پەرلەمانتارانی یەكێتی لە بەغدا و وەزیری دادی عیراق، هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی گەڕەكی نەورۆز لە كەركوك دەدەن و سكاڵای دانیشتوانی گەڕەكەكەیان گەیاندووەتە سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی عیراق.
سەرۆك وەزیران لە ناڕەزاییەكان ئاگاداركراونەتەوە
گەیلان قادر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر پشكی كەركوك بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: «هەوڵی چۆڵكردنی گەڕەكی نەورۆز لە كەركوك، بڕیارێكی نایاساییە و ئێمەی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەگەڵ خالید شوانی وەزیری دادی عیراق لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكەداین و ناڕەزایەتیی دانیشتوانی گەڕەكەكەمان لەلایەن خالید شوانی-یەوە گەیاندووەتە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی عیراق». وتیشی: «پێویستە ئەو هێزەی چۆتە گەڕەكەكە پاشەكشێ بكات، بۆ ئەوەش داوامان لە سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە بارودۆخەكە هێوربكاتەوە و رێگەنەدرێت مافی دانیشتوانی ئەو گەڕەكە پێشێل بكرێت».
فراكسیۆنی یەكێتی پشتیوانن
فراكسیۆنی یەكێتی پشتیوانی لە داواكاریی دانیشتوانی گەڕەكی نەورۆزی كەركوك دەكات و لە بەغداوە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیان دەدرێت.
سەباح حەبیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر پشكی كەركوك بە PUKMEDIAی وتووە: «مانەوەی سوپای عیراق لە گەڕەكە كوردنشینەكان كاریگەریی خراپی لەسەر ئارامیی شارەكە دەبێت و پێویستە بكشێنەوە، بۆ ئەوەش وەك فراكسیۆنی یەكێتی لەگەڵ دانیشتوانی گەڕەكی نەورۆزین و پشتیوانی داوا رەواكانیان دەبین و چارەسەری كێشەی گەڕەكەكەش دەكەینە دۆسێیەك و لە بەغداوە هەوڵی چارەسەركردنی تەواوەتی دەدەین».
گەڕەكی نەورۆز كە لە 124 ماڵ پێكهاتووە و زۆرینە كوردن، لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن قائیمقامی كەركوكەوە هێزێكی سەربازیی هەڵدەكوتێتەسەریان و داوایان لێدەكرێت خانووەكانیان چۆڵ بكەن.
بە بڕیاری بەسەرچوو كورد دەردەكرێت
هەر سەبارەت بە كێشەی دانیشتوانی گەڕەكی نەورۆز، د.ئەحمەد فاتیح كاندیدی دەرچووی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: «ئەم كێشەیە تەنها لە كەركوك نییە و لە ناوچە جێناكۆكەكانی دیكەش هەیە، بەڵام تەنها لە پارێزگای كەركوك دەیانەوێت كار بە بڕیارێكی كۆن بكەن و ئەو كوردانە دەربكەن». ئاماژەی بەوەشكرد كە «20 ساڵە دانیشتوانی گەڕەكی نەورۆز لە كەركوك، كە زۆربەیان كوردن، بەپێی یاسای پۆڵ بریمەر لەو گەڕەكە نیشتەجێن، بۆیە رێگەنادەین بێ هیچ قەرەبوویەك هەوڵی چۆڵكردنی ماڵەكانیان پێبدرێت، هەر عەسكەرتاریەتێكیش بۆ ئەو مەبەستە لە گەڕەكەكە هەبێت، رەتیدەكەینەوە و داوادەكەین ئەو هێزەی هاتووەتە گەڕەكەكە، بكشێنەوە».
رۆژی سێشەممە 2/1/2024 لەلایەن قائیمقامی كەركوكەوە هێزێكی سوپای عیراق چوونەتە گەڕەكی نەورۆز و داوایان لە دانیشتوانی گەڕەكەكە كردووە خانووەكانیان چۆڵ بكەن و بدرێت بە ئەفسەرانی سوپای عیراق. ئەوەش لەكاتێكدایە لەساڵانی رابردوودا چەندینجار دانیشتوانی گەڕەكی نەورۆز داوای تاپۆكردنی خانووەكانیان كردووە، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەدراوەتەوە.
PUKMEDIA