کورد و سوپای عیراق

لە 103 یەمین ساڵیاندی دامەزراندنی سوپای عیراقدا

09:57 - 2024-01-04
دووتوێ
806 جار خوێندراوەتەوە

فەریق - سەروەر بەرزنجی* 



كورد وەك فەلەستین گەلێكە بەبێ دەوڵەت، هەرچەندە لەپاش جەنگی جیهانی یەكەم لە رێكەوتننامەی سێڤردا ساڵی 1920 پەیمانی خودموختاری پێدرا، پاش رزگاربوونی لە دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی كە دەسەڵاتی بەسەر عیراقدا سەپاندبوو لـــــەنێوان سـاڵانی (1534 - 1918). هەر بۆ زانیاریش ئەو ئیمراتۆریەتە درێژەی كێشا لە (1288 بۆ 1923) ئەو رێكەوتننامەیە پووچەڵكرایەوە بە هەوڵی توركیا بەمەبەستی رێگرتن لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی كە رووبەرەكە لە : عیراق 72000 كم2، توركیا 194000 كم2، ئێران 124000كم2، سوریا 18000 كم2. 
ساڵی (1923) رێكەوتننامەی لۆزان ئیمزاكرا بە لابردنی زۆر لایەنی بەرژەوەندیی كورد.
گەلی كورد سەربە گەلانی هیندۆرۆپییە لە ناوچەكانی شاخی زاگرۆس جێگیربوون، لە خێڵەكانی گۆتی و لۆلۆیی لە هەزارەكانی دووەمی پێش زایندا هەستی هەمووان یەكبوون و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بوو بۆ كوردستانی گەورە. 
شەڕی (چاڵدێران) خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی نەتەوەی كورددا كە لە23/3/1514 روویدا لە نێوان سوپای سوڵتان سەلیمی عوسمانی و شا ئیسماعیلی سەفەوی ئێرانی، كورد یارمەتی سوڵتان سەلیمیان دا دژبە شا ئیسماعیل كە ئەوە بووە هۆكاری سەركەوتنی عوسمانی بەسەر سەفەویدا، هەر ئەوەش بوو بەهۆی دابەشكردنی كوردستان. 
ساڵی 1639 شا عەباسی ئێران رێكەوتننامەی لەگەڵ سوڵتان مورادی عوسمانیدا ئیمزاكرد، تێیدا دابەشكردنی كوردستان ، بەڕەسمی جێگیربوو. 

كورد لە عیراق
كورد لە باشووری کوردستان چەندین شەڕیان لەگەڵ عیراقدا کرد لە سەردەمی شێخ مەحمودی حەفیددا و ئینجا شۆڕشەكانی بارزان بە سەركردایەتی شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا لە هەر چوار شۆڕشی بارزاندا. جێی ئاماژەیە هێزەكانی بەریتانیا هەمیشە پاڵپشتی سوپای عیراق بووە.
ساڵی 1946 پاش رووخاندنی كۆماری مهاباد بە سەركردایەتی قازی محەمەد كە مەلا مستەفا سەركردەی گشتی هێزەكانی قازی بوو، بارزانی بەرەو یەكێتیی سۆڤیەت رۆیشت و پاش شۆڕشی 14 ی تەمموزی ساڵی  1958 مانەوەی 11 ساڵ لەو وڵاتە بە رەزامەندی جەنەڕاڵ عەبدولكەریم قاسم گەڕایەوە كوردستان، بەڵام قاسم لەو پەیمانانەی بە بارزانی دابوو بۆ چارەسەركردنی کێشەی كورد پەشیمان بۆوە و شۆڕشی ئەیلولی 1961 بەرپابوو.

دامەزراندنی سوپای عیراق
ستراتیجی گشتیی وڵات كاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر چۆنێتی دامەزراندنی سوپا بە پێدانی ئایدیۆلۆژیای تایبەت بەو سوپایە لە نێوانیاندا ستراتیژی سەربازی.
 عیراق وەك وڵاتێكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە فرە رژێمن لەم ناوچەیەدا، لە حوكمی پاشایەتی و عەسكەری و كۆماریی شۆڕشگێری تاكە كەسی حزبی، لەگەڵ دروستبوونی حوكمڕانیی ئیسلامی ، دیموكراسی لە وڵاتانی دیكە، هەر وەك میسر و سوریا و جەزائیر و لیبیا و یەمەن و تونس، بە دەسەڵاتی تاكەكەسی و دیكتاتۆری پێناسە دەكرێت، بۆیە هەمیشە سوپاكەی نەیتوانیووە سیمای دیموكراسی پیادە بكات، هەرلە سەردەمی پاشایەتی تا هەرسێ دەسەڵاتە كۆمارییەكەی قاسم و هەردوو عارف و بەعسی.
پاش جەنگی یەکەمی جیهان لە 30/11/1918سوپای بەریتانیا شاری موسڵی داگیركرد، پاشان هەموو خاكی عیراق لەماوەی چوار ساڵدا، حكومەتی كاتی عیراق لە25/10/1920 بە هۆی شۆڕشی بیستەوە بە سەرۆكایەتی عەبدولڕەحمان نەقیب دامەزرا. وەزارەتی بەرگری درا بە فەریق جەعفەر عەسكەری (1886-1936) كە دەرچووی كۆلێژی سەربازیی عوسمانی بوو، لە6/1/1921 بە سەرپەشتی بەریتانیا سوپای عیراق دامەزرا، لە12/2/1921 نوری سەعید كرا بە جێگری فەرماندەی گشتی سوپا، ئەویش دەرچووی كۆلێژی سەربازی عوسمانی بوو، پاشان بوو بە وەزیری بەرگری، ئینجا سەرۆك وەزیران بۆ چەند جارێك.
جێی ئاماژەیە هەردوو ئەفسەری بەناوبانگ كە ناویان هات جەعفەر عەسكەری و نوری سەعید لە سوپای عوسمانی و حیجازی و سوری لە سەردەمی مەلیك فەیسەڵی یەكەمدا بەیەكەوە كاریان كردووە لە سوریا. لە 12/6/1935 یاسای خزمەتی سەپێنراو لە سوپادا پەیڕەوكراوە، تائێستا ئەو یاسایە لە عیراقی پاش سەدام كاری پێ نەكراوە بەهۆی رای جیاوازەوە كە كاردانەوەكەی باش نییە بۆ سوپا و بۆ پەروەردەی لاوانی عیراق.

سوپای كودەتا
سوپای عیراق ناسراوە بە كودەتای سەربازی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و حوكمڕانی، بۆیە مێژوو سەلماندی پاش كۆتایی (37) ساڵ لە دەسەڵاتی پاشایەتی كودەتای 14ی تەمموزی 1958 بەرپا بوو لەلایەن زعیم روكن عەبدولكەریم قاسم و عەقید روكن عەبدولسەلام عارف و لایەنگرانیان لە ئەفسەرانی سوپا، پێش ئەم كودەتایەش، ساڵی 1936 كودەتای فەریق بەكر سدقی  دژی حكومەتەكەی یاسین هاشمی، كوشتنی فەریق جەعفەر عەسكەری و وەرگرتنی پۆستی سوپاسالار كە بە یەكەم كودەتای سەربازی ئەژمار كرا لە ناوچەی وڵاتانی عەرەبیدا.
كودەتای سێیەم لە 8 ی شوباتی 1963 لەلایەن عەبدولسەلام عارفەوە بەرپابوو دژی عەبدولكەریم قاسم و گوللەبارانكردنی و دەسەڵات گرتنەدەست بە پاڵپشتی حزبی بەعس، هەر لە 18ی تشرینی دووەمی ئەو ساڵەدا جووڵاندنی سەربازی رێكخرا دژبە بەعسییەكان بە مەبەستی دوورخستنەوەیان لە پڕۆژەی سیاسی وڵات. 
كودەتای چوارەم لە 17 ی تەمموزی 1968دا روویدا بە سەركردایەتی لیوا ئەحمەد حەسەن بەكر و هاوەڵانی لە حزبی بەعس و وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی وڵات بۆ ماوەی 35 ساڵ و تا رووخاندنی لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەکانی لە ئازاری 2003.

