"نابێت مووچە لە 350 ھەزار دینار کەمتر بێت"

11:47 - 2024-01-06
کوردستان
195 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ھەرێم تەمەنی خانەنشینی و موچەی کرێکارانی دیاریکرد و دەڵێت، نابێت مووچەی کرێکار لە 350 ھەزار دینار کەمتر بێت.
مەریوان بەگۆک عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە ئێستادا 144 ھەزار و 930 کرێکار ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراوە و بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ی ساڵی 1987 پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ھەر خاوەن پڕۆژەیەک کرێکارەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بنێرێت تاوەکو خۆیان دەستەبەر بکەن.
وتیشی، لەو دەستەبەرەدا، 5٪ی مووچەی کرێکار و 12٪ی داھاتی خاوەن پڕۆژە دەخرێتە سەر سندوقی خانەنشینی و دوای ئەوەی کرێکارەکە خانەنشین بوو، خانەنشینییەکەی پێ دەدرێت.
دەشڵێت، بەپێی یاسا تەمەنی خانەنشینی پیاوان پێویستە کەسەکە تەمەنی گەیشتبێتە 60 ساڵ بێت و ھەروەھا دەبێت 20 ساڵ خزمەتی ھەبێت، بۆ ژنانیش دەبێت تەمەنی 55 ساڵ بێت و 20 ساڵیش خزمەتی ھەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە پرسی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، نابێت مووچەی کرێکار لە 350 ھەزار دینار کەمتر بێت.

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان