مه‌ریوان مه‌سعود
كه‌سایه‌تییه‌كی جیاوازی هه‌بوو، هێمن تا تۆ بته‌وێت، ئارام تا دڵ پێی خۆش بێت، مه‌زن تا چاو هەتەر بكات.
كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزی هه‌بوو، وره‌ی پێده‌به‌خشیت بێ ئه‌وه‌ی خۆت هه‌ستی پێبكه‌یت، هه‌میشه مرۆڤه‌كانی به به‌رزیی ده‌بینی، هه‌رگیز جیاوازی نه‌ده‌كرد له نێوان جیله‌كاندا، له‌گه‌ڵ گه‌نج، گه‌نج بوو، له‌گه‌ڵ ره‌فیقه‌كانی خۆشی مامۆستا مه‌حموده‌كه‌ی شاخ بوو.
مه‌حمودی مه‌لا عیزه‌ت، ناوێكه تا ئه‌به‌د جێگەی شانازییه بۆ كورد، جێگەی به‌خشش و ئومێدێكی بێ وچانه بۆ هه‌موان.
مامۆستاكه‌ی ئێمه كه له ساڵی 1939 له شاری سلێمانی له دایكبووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌وێ ته‌واوكردووه و له ساڵی 1962دا، له‌زانكۆی به‌غدا له به‌شی مێژوو به‌كالۆریۆسی وه‌رگرتووه و پاشان بووه به مامۆستای مێژوو، كه چه‌ندین نه‌وه‌ی خوێنده‌وار له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و پێگه‌یشتوون، ئه‌م تێگه‌یشتنه قووڵه‌شی له مێژوو وای كردووه، ببێته چرایه‌كی گه‌ش بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی كورد و كوردستان، به‌تایبه‌ت (جه‌مهوریه‌تی كوردستان) له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا.
مامۆستا مەحمود، جگه له‌وه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تای خه‌باتی شاخه‌وه یه‌كێك بووه له تێكۆشه‌ره سه‌نگین و به هه‌ڵوێسته‌كان، ئه‌م درێژه‌دانه به خه‌باته‌شی وایكرد له‌لایه‌ن ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی به‌عسه‌وه، له ساڵانی 1980 بۆ 1981 به‌تاوانی چالاكی سیاسی ده‌ستگیر بكرێت و دواتر به هۆی ئه‌و خۆڕاگرییه‌ی له زیندان و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌لاده‌كانی به‌عس هه‌یبوو، كه ته‌نانه‌ت تووشی نه‌خۆشییه‌كی قورسی گه‌ده و وه‌ستانی گورچیله‌یه‌كیش بوو، به‌ڵام هه‌ر كۆڵی نه‌دا و ئیعترافی له‌سه‌ر هیچ شتێك نه‌كرد، بۆیه به‌ناچاری ئازادیان كرد.
مامۆستا مه‌حمود، كه زانی ئیتر كوردستان و سلێمانی بۆ ئه‌و ئه‌مین نییه و هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت ده‌ستگیری ده‌كه‌ن و هه‌راسانی ده‌كه‌ن، بۆیه بڕیاریدا رێی ئاواره‌یی و تاراوگه بگرێته به‌ر و له سوید وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسی نیشته‌جێ بێت. له‌وێش هه‌ر به‌رده‌وام بوو له كاركردن و له ساڵی 1987 ه‌وه له ئه‌رشیفی هه‌رێمی شاری ئوپسالا له سوید دامه‌زراوه و تا گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان له كاره‌كه‌یدا به‌رده‌وام بووه. له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌رشیفێكی گه‌وره‌ی كۆماری كوردستانی كۆكردووه‌ته‌وه، كه بووه هۆی به‌رهه‌می چه‌ندین كتێب و سه‌رچاوه‌ی دانسقه بۆ خوێنه‌وارانی كورد.
مامۆستا مه‌حمود له ساڵی 2000ه‌وه كه گه‌ڕایه‌وه كوردستان، ئه‌زموونێكی نوێی كاركردنی ده‌ستپێكرد، ئه‌ویش كاركردن بوو وه‌كو سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، كه له‌و ئه‌ركه‌شیدا توانی سه‌لیقه و ئه‌زموونی خۆی بۆ ئێمه‌ی رۆژنامه‌نووسی ئه‌و سه‌رده‌مه وه‌كو بوخچه‌یه‌كی پڕ و چڕ بكاته‌وه و هه‌موان له سایه‌ی ئه‌زموونه ده‌گمه‌ن و زۆره‌كه‌یدا، توانیمان سوودێكی ئێجگار زۆر وه‌ربگرین، بۆیه هه‌میشه كه یادی كوردستانی نوێ ده‌كرێته‌وه، هه‌موومان ئه‌و مامۆستا و سه‌رنووسه‌ره نازداره‌ی خۆمان دێته‌وه یاد و هه‌رگیز له یاد و یاده‌وه‌رییمان ده‌رناچێت.