 



رۆڵی نیشتمانیی سوپا
هەرچەندە سوپای عیراق سەربە عیراقی ئازادكراو لە ركێفی دەوڵەتی عوسمانی و بەچاودێریی راستەوخۆی بەریتانیا دامەزرا، رژێمە یەك لە دوایەكەکانی عیراق حوكمی تاكەكەسی و دیكتاتۆری دژبە گەلانی وڵاتەكەی بووە لە هەموو قۆناغەكاندا، بە تایبەتی كوردستانی عیراق، بەڵام نابێت ئێمە كارە نیشتمانییەكانی لەبیر بكەین وەك ئەركی نیشتمانی:

1-سوپا بەشداربوو لە جووڵانەوەی نیشتمانیی مایسی ساڵی 1941 لەلایەن هەر چوار عەقیدەكەوە (سەڵاحەدین سەباغ، فەهمی سەعید، كامیل شەبیب، مەحمود سەلمان) لەگەڵ یونس سەبعاوی بە سەركردایەتی فەریق حسێن فەوزی سوپاسالاری ئەوسای عیراق دژبە حكومەتی نوری سەعید و هێزەكانی بەریتانیا بۆ رزگاركردنی عیراق لەو دەسەڵاتە سەپێنراوە بەسەر هەموو لایەنی حوكمڕانیی عیراق و نەمانی دەنگی ئازاد و پاڵپشتی بۆ شۆڕشی رەشید عالی گەیلانی كە لە شوباتی 1941دا دەستیپێكرد تا مایسی هەمان ساڵ عەبدولئیلا و نوری سەعید بەرەو دەرەوە هەڵهاتن پاشان بە پاڵپشتیی هێزی بەریتانیاوە گەڕانەوە بۆ عیراق.
2-پووچەڵكردنەوەی رێكەوتننامەی پورتسموس كە لەلایەن ساڵح جەبر-ەوە ئیمزاكرابوو لەگەڵ بەریتانیادا بە زیادبوونی دەسەڵاتیان لە عیراقدا كە ئەنجامەكەی لابردنی ساڵح جەبر و نەهێشتنی دەسەڵاتی تەشریعی بوو، دواتر لێكۆڵینەوە لە چۆنێتی شەهیدكردنی خوێندكارانی زانكۆی بەغدا کرا.
3-بەشدارییكردنی سوپای عیراق لە جەنگ لەگەڵ سوپای ئیسرائیلدا لە ساڵانی 1948 ،1967 ،1973 .
4-هێنانەدیی جووڵانەوەی ئەفسەرانی ئازادیخواز (1948-1958) كە پێكهاتبوون لە عەقید روكن نەجیب روبەیعی، موقەدەم روكن عەبدولكەریم قاسم، موقەدەم روكن تاریق سەعید فەهمی، رائید روكن عەبدولوەهاب ئەسیل، رائید روكن داود سەلمان جەنابی، رائید تاهر یەحیا، نەقیب موحسین رەفیعی، ملازم ئەوەل خەلیل ئیبراهیم حسێن.

سوپا بۆ دژایەتی كورد
سەردەمی پاشایەتی (1921-1958)
1-بەربەرەكانی چەكداریی بۆ شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید و بۆردومانكردنی بنکەكانی بە یارمەتیی هێزەكانی بەریتانیا لە نێوان ساڵەكانی (1919-1931).
2-بۆردومان و شەڕی بەردەركی سەرا ساڵی 1930.
3-راگەیاندنی جەنگ دژ بە شۆڕشەكانی شێخ ئەحمەدی بارزانی و مەلا مستەفا ساڵانی 1930 - 1931ئینجا شۆڕشی بارزانی دووەم ساڵی 1943 تا 1945تا سێیەم و چوارەم كۆتایی ساڵی 1947.
4-دوورخستنەوەی شێخ مەحمودی حەفید بۆ ماوەی (10) ساڵ بەرەو خوارووی عیراق (1931-1941) و گەڕانەوەی بۆ كوردستان بەهۆی شۆڕشی مایسی رەشید عالی گەیلانی.
5-گرنگیی كودەتای فەریق بەكر سدقی بۆ هێنانەدیی خەونی كورد بوو، دوای پووچەڵكردنەوەی رێكەوتننامەی سێڤر كە ئەو خەونە لەگۆڕنرا بە هەوڵی توركیا ساڵی 1923 بە گۆڕینەوەی بە رێكەوتننامەی لۆزان. 
پیلانی كوشتنی بەكر سدقی ساڵی 1937 لەلایەن عیراق و بەریتانیاوە رێكخرا بە هەماهەنگی لیوا ئەمین ئەلعومەری فەرماندەی حامیەی موسڵ كە سەربە ئینگلیزبوو.
گرنگە ئاماژە بە پەیوەندیی پتەوی نێوان بەكر سدقی و مەلیك غازی بكرێت كە هەردووكیان دژی دەسەڵاتی سەپێنراوی بەریتانیا بوون بۆیە غازیش ساڵی 1939 بە پیلانی ئینگلیز كۆچی دوایی كرد بە رووداوی هاتوچۆ.

فەوجی ئیمام موسای کازم کرۆکی پێکهێنانی سوپای عێراق

سەردەمی عەبدولكەریم قاسم (1958-1963)

هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلول ساڵی 1961 لە كوردستان دژایەتی قاسم بۆ ئەو شۆڕشە بە هێزی چەكدار، بەرپابوونی شەڕ لە شاخەكانی كوردستان كە ئەمە خاڵێكی گرنگ بوو بۆ لاوازبوونی دەسەڵاتی حكومەت و هۆكاری دیكە لە حوكمی تاكەكەسی و ململانێی سیاسی لەگەڵ عەبدولسەلام عارف و بانگهێشت بۆ گەڕانەوەی دەوڵەتی كوێت بۆ خاكی عیراق و هەڵگەڕانەوە لە هاوڕێكانی بە گوللەباران كردنی عەمید نازم تەبقچلی و عەقید رەفعەت حاجی سری، شەڕی خوێناوی لە كەركوك، جووڵانەوەی عەبدولوەهاب شەواف لە موسڵ.

سەردەمی عەبدولسەلام عارف (1963-1966)

عەبدولسەلام عارف یەكەم سەرۆك كۆماری عیراقی پاش سەرۆك وەزیرانی عیراق عەبدولكەریم قاسم بوو، ناوبراو هەندێك كاری باشی بۆ كورد كرد لەوانە پەیوەندیی پتەوەی لەگەڵ ئەفسەرە ناودارەكانی كورد وەك لیوا فوئاد عارف و فەریق نورەدین مەحمود سوپاسالاری ئەوكاتە. ساڵی 1964هەموو جووڵانەوەیەكی سەربازیی دژبە كورد راگرت و مافی رۆشنبیریی پێدان، بەڵام پاش ئەمە سوپا بەكارهێنرا بۆ كپكردنەوەی هەموو بەرهەڵستكارییەكی (هـ.پ.ک) لە بەرەكانی شەڕ تا ساڵی 1966 كە بەهۆی سووتانی لە رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆکە لە ناوچەی قوڕنە گیانی لە دەستدا.

سەردەمی عەبدولڕەحمان عارف 
لیوا عەبدولڕەحمان عارف، بوو بە سەرۆك كۆماری عیراق، پاش مردنی براكەی تا 17ی تەمموزی1968، پەیوەندیەكی باشی هەبوو لەگەڵ كورد و گەلانی عیراقدا، هەر لەكاتی حوكمڕانییەكەیدا سەردانی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی كرد و پەیوەندیی باشی هەبوو لەگەڵ خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال، میانڕەو بوو، دووربوو لە توندوتیژی، ساڵی 1967 مانگی حوزەیران بەشداریی بە سوپا كرد لە شەڕی عەرەب - ئیسرائیلدا تەنانەت قاعیدەی فڕۆکەوانیی حەبانییە تەرخانكرا بۆ فڕینی فڕۆكە جەنگییەكانی میسر بۆ لێدانی ئیسرائیل. گرنگە باس لە سەرۆكی پێشووتری میسر حوسنی موبارەك بكرێت كە ئەوكاتە وەك فەرماندەی سربی فڕۆکەوانی لەو شوێنەدا ئەركی جەنگی پێ سپێرابوو.

سەردەمی رژێمی حزبی بەعس 1968 - 2003
وەك هاوشێوەكانی پێشوو سوپای عیراق هەمیشە لە جووڵانەوەی سەربازیدا بوو دژبە هێزی پێشمەرگە و گەلی كورد، دەتوانین بڵێین سەختترین كاتی حوكمڕانی ئەو حزبە و سوپاكەی بۆ گەلەكەمان و هەموو هێزێكی ئازادیخواز بوو، هەرچەندە قۆناغی یەكەمی ئەو ماوەیە كە لیوا ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆك كۆمار بوو، ساڵی 1970 بەیاننامەی 11ی ئازار راگەیەنرا بە بەرجەستەكردنی مافی نەتەوەیی كورد لە ماوەی چوار ساڵدا، بەڵام دوای ئەوكاتە دیاریكراوە، حكومەت و حزبەكەی لە جێبەجێكردنی ئەو بەیاننامە مێژووییە پەشیمان بۆوە، بۆیە شەڕ لە مانگی ئازاری 1974 هەموو كوردستانی گرتەوە.
سوپای عیراق لە سەردەمی بەكردا حەوت فیرقە بوو لەگەڵ فەوجەكانی بەرگری و ئەركەكان لە شارەكانی عیراقدا، لە تەمموزی 1979 ئەحمەد حەسەن بەكر دوورخرایەوە لە دەسەڵاتی سیاسی و حكومی و سەدام جێگای گرتەوە.لە سەردەمی سەدامدا سوپای عیراق زۆر پێشكەوت لە ژمارە و چەك و تەقەمەنی و فڕۆکە و دامەزراوەی نوێ، سوپاكە بوو بە سوپایەكی پۆلیسیی سامناك دژبە گەل و دراوسێكان. 
ژمارەی فەیلەقەكانی گەیشتە حەوت فەیلەق لە چوارچێوەی وڵاتدا لەگەڵ نزیكەی (60) فیرقە و (2) فەیلەقی پاسەوانی كۆماری و چەندین پێكهاتەی سەربازی بۆ پاڵپشتی سوپا وەك جەیشی شەعبی، فەوجەكانی (دفاع وطني - جاش) ...هتد، ژمارەی مرۆییشی گەیشتە یەک ملیۆن و نیو سەرباز و ئەفسەر و دەرەجەدار.

عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف

 

تاوانەكانی بەعس و سوپاكەی
1-بڕینی رووبەری (39938 كم2) لە خاكی كوردستان بۆ شارەكانی دیكەی عیراق.
2-رێكەوتننامەی جەزائیر لە نێوان ئێران و عیراق بە پاڵپشتی ئەمریكا بۆ كۆتاییهێنان بە شۆڕشی كوردستان لە 6/3/1975.
3-یارییكردن بە چارەنووسی گەلان لەوانە كورد لە قۆناغی جەنگی سارددا ململانێی نێودەوڵەتی بوو لە نێوان ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەتدا.
4-بەكارهێنانی چەكی كیمیایی كۆمەڵكوژ لە چەندین ناوچەی كوردستان، لەوانە حاجی ئۆمەران دوای داگیركردنی لەلایەن ئێران، و گرتن و كوشتنی هەشت هەزار بارزانی بە تۆمەتی تێوەگلانیان لەو شەڕەدا دژبە عیراق.
5-دانانی عەلی حەسەن مەجید (عەلی كیمیاوی) بە حاكمی عەسكەری گشتی لە كوردستان كە چەكی كیمیایی دژی ناوچەكانی كوردستان بەکارهێنا، بە بۆردومانی (16) گوند و شارۆچكە لە سلێمانی (12) گوند لە هەولێر (9) لە دهۆك لەگەڵ ناوچەی شوان لە كەركوك پاشان شەقڵاوە لە 6/9/1987.
6-بۆردومانی دێهاتەکانی ئاشوورییەكان لەسەر سنووری عیراق و توركیا، ناوچەكانی كانی ماسی، شیش، تورمات، كیركە، بەرواری، باسەنی، ئاكاوا لە 7/9/1987 لەگەڵ قەڵادزێ و سورداش و مەرگە و هەورامان لە سلێمانی.
7-دوای ئازادکردنی هەڵەبجە لە 15/3/1988  پاش تەنها رۆژیك سوپای عیراق ئەو شارەی بۆردومان کرد بە چەکی كیمیایی  و نزیکەی پێنج هەزار هاووڵاتی شەهیدبوون زیاتر لە 10هەزار كەسیش برینداربوون.
8-هەموو راپۆرتە جیهانییەكان ئاشكرایانكردووە كە هێزەكانی عیراق (25) جار چەكی كیمیایی بەكارهێناوە لە ناوچە جیاجیاکانی كوردستان لەنێوان 15/4/1987 تا 2/8/1988.

ئەنفال
ساڵانی (1987 - 1988) خراپترین سەردەمی تاوان بوو كە بەرامبەر گەلی كورد کرا لە دوای سەدان ساڵ لە داگیركردنی كوردستانەوە لە لایەن ئەسكەندەری گەورە.
رۆژانی 17 و 18 و 19 ی مانگی شوباتی ساڵی 1988 سوپای عیراق دەستیكرد بە هێرشەكانی (ئەنفالی یەكەم) لە دۆڵی جافایەتی، دوكان، بنگرد، چوارتا، قەڵاچوالان، سەرچنار، سورداش، لە شاری سلێمانی.
 (ئەنفالی دووەم) لە22/3 تا 1/4/1988 لە ناوچەی قەرەداغ ، بازیان، دەربەندیخان. 
لە7-18/4/1988 ی ئەو ساڵە ئەنفالی سێیەم دەستیپێكرد لە ناوچەكانی چەمچەماڵ، سەنگاو، قادر كەرم، دوزخورماتوو، كفری، پێباز، تیلەكۆ تیایدا (500) گوندی كوردستان كە بریتیبوون لە (30) هەزار كەس، رێكخراوی (COAVR ژمارەی ئەنفالكراوانی ئەو ناوچانەی سەنگاو، تیلەكۆ، پێبازی بە (20) هەزار كەس مەزەندە كردووە لە14/4/1988، هیچ كامیان نەدۆزرانەوە جگە لە جلەكانیان كە پێوەی لە گۆڕنرابوون لە قۆرەتو و مەیدان. لە3 - 8ی ئایاری 1988 هێرشەكانی ئەنفالی چوارەم دەستیپێكرد بە درێژایی دۆڵی زابی بچووك لە ئاغجەلەر، چەمی رەزان، ناوشوان، دەشتی كۆیە، تەق تەق، شێخ بزێنی، خاڵخاڵان كە خەڵكی ئەو ناوچانە لە بەندیخانەی هەرمۆتە نزیك لە كۆیە زیندانی كران لە شارۆچكەی تەكیەش نزیك سلێمانی و تەق تەق ئینجا هەموویان لە ناوبران.
لە رۆژانی 15/5 بۆ28/8/1988 هێرشەكانی ئەنفالی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم كۆتایی پێهات لە دۆڵی بالیسان و دۆڵی ئالانە و دۆڵی سماقوڵی و دۆڵی مەلەكان، دۆڵی وەرتێ و دۆڵی هیران كە خەڵكی ئەو ناوچانە لە سەربازگای تۆبزاوە كۆكرانەوە و بەرەو نوگرە سەلمان بران لە خوارووی خۆرئاوای عیراق. لە 25ی ئاب بۆ 16 ی ئەیلولی 1988  كۆتا هێرش بەڕێوەچوو لە ناوچەی بادینان لە زیوشكانەوە بۆ زاخۆ، لە خوارووی ئەتروش و دهۆكەوە بۆ سنووری نێودەوڵەتی نێوان عیراق و توركیا بە خاپووركردنی (403) گوند لەم هێرشەدا خەڵكەكەشی بەرەو سەربازگەی سەلامیە راپێچ كران. كۆی گشتی هەر هەشت هێرشەكانی ئەنفال (182) هەزار شەهید و بێسەروشوێنی كورد بوو لەگەڵ رووخانی (3000) گوندی كوردستان.

سوپای عیراقی نوێ دوای 2003

ئایدۆلوژیای سوپای نوێی عیراق پابەندە بە ستراتیژی سەربازی و ستراتیژی گشتی وڵاتەوە كە لەسەر بنەمانی دیموكراسیی رژێمی سیاسی بەرجەستە دەكرێت پاش رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام و حزبەكەی، سوپای نوێ هەڵقوڵاوی دەستوورە و پابەندە بە سیستمی فیدراڵی و بۆ هەموو پێكهاتەكانی گەلی عیراقە، سوپای پێشوو لەلایەن بریمەر حاكمی سیاسی عیراقەوە هەڵوەشایەوە، سوپای نوێ لەسەر ئەو پڕەنسیپانەی ئاماژەمان پێدا دامەزرایەوە، خزمەتی سەربازی سەپێنراو پیادە ناكرێت، بەڵكو خزمەتی خۆبەخش بۆ سەربازانی سوپا پەیڕەو دەكرێت.
گرنگە ئاماژە بە رۆڵی ئەفسەران بدەین كە هەمان ئەفسەرانی سوپای پێشوون بەتایبەتی پلە و پایە گەورەكان بەهۆی توانا و ئەزموونی زانستی تیۆری و پراكتیكیانەوە جگە لەو ئەفسەرانەی كە باسمان كرد، ئەفسەرانی پاش (2003) دەرچووانی كۆلێجە سەربازییەكانی بەغدا و ناسریە و قەڵاچوالان و زاخۆ رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە هەموو بوارەكانی سوپای نوێدا.
سوپای ئێستا بریتییە لە (14) فیرقە و (2) فیرقەش لە بواری دامەزراندندایە لە تكریت و ئەنبار لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عیراق و (10) فەرماندەیی حەشدی شەعبی و خولی بەردەوام لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانانەوە بۆ بەزانستیکردن و بەرزكردنەوەی توانای سەربازی بەرەو سوپایەكی نیشتمانی.

هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە دامەزراوەی سیستمی سەربازی عێراقی نوێ

 

 
سەرچاوەكان
١-الجیش العراقي، الذكری الستون ٦ ك٢ ١٩٢١ -١٩٨١.
٢- العقید الركن احمد الزیدي، البناء المعنوي للقوات المسلحة العراقیة ١٩٩٠.
٣-دیبورا جیرنر، ترجمة أحمد عبدالحمید أحمد، الشرق الاوسط المعاصر، ٢٠٠٣.
٤- دیفید ماكدویل، التأریخ الحدیث لاكراد، لندن ١٩٩٦.
٥- جرجیس فتح الله، زیارة للماضي القریب، ستوكهولم ١٩٧٧.
٦- خلیل أسماعیل محمد، فرز مناطق هجمات الانفال فی أقلیم كوردستان العراق.

* فەریقی خانەنشین ساڵی 2020.
دەرچوی كۆلێژی سەربازی عیراق - بەغدا 1974 خولی (52)، بەكالوریوس لە زانستی سەربازی.
دەرچوی كۆلێژی بەرگریی نیشتمانی بەغدا 2007 خولی یەكەم، ماجستێر لە نەخشەی ستراتیژی بۆ ئاسایشی نیشتمانی.

#حکومەتی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان