د.یوسف گۆران راستییەکانی دوای هەڵبژاردن لە کەرکوک ئاشکرا دەکات

11:58 - 2024-01-02
کوردستان
680 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: "هەرچەندە کورد گەورەترین نەتەوەی کەرکوکە و لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر هەوڵی دوورخستنەوەی لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لەو پارێزگایە دراوە، بەڵام راستییەکان ئەوە دەردەخەن کە هیچ کاتێک یەک نەتەوە ناتوانێت ئەم شارە بەڕێوەببات و دەبێت فرە نەتەوە بێت".
د.یوسف گۆران ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکیدا بە ناونیشانی ئاینده‌ی سیاسیی كه‌ركوک پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان دەڵێت: "هه‌ر چه‌نده‌ كورد به‌پێی سه‌رجه‌م ئامار و ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی ئه‌م پارێزگایه‌یه‌، به‌ڵام شاراوه‌ نییه‌ كه‌ لە دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی شاره‌كه‌ به‌ ته‌واوی دوورخرایه‌وه‌. به‌ڵام پاش هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای (2023)، جارێكی تر كورد به‌رزترین ژماره‌ی ده‌نگ و كورسییه‌كان به‌ به‌راورد به‌ نه‌ته‌وه‌كانی تر بۆ خۆی مسۆگەر کرد. ئه‌م ژماره‌یه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ هیچ كاتێک له‌ هیچ پڕۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا ناتوانرێت سه‌نگ و قورسایی كورد له‌ به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه‌ و پارێزگاكه‌ فه‌رامۆش بكرێت".
ئاماژەشیکردووە، "له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش ساڵ فه‌رامۆش و په‌راوێزخستنی كورد له‌م شارەدا،‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ چه‌ند راستییه‌كمان بۆ ده‌ركه‌وت، کە له‌ هیچ كاتێکدا یه‌ک نه‌ته‌وه‌ ناتوانێت ئه‌م شاره‌ فره‌پێكهاته‌یه‌ به‌ڕێوه‌ ببات. سه‌پاندنی ئیراده ‌و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا، نائارامی و ناجێگیریی سیاسی و ئه‌منیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌".

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان