دەروون محەمەد: ئامانجم پێشكەشكردنی باشترینە

12:26 - 2024-01-07
دیدار
398 جار خوێندراوەتەوە

دەروون محەمەد، ئامادەكار و پێشكەشكارە لە دەزگای میدیایی كوردسات، نزیكەی 18 ساڵە لە بواری راگەیاندن كار دەكات، پێشكەشكاری حەز و خولیای مناڵی بووە.
دەروون محەمەد بە دوالاپەڕەی راگەیاند: ساڵی 2005 لە راگەیاندن دەستبەكار بووم، لە ئێستادا ئامانجم پێشكەشكردنی باشترینە بۆ بینەرەكانم، شادبوونم بە راگەیاندن خولیای منداڵیم بوو، هەر ئەوەش وایلێكردم كەناڵی خاك وێستگەی دەسپێكی دەركەوتنی من بێت لە بەرنامەی منداڵان، جگە لە كەناڵی خاك و كوردسات، لە دوو رادیۆ وەك ئامادەكار و پێشكەشكاری دەیان بەرنامە كارم كردووە، ئێستاش لە دوو بەرنامە لە كوردسات پێشكەشكارم، بەرنامەی كوردسات مەگەزین كە وەك گۆڤارێكی هونەری و ئەدەبی و كەلتوری گرنگی دەدات بە هەموو چالاكی هونەرمەندان و ئەدیب و نووسەران لە هەر چوار پارچەی كوردستان و تاراوگە، بەرنامەی سێوی سەوز كە بەرنامەیەكی تەندروستییە، جگە لەم بەرنامانە دەیان بەرنامەی تایبەتم لە بۆنە و یادەكاندا پێشكەش كردووە.
دەروون وتیشی، هەرگیز بیرم لەوە نەكردۆتەوە  راگەیاندن جێبهێڵم بۆ پیشەیەكی تر بە پێچەوانەوە پیشەی ترم جێهێشتووە بۆ راگەیاندن، ئامانجم ئەوەیە خزمەتی زیاتر و باشتر بە بینەری كورد بكەم لە هەر شوێنێك بن، هەروەها ئاڕاستە كردنی میدیا و راگەیاندن و باشتركردنی دەكەوێتە سەر ستراتیژی كاركردنی كەناڵەكان، بەڵام خۆزگە لەگەڵ دانانی بیرۆكەی هەر بەرنامەیەك لە هەر كەناڵێك سەرەتا بیر لەوە دەكرایەوە كە خێزان بینەرن نەك تاك، خوێندنەوە و گەڕانی بەردەوام و خۆئامادەكردن و بەردەوامی ئەزموونی زیاتری پێبەخشیم بە تایبەت لە كاری پێشكەشكارییدا، راگەیاندن خۆی كارێكی قورسە، ئەگەر رەگەزی مێ بیت ئەوە دوو هێندە قورسترە، بەڵام ئەگەر لە دەزگایەكی راگەیاندنی وەك كوردسات بیت كە باڵانسی جێندەری تیایدا تا رادەیەكی زۆر یەكسانە ئەمە بەشێكی زۆر لەو قورساییە كەم دەكاتەوە.
دیانا ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان