بە وازهێنان لە چەکی ئەتۆمی.
لە بەرامبەردا، لایەنی ئەمریکی چەندین داواکاری خستووەتەڕوو، وەک راگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم، پشکنینی بنکە ئەتۆمی و تەنانەت سەربازییەکان (کە دووەمیان بە توندی لەلایەن ئێرانەوە رەتکرایەوە و هەڕەشەی کشانەوەی لێکەوتەوە)، هەروەها داواکارییەکی دیکەی ئەمریکا گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوە بۆ دەرەوە.
ئەم داواکاریانە بە گشتی رووبەڕووی بەرپەرچدانەوەی ئێران بوونەتەوە، بەتایبەت لە نەبوونی پێشنیازی جدی لەلایەن ئەمریکاوە سەبارەت بە گەرەنتییەکان.
هەرچەندە باس لە پێشنیازی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان یان گۆڕینی رێککەوتن بۆ پەیماننامە کراوە، بەڵام ئێران ئەم پێشنیازانە بە "زارهکی" و "گەرەنتینەکراو" دەزانێت.
داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و پێداگری تاران لەسەر گەرەنتی ئەمنی و هەڵگرتنی تەواوی سزاکان، لەگەڵ کاریگەرییەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، وایکردووە کە رێگای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی جێگیر و هەمەلایەنە هێشتا نادیار بێت و پێشبینیکردن بۆ داهاتوویەکی روونی ئەم گفتوگۆیانە و گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی کارێکی ئاسان نییە.
سەرچاوە: ئەلجەزیرە