بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیكترۆنی بووەتە دیاردە

07:52 - 2022-05-29
ژینگە
802 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد

لەپاڵ جگەرە كێشانە باوەكەی جاراندا ئێستا جگەرەی ئەلیكترۆنی (ڤەیپ) بە جۆرەها قەبارە و رەنگ و شێوە و تامی شێواز لە بازاڕدا بڵاوبووەتەوە.
نرخیان بەپێی جۆر و قەبارەیان جیاوازە و زیاتر لەلایەن گەنجانەوە بەکاردەهێنرێت بە کوڕان و کچانەوە، زیانە تەندروستییەکانی لە جگەرەی ئاسایی کەمتر نییە.
ئەحمەد محەمەد گەنجێكی تەمەن 20 ساڵە و وتی: ماوەیەكی زۆرە هاوڕێكانم جگەرەی ئەلیكترۆنی دەكێشن، منیش وەك مۆدێلێك چاوم لێیان كردووە و دەیكێشم و بەکارهێنانی ئاسانە، وتیشی: پەشیمانم لە كێشانی، بەڵام تازە ئالوودەی بووم و وازهێنانم لێی قورسە، بەهۆی تام و بۆنە جیاوازەکانییەوە زیاتر سەرنج رادەکێشێت و وا دەکات بەردەوام بەکاری بهێنیت.
ئاودێر كەریم تەمەنی ٣٠ ساڵە و وتی: بۆ وازهێنان لە جگەرەی ئاسایی ماوەیەکە جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکێشم و بەرنامەمدایە ماوەیەکی تر بە تەواوی تەرکی بکەم و ئەمیش فڕێبدەم.
عەلی جومعە خاوەنی دوكانی فرۆشتنی جگەرە ئەلیكترۆنییەكانە دەڵێت: چین و توێژە جیاوازەکان بە تەمەن و رەگەزی جیاواز روو لە دوکانەکەم دەکەن بۆ کڕینی جگەرەی ئەلیکترۆنی، هەندێكیان لە رووی كوالێتییەوە بە كەڵك نایەت ‌و نرخیشیان لەنێوان 10 ـ 25 هەزار دیناردایە.
کێشانی جگەرە ئاسایی بێت یان ئەلیکترۆنی، زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە دەریا ئەحمەد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لەسەر زیانەكانی كێشانی جگەرەی ئەلیكترۆنی بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لەڕووی تەندروستییەوە کێشانی جگەرە لە ژێر هەر ناو و جۆرێکدا بێت زیانی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە.
وتیشی، جگەرە ئەلیکترۆنییەکان جۆری ئەو مادانەی تێیدەکرێتەوە کە بۆن و تامی جیاوازی هەیە جۆری مادەکانیان جیاوازە بێ کوالێتین و هۆکارن بۆ توشبوون بە  نەخۆشییەكانی قۆڵۆن و سییەكان و شێرپەنجە.
ئەو پزیشکە باسی لەوەکرد، جێی داخە کە هاووڵاتیان گوێ بە رێنماییە تەندروستییەکان نادەن و ریكلامە بازرگانییەكان زیاتر رۆڵی خۆیان دەگێڕن و هانی گەنجان دەدەن بۆ بەکارهێنان بەبێ گوێدان بە زیانە تەندروستییەکانی. 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ژنانیش ئالودەی كێشانی جگەرەی ئەلیكترۆنی بوون، هەندێک لەو ژنانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون و بۆ چارەسەر سەردانیان دەکەن جگەرە کێشن و قۆناغێكی گەورەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەیان بڕیوە کە چارەسەركردنیان ئەستەمە.
جگە لە زیانە تەندروستییەکان ئەو جگەرە ئەلیکترۆنییانە مەترسی تەقینیان هەیە بەڕووی بەکارهێنانیدا، وەک ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا بەڕووی گەنجێکی کەرکویدا تەقییەوە و بووە هۆی شێواندنی رووخساری. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان