شاهۆ غه‌فور: كاری میدیایی تادێت پێویستی زیاتری به‌ وریایی ده‌بێت

09:48 - 2024-01-03
دیدار
316 جار خوێندراوەتەوە

شاهۆ غه‌فور، بێژه‌ری هه‌واڵی سیاسییه‌ له‌ كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان، ماوه‌ی 18 ساڵه‌ كاری رۆژنامه‌وانی ده‌كات، كاره‌كه‌ی به‌حه‌زوخولیا هه‌ڵبژاردووه‌.
شاهۆ غه‌فور به‌ دوالاپه‌ڕه‌ی وت: وه‌ك میدیاكار ماوه‌ی 18 ساڵه‌ كارده‌كه‌م، سه‌ره‌تای كاركردنم له‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ بوو، سه‌ره‌ڕای خولیای خۆم ئامانجی ئیشكردنم له‌لایه‌ك خوێندنه‌كه‌م بوو كه‌ خوێندكاری راگه‌یاندن بووم له‌ زانكۆی سلێمانی، له‌لایه‌كیش بۆ لایه‌نه‌ مادییه‌كه‌ی بوو، له‌ ماوه‌ی كاركردنمدا كاری ریپۆرته‌ری و وتارنووسیم بۆ رۆژنامه‌ و ماڵه‌په‌ری ئه‌لیكترۆنی كردووه‌، چه‌ند ساڵێك هه‌واڵساز و ئاماده‌كار و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ بووم له‌ رادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان، هاوكات نزیكه‌ی (10) ساڵه‌ له‌ كه‌ناڵی دایك (گه‌لی كوردستان) كارده‌كه‌م، سه‌ره‌ڕای كاری بێژه‌ری ده‌یان به‌رنامه‌ی سیاسی و هه‌مه‌ڕه‌نگم ئاماده‌ و پێشكه‌ش كردووه‌، ئه‌گه‌ر كاری میدیایی وه‌كو خولیاو ئاره‌زووی یه‌كه‌مم نه‌كردایه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ مامۆستای زانكۆ ده‌بووم.
شاهۆ غه‌فور وتیشی، كاری سه‌ره‌كیم بێژه‌ری هه‌واڵی سیاسییه‌، له‌ چه‌ند ساڵی خوێندنی ئه‌كادیمی و ئه‌زموونی كاركردنم فێری ئه‌وه‌ بووم كه‌ به‌ كاری میدیایی ده‌توانیت كۆمه‌ڵگه‌ بشێوێنی، ده‌شكرێت كۆمه‌ڵگه‌ بۆ باشتر ئاڕاسته‌ بكه‌یت، ئه‌مه‌ كاره‌ دروسته‌كه‌یه‌. ناكرێت هه‌موو رووداوێك بكرێت به‌ هه‌واڵ و له‌ كه‌ناڵه‌ گشتییه‌كان بڵاوبكرێته‌وه‌، كاری میدیایی تادێت پێویستی زیاتری به‌ وردی و وریایی ده‌بێت، به‌داخه‌وه‌ له‌مڕۆماندا كه‌متر بیر له‌ لێكه‌وته‌ خراپه‌كانی په‌یامه‌ میدیاییه‌كان ده‌كرێته‌وه‌، پێشبڕكێی به‌خێرایی گه‌یاندنی په‌یامه‌كان زیانی زۆری دوورمه‌ودای لێ داوین، به‌هاو پێگه‌ی میدیا و میدیاكاری له‌لای وه‌رگر لاواز كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ تێكه‌ڵبوونی كه‌سانێك به‌م پیشه‌یه‌ كه‌ به‌های كاره‌كه‌ نازانن و ته‌نها بۆ خۆده‌رخستن یان ده‌ستكه‌وتی مادی ده‌یكه‌ن ئه‌مه‌ مایه‌ی نیگەرانییە، ئه‌وه‌ی كاری میدیایی پێی به‌خشیوم ناسین و خۆشویستنی كه‌سانێكی زۆره‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی خێزانه‌كه‌م، به‌ڵام مانه‌وه‌ و به‌سه‌ربردنی كاتی پێویست له‌ناو خێزانه‌كه‌م سنوردار كردووه‌، له‌ چاوی وه‌رگره‌كانیشه‌وه‌ بێژه‌ری و میدیاكاری كارێكی ئاسان و بێ ماندووبونه‌، به‌ڵام وه‌ك هه‌ر پیشه‌یه‌كی تر ماندووبوون و شه‌ونخوونی ده‌وێت.

دیانا ئه‌حمه‌د

#هەمەڕەنگ

بابەتە پەیوەندیدارەکان