سۆشیاڵ میدیا نایەڵێت گەنجان بخەون

07:42 - 2022-05-29
ژینگە
788 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

سۆشیاڵ میدیا وێرای سوودەکانی، بەڵام ئەگەر زۆر و بە هەڵە بەکاربهێنرێت زیانی زۆرە، ئەوانەی تا بەرەبەیان بەدیار فیلم و مۆبایل و یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە دادەنیشن و بە رۆژ دەخەون، دەبێت بزانن هەرگیز کاتژمێرەکانی خەوی رۆژ جێی هی شەو ناگرنەوە، بۆیە هەمیشە کێشەی تەندروستییان بۆ دروست دەبێت و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا هەست بە زیانەکانی دەکەن، لە رووی زانستییەوە دەرکەوتووە لە شەو و رۆژێکدا پیاوان پێویستیان بە 7 سەعات خەو و ژنانیش نیو سەعات لەوان زیاتر هەیە.
تیشکی شاشەی مۆبایلەکان
زۆربەی گەنج  و لاوان شەو تا بەرەبەیان بە دیار لاپتۆپ و مۆبایل و ئایپاد دادەنیشن و خەریکی کەناڵەکانی سۆشیال میدیا و چات کردنن، ئەمە بۆتە خویەکی کۆمەڵایەتی زۆربەی کۆمەڵگاکان، بەپێی لێکۆڵینەوەی سەنتەرێکی ئەڵمانی ئەوانەی بە بەردەوامی سەیری ئەو جۆرە ئامێرانە دەکەن پێویستە بزانن ئەو تیشکەی لەو شاشانەوە بەر دەموچاویان دەکەوێت رێگری لە دەردانی مادەی پیلاتنیۆم دەکات کە تایبەتە بە خەواڵوکردنی مرۆڤ، جگە لەوەش ورد بوونەوە لە دیمەنەکانی ناو شاشەکان مێشک ئاڵۆز و جەنجاڵ دەکات، بەرپرسانی سەنتەرەکە دەڵێن: کەمخەوی هۆکاری قەڵەوییە، چونکە هاوسەنگی هۆرمۆنەکان تێکدەدات و جەستە هۆرمۆنی «جریلین» دەڕژێنێت کە تایبەتە بە برسی بوون، دەرکەوتووە ئەوانەی کەمتر لە 7 سەعات دەخەون دایمە خەواڵون و کێشی لەشیان بە بەردەوامی زیاد دەکات.
مرۆڤی بێ سوود بەرهەم دێت
توێژینەوەیەکی تری زانکۆی بۆن ئاشکرایکردووە، زۆربەی ئەو گەنجانەی زۆر خەریکی سۆشیاڵ میدیان بەهۆی کەمخەویەوە لە خوێندن تەمبەڵن و بیر و هۆشیان ناچێتە سەر وانەکان، بۆیە سەرکەوتوو نابن و قۆناغەکانی خوێندن بەباشی تێناپەڕێنن، بۆیە زۆربەیان یان زوو واز دەهێنن و کاسبی دەکەن یان هەر لە ماڵەوە بەو شێوە نامۆیە دەمێننەوە و تاقەتی هیچیان نامێنێت، دەبنە پاڵەوان و کەسایەتی کاراو چالاکی ناو سۆشیاڵ میدیا و مرۆڤی بێ بەرهەم و بێ تاقەت و بێ سوودی ناو کۆمەڵگا.
هۆکاری سەرشێتییە
توێژینەوەیەکی ئەمریکی سەلماندویەتی کەمخەوی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی کۆرتیزۆن لەناو جەستەی مرۆڤ ئەوەش کاری نەرێنی دەکاتە سەر کاربۆهیدرات و پرۆتین و چەوری ناو لەش، کەسەکە تووشی سەرئیشە و دڵەڕاوکێ و بێتاقەتی دەکات، لەم بارەشدا مێشکی بە تەواوی کارناکات و وادەکات کەسەکە بە هەڵە بیربکاتەوە یان رەفتاری ناژیرانە بکات، چونکە خانەکانی دەماغ پێویستیان بە حەسانەوە و پشوو هەیە بۆ ئەوەی ئەرکەکانی بەڕێکی جێبەجێ بکات، چونکە لەباری هیلاکیدا لە کارکردن هەڵە روو دەدات.
کەمخەوی دەبێتە هۆی نەخۆشی 
بەپێی توێژینەوەیەکی نەخۆشخانەی شاریتە لە بەرلین بەکارهێنەرانی شەوانەی سۆشیاڵ میدیا ئەوانەی بە درێژایی شەو ناخەون بۆ بەیانی توڕە و توندن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیاندا بێتاقەتن، بەرگەی گلەیی  و گازندە و رەخنە ناگرن و لە رووداوە بچوکەکاندا زوو هەڵدەچن، پسپۆڕەکان دەڵێن: ئەگەر کەسێک لە هەفتەیەکدا سێ جار بە شەو نەخەوێت یان تێرخەو نەبێت بۆ ماوەی مانگێک لەسەر یەک ئەم حاڵەتە دووبارە بێتەوە کەواتە ئەمە نەخۆشییە و دەبێت لای پزیشکی تایبەت چارەسەری بۆ دابنرێت، دکتۆرەکان دەڵێن: کەمخەوی دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرە پرۆتینێک لە لەشدا کە هۆکاری سەرەکی توشبوونە بە نەخۆشی زەهایمەر.
هەروەها کەمخەوی هۆکاری سەرەکی توشبوونە بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەکرە، جگە لەوەش هۆکاری توڕەیی و بێ ئۆقرەییە، دەبەنگی، بێسەروبەری، دڵ توندی و سەرشێتییە و ئەوانەی ماوەیەکی زۆر تێرخەو نابن لەوانەیە تووشی یەکێک یان زیاتر لەم نەخۆشیانە ببن هەروەها دەریش کەوتووە کە بەرگری لەش لاواز دەکات.
سەرچاوە: Menes Health، Passion Sante

بابەتە پەیوەندیدارەکان