قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە دكتۆر عەلی قەرەداغی، سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی دواگۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كرا.
قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەكانی سەرۆكی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمانی كرد لە قووڵتركردنەوەی گیانی پێكەوەژیان لە ناوچەكەدا و هیوای خواست رۆڵی زیاتر ببینێت لە سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان.
لای خۆیەوە د. عەلی قەرەداغی رۆڵی سەرۆك مام جەلالی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و مێژووی خەباتی رزگاریخوازیی گەلی كورد بە گرنگ وەسف كرد و روونیكردەوە كە سەرۆك مام جەلال خزمەتی بەرچاوی بە سەرجەم رێكخراو و لایەنە سیاسییەكان كردووە بێ گوێدانە ئایدیا و بیر و باوەڕیان.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەكەش هەردوولاش هاوڕابوون كە پێویستە لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و یەكهەڵوێست بن بەرامبەر گۆڕانكارییەكانی ناوچە و پێكەوە هەوڵبدەن زۆرترین دەستكەوت بۆ گەلی كورد دابینبكەن.