دیانا ئەحمەد
سیروان سوحبەت عەزیز، هەواڵسازی بەشی عەرەبییە لە PUKmedia، لە رێگەی براكەیەوە خولیای بۆ راگەیاندنی لادروستبووە، ساڵی 2005 دەستپێكی بوو لە راگەیاندندا، ماوەی 18 ساڵە لە پیشەكەدا كاردەكات، ژنی هێناوە و خاوەنی 3 منداڵە.
سیروان سوحبەت بە دوالاپەڕەی راگەیاند: من كەسێكی ئارام و بەئەمەك و زۆر دڵسۆزم لە كارەكانمدا، حەزەكەم شتەكان وەك خۆیان بن، لە شوێنی كارەكەم حەزم لە پشتگوێخستن نییە، هەمیشە خێزانەكەم پشتیوانیان دەكردم تا بگەمە ئەو شوێنەی ئێستا لێی دەژیم، من لە رێگەی برا گەورەكەم فازلەوە عاشقی راگەیاندن بووم، براكەم بێژەر بوو لە كەناڵی كوردساتی عەرەبی، لە ساڵی 2005 چوومە ناو میدیاكانەوە، لە زۆر كەناڵدا كارم كردووە، وەك رادیۆی نەوا، ماڵپەڕی PUKMEDIA، رۆژنامەی الاتحاد، كە لە بەغدا دەرچووە، بۆیە میدیام هەڵبژارد و پێمخۆشبوو لە هەواڵی سیاسیدا كاربكەم.
سیروان وتیشی، من لە ساڵی 2005ەوە تا ئێستا، واتە 18 ساڵ لە بواری میدیادا بووم، سەرەتا میدیا بۆ من خولیایەكی گەورە بوو، بەڵام دوای ئەوە بوو بە ئامرازێك بۆ دابینكردنی بژێوی ژیان، چونكە بارودۆخی هەرێمی كوردستان، وەك دەزانن، زۆر خراپە و بابەتە ئابوورییەكان نزمە، ئامانجم لە راگەیاندن ئەوەیە راستییەكان بە هاووڵاتیان بگەیەنم، میدیا رێگەیەكە بۆ ئەوەی بزانیت لە جیهاندا چی روودەدات، لە بەشی هەواڵدا لە زۆر ئەركدا كارم كردووە، لەوانە گوێگرتن لە هەواڵەكان، هەروەها وەك نووسەری هەواڵ، جگەلە كارەكانم وەك بەرهەمهێنەری دەنگیش كارم كردووە، میدیای كوردی سەركەوتوو و گەشەسەندووە، بەڵام كۆمەڵێك كەموكوڕی هەیە كە دەبێت بە هاوكاری نێوان هەموان چارەسەر بكرێن، هەرگیز بیرم لەوە نەكردۆتەوە میدیا بەجێبهێڵم، چونكە زۆرم خۆشدەوێت و ئەزموون و شارەزایی گەورەیان بۆ دابین كردم، ئەزموونی میدیا زۆر گرنگترە لە بڕوانامەی زانكۆ، بەڵام ئەمە نكوڵی لەوە ناكات كە بڕوانامەكەش گرنگە، من هێشتا خۆم بە خوێندكار دەزانم و بەدوای زانیاری و ئەزموون لە كەسانی دیكە دەگەڕێم، لە میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژنامەنووس و زەبەلاحی گەورە هەن و هەموویان نموونە و مامۆستای منن و سڵاویشم بۆ هەموویان هەیە.