بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر، پێشوازیكرد لە وەفدێكی باڵای هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی جۆوڵ ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا.
لە كۆبوونەوەیەكدا، كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان و ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و مارك سترۆ كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەبوون، دوایین گۆڕانكارییە ئەمنی و سەربازییەكان و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، جەختی لە سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كردەوە لەپێناوی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و رایگەیاند: هەوڵەكانمان بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات بەردەوامە و كارەكانمان بە ئاڕاستەی دوورخستنەوەی وڵاتە لەو دۆخە ناسەقامگیرەی ناوچەكەی تێكەوتووە، بۆ ئەوەش لەگەڵ هێز و لایەنەكان لە هەماهەنگیداین و نامانەوێت وڵاتەكەمان ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێكان.
لەبارەی رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و سەرخستنی هەوڵەكان، سەرۆك بافڵ، رایگەیاند: لە هەوڵەكانمان بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایە بەردەوامین و دەمانەوێت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و یەكسانی، هێزێكی نیشتمانیی تۆكمە بونیادبنێین. هەموو ئیرادەیەكیش لە دەرەوەی ئەم نیەتە رەتدەكەینەوە و نامانەوێت بەرژەوەندیی حزبی تێكەڵی ئەم پرسە نەتەوەییە بكرێت.
لەبەرامبەردا، جۆوڵ ڤاوڵ، سوپاسی هاوكاری و هەماهەنگییەكانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی كرد لەڕێگەی دەستپێكردنەوەی ئەرك و چالاكییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و چارەسەركردنی كێشەكانی وەزارەتەكە.