دیداری: ماردین عه‌بدولكه‌ریم
پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د.هێشوو سلێمان، کە ساڵی (1977) لە گه‌ڕه‌كی كانی ئاسكانی سلێمانی له‌دایكبووە، سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندن و ماسته‌ری له شاری سلێمانی ته‌واوكردووه، ده‌رچووی كۆلێژی پزیشكی ڤێتێرنێرییه و مامۆستای كۆلێژی پزیشكیی گشتییه، بۆ خوێندنی دكتۆرا و پۆست دكتۆرا چووەتە مالیزیا، له‌به‌ر سه‌ركه‌وتوویی له خوێندندا له‌و وڵاته، میدالێکی بڕۆنز و یەکێکی زیو و چوار میدالی زێریشی وه‌رده‌گرتووە. ئێستا خاوه‌نی (155) توێژینه‌وه‌ی زانستییه و له‌سه‌ر ئاستی عیراق خه‌ڵاتی یه‌كه‌مین و باشترین ژنه توێژه‌ری پێبەخشراوە، دایكی سێ كوڕی سیانه‌یه کە ته‌مه‌نیان پێنج ساڵ بووه كاتێک خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا و پۆست دكتۆراکەی ده‌ستپێکردووە.
دوای به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م هه‌موو پله زانستییه، ده‌یه‌وێت جارێكی‌تر بگه‌ڕێته‌وه و قۆناغی دوانزه‌ی زانستی بخوێنێت، ئه‌م بڕیاره بۆ ئێمه مایه‌ی سه‌رسوڕمان بوو تا له دیمانه‌یه‌كدا خه‌مه گه‌وره‌كه‌ی دركاند.
تۆیژینه‌وه‌كانی سه‌رچاوه‌ی زانستین
*كه‌ی یه‌كه‌م توێژینه‌وه‌ت ده‌سپێكرد، چۆن (155) توێژینه‌وه‌ت کردووە، له‌كاتێكدا دایكی سێ منداڵی سیانه بوویت؟
-ساڵی (2010)بوومه خوێندكاری دكتۆرا له زانكۆی شاهانه‌ی مالیزیا، كۆتایی (2012) یه‌كه‌م توێژینه‌وه‌م بڵاوبۆوه، كه پڕۆژه‌ی دكتۆراكه‌م بوو، له‌وكاته‌وه تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام سه‌رقاڵی توێژینه‌وه‌ی زانستیم، ئێستا خاوه‌نی (155) توێژینه‌وه‌م، كه زۆرترین ژماره‌یه له‌سه‌ر ئاستی عیراق و هه‌روه‌ها توێژینه‌وه‌كانم له‌لایه‌ن توێژه‌رانه‌وه وه‌ك سه‌رچاوه‌ی زانستی و كاریگه‌ر به‌كارده‌هێنرێن، به‌و هۆیه‌وه به باشترین ژنه توێژه‌ر له‌سه‌ر ئاستی عیراق دیاریكرام.
*زیاتر توێژینه‌وه‌كانت له‌چ بوارێكدا دەکەیت؟
-ماده‌ی رووه‌كیی سروشتی به‌كارده‌هێنم، كه ده‌بێ ئه‌و مادانه زیانبه‌خش نه‌بن و سوود و چالاكییان هه‌بێ، دواتر ده‌یانكه‌مه گه‌ردیله‌ی نانۆیی، دوای ئاماده‌كردنی ئه‌م ناتۆیانه، كه قه‌باره‌یان زۆر بچووكه و ماده‌ی سروشتی رووه‌كییان تێدایه، به‌كاریانده‌هێنم بۆ چاره‌سه‌ری سروشتی نه‌خۆشیی جیاواز بۆ نموونه شێرپه‌نجه‌ی خوێن و مه‌مك، جگه‌ر، كۆڵۆن و هێلكه‌دان، به‌شێكی زۆری توێژینه‌وه‌كانم له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌یە. كه له سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر ئاژه‌ڵ تاقیده‌كه‌مه‌وه، پاشان ده‌توانرێ بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه!
*كه‌واته ده‌توانی بڵێیت چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ت دۆزیوه‌ته‌وه؟
-بۆچه‌ندین جار له ئاژه‌ڵدا خانه‌ی شێرپه‌نجه‌ییم دروستكردووه و دواتر به‌و چاره‌سه‌رانه‌ی كه پێی گه‌یشتووم چاكم كردوونه‌ته‌وه، به‌ڵام كاره‌كه‌ی من نابێ لێره‌دا بوه‌ستێ، به‌ڵكو ده‌بێ بچێته قۆناغی جێبه‌جێكردنه‌وه و ببێته ده‌رمان، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه رووده‌دات و ئه‌وه بۆ چه‌نده‌مین جاره هاوار ده‌كه‌م، كه كاره‌كه‌ی ئێمه تاقیگه‌ی زانستی و كه‌لوپه‌ل و پشكنینی تاقیگه‌یی و پشتگیری ده‌وێت، به‌ڵام مامۆستای زانكۆ هیچ پێداویستییه‌كی له‌به‌رده‌ستدا نییه و ئەگه‌ر بمه‌وێ‌ت تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بكه‌م، ده‌بێت له‌سه‌ر گیرفانی خۆم بیكه‌م، له‌سه‌ر قووتی ماڵ و منداڵم، له‌كاتێكدا مووچه سێ مانگ دواکەوتووە، هه‌رچه‌ندە تاڕاده‌یه‌كیش ئه‌م كاره‌م كردووه.
هه‌شت پاكانه‌ی داهێنانی هه‌یه
*كه‌واته ده‌توانی بڵێیت ئه‌م كه‌مووكوڕییانه هۆكاری نه‌بوونی داهێنه‌ر و داهێنانه له هه‌رێمی كوردستان؟
-ئەگه‌ر به‌راوردێكی كاره‌كانم بكه‌م له نێوان هه‌رێمی كوردستان و مالیزیادا، ده‌توانم بڵێم له‌وێ سه‌رچاوه‌ی داهات بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌رده‌ستبوو، هه‌ربۆیه ئه‌وه هه‌رمن بووم له ماوه‌ی (6) ساڵ مانه‌وه‌دا توانیم (8) پاكانه‌ی داهێنان (براءة الا‌ختراع) به‌ده‌ستبهێنم، له‌به‌رانبه‌ردا (6)مه‌دالیام وه‌رگرتووه، برۆنز و زیوێك و چوار زێر بووه، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی هاتوومه‌ته‌وه زیاتر له (100) توێژینه‌وه‌م كردووه، به‌ڵام نه كاری پێكراوه و نه گرنگیشی پێدراوه، ته‌نانه‌ت به‌شداریی كۆنفرانسێكم نه‌كردووه، چونكه به‌شداریی كۆنفرانس بودجه‌ی ده‌وێ و زۆرجاریش وه‌زاره‌ت و سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ له كاتی وه‌رگرتنی ڤیزادا پشتگیریمان ناكه‌ن، رۆژانه چه‌ندین ئیمه‌یلم پێده‌گات بۆ به‌شداریكردن له كۆنفرانس و په‌خشكردنی پرۆجێكته‌كانم بۆ جیهان، كه بۆ من وه‌ك ژنه دكتۆرێكی كورد مایه‌ی شانازییه بۆ خۆم و نه‌ته‌وه‌كه‌م، له‌كاتێكدا خوێندكاره‌كانمان ئاسانتر له ئێمه ڤیزا وه‌رده‌گرن و سه‌ردانی وڵاتان ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌ك شكۆی مامۆستا ده‌شكێنێت.
ناتوانێ وه‌زیر ببینێ
*به‌ده‌نگه‌وه هاتنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بۆ پرۆجێكته‌كان چۆنه؟
-پڕۆپۆزه‌ڵی چه‌ندین پڕۆجێكتم پێشكه‌شی خوێندنی باڵا كردووه، بۆ نموونه ئه‌و گۆشتانه‌ی له قه‌سابخانه‌كان ته‌له‌ف ده‌كرێن، یه‌كێك بووه له پڕۆجێكته‌كانم، كه داوامكردووه دوای چه‌ند پرۆسێسێك بكرێته خواردنی له‌قوتونراو بۆ سه‌گ و پشیله، هه‌روه‌ها ئه‌و پێستانه‌ی كه به به‌هایه‌كی كه‌م ده‌فرۆشرێن به وڵاتانی دەوروبەر، هه‌ر ئه‌و پێسته‌یه، كه له ئه‌وروپا باشترین جۆری چاكه‌ت و قه‌مسه‌ڵه و پێڵاو و جانتاو قایشی لێ دروستده‌كرێت، كه نرخی هه‌ندێكیان ده‌گاته دوو هه‌زار دۆلار.
یه‌كێكیتر له پڕۆپۆزه‌ڵی ئه‌و پرۆجێكتانه‌ی كه داومه‌ته وه‌زاره‌ت، خوریی مه‌ڕه، كه ئه‌ویش دیسان به نرخێكی هه‌راجكراو ده‌درێته ئێران، كه ده‌كرێ چەندین جۆر مافوور و جلوبه‌رگی لێ دروستبكرێت، له‌به‌رامبه‌ردا له وڵاتان قوماش ده‌هێنین.
دڵنیام هیچ كام له پڕۆژه‌كانم نه‌گه‌شتۆته ده‌ستی وه‌زیر یان لیژنه‌ی پێویست، چونكه تائێستا هه‌شت جار ویستوومه وه‌زیر ببینم به‌ڵام نه‌متوانیووه بگه‌مه لای.
رووه‌كه‌كانی كوردستانی ناساندووه
*توانیویتە به‌هۆی ئه‌و هه‌موو توێژینه‌وه‌یه‌وه رووه‌كه‌كانی كوردستان به جیهان بناسێنیت؟
-رووه‌كه‌كانی كوردستان و سووده‌كانیانم به‌جیهان ناساندووه، بۆ نموونه، مێخه‌كی كێوی، به‌كاردێت بۆ چاره‌سه‌ری شه‌كره، كاشما، گرنگه هه‌موو كه‌سێک ساڵی جارێک بیخوات، به‌ڵام دەبێت بزانێت چۆن ئاماده‌ی ده‌كات، رۆنی گوێز بۆ چالاككردنی مێشك، كه واده‌كات دره‌نگتر تووشی نه‌خۆشی له‌بیرچۆته‌وه (ئه‌لزه‌هایمه‌ر) ببین.
پێنج مه‌دالیای وه‌رگرتووه
*باسی مه‌دالیاكانت بكه، ئه‌م پێنج مه‌دالیایه له‌به‌امبه‌رچی بووه؟
-یه‌كه‌م برۆنز بوو بۆ پڕۆژه‌ی دكتۆراكه‌م بوو، یه‌كه‌م جارم بوو به‌شداریی كۆنفرانس بكه‌م، بڕۆنزم وه‌رگرت، چونكه شاره‌زایی ته‌واوم له كۆنفرانس نه‌بوو، ناونیشانی نامه‌ی دكتۆراكه‌م (دۆزینه‌وه‌ی ماده‌ی ناتۆیی له پێكهاته‌ی رووه‌كی سروشتیی بۆ چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه‌ی خوێن) كه پاكانه‌ی داهێنانم پێ وه‌رگرت، پاشان ئیڤێنتێك رێكخرا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی پاكانه‌ی داهێنانیان وه‌رگرتووه، له‌وێشدا توانیم مه‌دالیای ئاڵتونی وه‌بگرم.
دواتریش به پڕۆژه‌ی دكتۆراكه‌م به‌شداریی هه‌ر كۆنفرانسێكم كردبێت میدالی ئاڵتونیم بردووه، دواجار له‌سه‌رئاستی زانكۆی شاهانه‌ی مالیزیا یه‌كه‌می سه‌رئاستی زانكۆ بووم و میدالی ئاڵتونیم وه‌رگرت، هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له میدالەکان له‌لایه‌ن شاژنی مالیزیاوه پێبه‌خشرا، له‌پای یه‌كه‌مبوونم له زانكۆ و هه‌وڵه‌كانم له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی خوێن.
*ئه‌نجامی پرۆجێكتی دكتۆراكه‌ت له مالیزیا كراوه‌ته ده‌رمان؟
-نه‌خێر، چونكه من دوای ته‌واوكردنی خوێندن، گه‌ڕامه‌وه كوردستان تا له وڵاته‌كه‌ی خۆمدا خزمه‌ت بكه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆم له‌و وڵاته‌دا نه‌ماوم، یاسا رێگه نادات ئه‌وان پڕۆژه‌ی من بخه‌نه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
رانكی زانكۆی به‌رزكرده‌وه
*بەو (155) توێژینه‌وه‌یە تاچه‌ند بوویتە هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی رانكی زانكۆی سلێمانی؟
-له‌راستیدا نه‌ك ته‌نیا من، به‌ڵكو مامۆستا به‌ڕێزه‌كانی زانكۆ زۆریان رۆڵیان هه‌بووه له به‌رزكردنه‌وه‌ی رانكی زانكۆی سلێمانی، پڕۆژه‌كانی منیش رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بووه له‌م بواره‌دا، له ساڵی (2014) كاتێک گه‌ڕامه‌وه كوردستان، رانكی زانكۆی سلێمانی له پله‌ی (12)هه‌زاردا بوو له‌سه‌ر ئاستی جیهان، خۆشبه‌ختانه ئێستا له پله‌ی (8)هه‌زاردایه.
زانكۆی سلێمانی پێشه‌نگه
*ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵه‌ی زانكۆی سەڵاحەدین پێش زانكۆی سلێمانی كه‌وتووه له‌رانكیندا ئه‌مه چۆنه؟
-پێوه‌ره‌كانی رانك له‌سه‌ر ئاستی جیهان جۆراوجۆرن، سلێمانی له‌و رانكه‌دا پله‌ی به‌رزه، كه زۆرترین نمره ده‌خرێته سه‌ر توێژینه‌وه، به‌ڵام هه‌ولێر له‌و رانكه‌دا له‌پێشه‌وه‌یه، كه پله‌ی زۆر ده‌خرێته‌سه‌ر، بۆ نموونه ئێریای ئاسووده‌یی خوێندنی خوێندكار یان یه‌كپۆشی خوێندكار یان ناونیشانی مامۆستا، به‌ڵام زانكۆی سلێمانی هه‌میشه رانكی له پێش هه‌موو زانكۆكانی عیراقه‌وه‌یه بەتایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌رزترین نمره له‌سه‌ر توێژینه‌وه داده‌نێن.
زانكۆی سلێمانی به سیاسی كراوه
*به‌رێزتان ئه‌ندامی چ كۆنفرانس و زانكۆیه‌كن؟
-له زانكۆ سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی گۆڤاره‌كانم بۆ پێدانی ناونیشانی زانستی به مامۆستایان، هه‌روه‌ها پێدانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتورا به خوێندكارانی خوێندنی باڵا. سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێدانی (پاداشت و سوپاس)م له‌پای بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاستبه‌رز، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوه‌ندی رانكینی هه‌ر پێنج كولێژی پزیشكیی گشتیی و ده‌رمانسازیی، ڤێته‌رنه‌ریی، په‌رستاریی و ددان- م، سه‌رپه‌رشتی ئه‌م پێنج كۆلێژه ده‌كه‌ین و له‌سه‌ر ئاستی ریزبه‌ندیی نیشتمانیی ساڵانه‌ی زانكۆكان داتا كۆده‌كه‌ینه و ده‌ینێرین بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، به‌داخه‌وه، ئه‌وه سێ ساڵه ئه‌نجامه‌كان راناگه‌یه‌ندرێ، چونكه سلێمانی یه‌كه‌مه و ئه‌م پرسه‌ش به سیاسی كراوه.
من ته‌نها ژنم كه ئه‌ندامی (ئه‌مێریكان مێدیكه‌ڵ رایته‌ر ئه‌سۆسییه‌شن)م ، هه‌ركه‌سێ له‌م رێكخراوه ئه‌ندام بێت ده‌بێت له (100) توێژینه‌وه كه‌متری نه‌بێت و نووسه‌ری بواری پزیشكی بێت، ئه‌م رێكخراوه بانگهێشتنامه‌یان بۆ كردم تا به‌شداریی كۆنفرانسه‌كه‌یان بكه‌م، چونكه توێژینه‌وه‌كه‌م وه‌رگیرابوو، هه‌موو پیداویستیی سه‌فه‌ره‌كه‌م ته‌واوكرابوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌ته هه‌رێم پشتگیریی نه‌كردم، نه‌متوانی به‌شداری بكه‌م.
ژنان به پیاوان به‌راوورد ناكرێن
*له‌دوای ئه‌م هه‌موو سه‌ركه‌وتنه، قسه‌ت چییه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ژنان به‌كه‌م ئه‌قڵ و كه‌م توانا وه‌سف ده‌كه‌ن؟
-له‌لای من شتێك نییه به‌ناوی به‌راورد له‌نێوان توانای ژنان و پیاوان، له‌به‌رئه‌وه‌ی توانای ژنان ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه هه‌رگیز به پیاوان به‌راورد ناكرێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی زانكۆ بكه‌ینه نموونه كه‌مترین رێژه‌ی ژنانی تێدایه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه ژنان له‌م وڵاته‌دا سه‌ركوت ده‌كرێن، له‌سه‌ر ئاستی خێزانیش من و هاوژینم پێكه‌وه له كۆلێژی ڤێتێرنه‌ری خوێندكاربووین، هێشتا ئه‌و هه‌ر له قۆناغی مامۆستایه‌تیدایه، به‌ڵام من له‌گه‌ڵ به‌خێوكردنی سێ كوڕی سیانه‌دا دوای ساڵ ونیوێكی تر پله‌ی پڕۆفیسۆری وه‌رده‌گرم هه‌رسێ كوڕه‌كه‌شم گه‌یاندۆته قۆناغی زانكۆ، به‌رای من ژنان به‌هێزن، به‌توانان، لێبوورده و لێهاتوون ئەگه‌ر به‌كه‌م سه‌یریان نه‌كرێت.
بۆ سەلماندنی قسەکانیشم دەڵێم: زانكۆی ستانفۆردی ئه‌مریكایی ساڵانه ناوی باشترین توێژه‌ره باشه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه، من وه‌ك توێژه‌رێكی ژن لـــــــه ریزبه‌ندی (2 %) ی باشترین توێژه‌ره‌كانی عیراق له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌ژماركراوم، كه تائێستا هیچ كه‌س پله‌ی یه‌كی نه‌بردووه.
توێژینه‌وه‌كانی ده‌كاته پیشانگە
*ئێستا بیرۆكه‌ی چ پڕۆژه‌یه‌ك له‌مێشكدایه؟
-بیرم له‌وه كردۆته‌وه، كه بۆ فۆتۆگراف یان وێنه‌كێشه‌كان به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌كه‌نه پیشانگە، بۆ منیش توێژینه‌وه‌كانم له پیشانگەیه‌كدا په‌خش نه‌كه‌م؟ هه‌ربۆیه به‌نیازی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌م و ده‌كرێ به‌مجۆره بتوانم ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه به توانا و ماندوبوونه‌كانم ئاشنابكه‌م.
سه‌نته‌ری توێژینه‌وه داده‌مه‌زرێنێت
*به‌م هه‌موو زیره‌كی و لێهاتووییه‌وه چۆنه كۆلێژی پزیشكیی گشتیت ته‌واو نه‌كردووه؟
-له به‌غدا نەشتەرگەرییم بۆ كرا و باوكم مۆڵه‌ته‌كه‌ی له‌به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره لێكه‌وتبوو، كه به چوار قه‌دی خستبوویه گیرفانیه‌وه، لێره چوومه لای پزیشکێک تا مۆڵه‌تێكی ترم بۆ بنووسێت، هه‌رگیز گه‌ردنی ئازاد ناكه‌م، چونكه مۆڵه‌تی بۆ نه‌كردم و به باوكمی وتبوو، ئه‌گه‌ر كچه‌كه‌ت هێنده زیره‌كه با 100 بهێنێ، لێره‌وه منیش به‌ڵێن ده‌ده‌م، كه یه‌ك هه‌نگاوم ماوه ببمه پڕۆفیسۆر، دوای ئه‌وه سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه داده‌مه‌زرێنم تابتوانم بژێوی ژیانم دابینبكه‌م و پاشان خۆم خانه‌نشین ده‌كه‌م و ده‌چمه‌وه پۆلی 12 و كۆنمره‌ی كۆلێژی پزیشكیی گشتی به‌ده‌ستده‌هێنم، كه له رابردوودا به‌جیاوازیی (1) نمره وه‌رنه‌گیرام، ئه‌م ئاواتهشم دەهێنمه‌دی ئەگه‌ر ته‌مه‌نم هه‌رچه‌ندێک بێت، چونكه لای من ته‌مه‌ن ته‌نها ژماره‌یه.